بەڕێوبەری ئاوی كەلار: ناتوانین ئاو بدەین بەو زەویانەی کە دابەش دەکرێت بەسەر فەرمانبەراندا
هەواڵ
08:12PM - 2026-05-21 , بینین : 76


رادیۆی دەنگ

بڕیارە لە قەزای کەلار ۲۲ هەزار پارچە زەوی دابەش بکرێت بەسەر فەرمانبەراندا، بەڕێوبەری ئاوی کەلاریش دەڵێت: بەم بڕە بەرهەمە ئاوەی ئێستا لە قەزاكە هەیە ناتوانرێت ئاو بدرێتە ئەو زەوییە نوێیانەی فەرمانبەران و گرفتی ئاویان بۆ دروستدەبێت

موراد جمهور، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی ئاوی كەلار، بە رادیۆی دەنگی راگەیاند: ناتوانین ئاو بدەین بەو زەوییە نوێیانەی كە دەدرێت بە فەرمانبەران، چونكە پاڵاوگەی دوەمی ئاوی كەلار توانای بەرهەمهێنانی ٢ هەزار و سەد مەتری ئاوی هەیە لە كاتژمێرێكدا، ئەمەش تەنها بۆ ئێستای كەلار دەتوانێت ئاو دابین بكات

وتیشی: بڕیارە سێیەم پاڵاوگەی ئاو دروستبكرێت و ئەگەر ئەم پاڵاوگەیە تەواوببێت ئەوكاتە گرفتمان نامێنێ و دەتوانین ئاو بدەین بە هەمو كەلار بە زەوییەكانی فەرمانبەرانیشەوە.