لەسەر 'دزی' ـیەکەی کەمپی قۆرەتو ۳ کەس دەستگیرکران
هەواڵ
12:26PM - 2026-06-01 , بینین : 149


رادیۆی دەنگ

بەتۆمەتی دزینی ۳ ماتۆڕی ئاو لە کەمپی قۆرەتو، لەلایەن پۆلیسەوە سێ کەس دەستگیر کران، ئەمەش پاش زیاتر لە ٦ مانگ لە تاوانەکە.

سۆران حەمەغەریب، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: سێ کەس دەستگیرکراون بەتۆمەتی دزینی ۳ ماتۆڕی ئاوی نێو کەمپەکە.

وتیشی: تۆمەتبارەکان لەبەردەم دادوەر دانیان بەتاوەنەکەیاندا ناوە، لەسەرەتای لێکۆڵینەوەوە بەپێی ماددەی ٤٤٦ راگیراون و چاوەڕێی بڕیاری دادگان بۆ سزادانیان.

پێشتر رادیۆی دەنگ لەسەر زاری سەرچاوەیەک لە پۆلیسی گەرمیانەوە بڵاویکردەوە: لە پشوی سەری ساڵدا هەندێک کەس هاتونەتە نێو کەمپەکە و سێ ماتۆڕی گەورەی ئاویان بردوە، یەکێک لە هۆکارەکانی ئاسان ئەنجامدانی کردەوەکە، لێکردنەوەی کامێراکانی چاودێریی کەمپەکە بو.

جگە لەبابەتی دزینی سێ ماتۆڕی ئاو، رادیۆی دەنگ پێشتر لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد کە کەمپی ئاوارەکانی قۆرەتو کەلوپەلەکانی کە مەزەندە دەکرێت نرخیان بای نیو ملیۆن دۆلار بێت، لەجێگای خۆیدا نەماون، ئیدارەی گەرمیانیش هەر ئەو دەمە وتی: کەرەستەکان دراون بە فەرمانگەکانی دیکە.