بەرگری شارستانی گەرمیان: خەڵک گوێ لە رێنماییەکان ناگرن و بەردەوامن لە مەلەکردن لە روباری سیروان
هەواڵ
02:13PM - 2026-06-22 , بینین : 42


رادیۆی دەنگ

لەبارەی بڕیاری قەدەغەکردن یان سنوردانان بۆ مەلەکردن لەسەر روباری سیروان، بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی گەرمیان دەڵێت: بڕیاری وا جێبەجێ ناکرێت، چونکە ئێمە لەکاتێکدا بەدوای تەرمی ئەو گەنجەدا دەگەڕێین کە لەم رۆژانەدا خنکا، کەچی خەڵکی سڵ ناکەنەوە و هەر بەردەوامن لە مەلەکردن.

لەماوەی ٦ مانگی ئەمساڵ ۳ کەس بەهۆی مەلەکردنەوە لەسەر روباری سیروان خنکاون. بەمهۆیەشەوە بەشێک لە هاوڵاتیان پێیان باشە سنورێک لە ناوچە مەترسیدارەکان بۆ مەلەکردن لەسەر روبارەکە دابنرێت، بەشێکی دیکە پێیانوایە هەر قەدەغە بکرێت باشترە.

ئیبراهیم محەمەد، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی گەرمیان بۆ رادیۆی دەنگ وتی: سیروان مەودایەکی دورودرێژی هەیە، فراوانە، شوێنێکی تایبەتی نییە خەڵک بچێت بۆ مەلەکردن، خەڵک گوێ لە رێنماییەکان ناگرێت، بۆیە کارەساتی بەمشێوەیەی لێ دروست دەبێت.

وتیشی: ئاوی سیروان خێرا و لێڵە، بۆیە مەلەکردن تێیدا مەترسیدارە و روبارەکە شیاوی مەلەکردن نییە.

دەشڵێت: بەڵام خەڵک گوێ ناگرێت، لەکاتێکدا حاڵی حازر ئێمە بۆ تەرمی ئەو گەنجە دەگەڕێین کە چەند رۆژێک بەر لە ئێستا خنکا، کەچی گەنج و خێزان دەچنە سەر روبارەکە و مەلە دەکەن.

لەبارەی قەدەغکردنی مەلەکردن لەسەر روبارەکە، ئیبراهیم محەمەد وتی: لە قەزای دەربەندیخانەوە تاوەکو ناحییەی گوڵاڵە سنوری بەرگری شارستانی گەرمیانە، ماوەکە فراوانە و ئێمەش بەهۆی کەمی کارمەند و ئۆتۆمبێلەوە، پێمان کۆنترۆڵ ناکرێت کە نەهێڵین هاوڵاتیان مەلە بکەن.