وەبەرهێنانی گەرمیان لەبارەی پرۆژەی سەگرمەوە: کۆمپانیا و هاوڵاتی دەبێت پابەندی گرێبەست بن
هەواڵ
08:12PM - 2026-05-19 , بینین : 324


رادیۆی دەنگ

بەڕێوبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی گەرمیان لەبارەی پرۆژەی سەگرمەوە دەڵێت: پێویستە کۆمپانیا و هاوڵاتیان پابەندی گرێبەست بن، ئەگەرنا خۆیان باجی دەدەن.

هونەر مەحمود، بەڕێوبەری گشتی وەبەرهێنانی گەرمیان، بە رادیۆی دەنگی راگەیاند: پێویستە ناوەڕۆکی گرێبەستی پرۆژەی نیشتەجێبونی فەرمانبەران "سەگرمە" جێبەجێ بکرێت و حەقی هیچ لایەک نەخۆرێت، هەرلایەکیش کەمتەرخەم بێت لە جێبەجێکردنی گرێبەستەکە، پێویستە باجەکەی بدات.

وتیشی: ئەگەر کۆمپانیا لەکاتی خۆیدا پرۆژەکەی تەواونەکرد بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکەین، بەڵام ئەوەش بیانو نییە بۆ تەواونەکردنی پرۆژەکە، چونکە تەواو نەکرێت کەمتەرخەمییە و رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

دەشڵێت: هەرکات کۆمپانیا یەکەکانی تەواو کرد و هاوڵاتی پارەی نەدا بەپێی گرێبەستەکە، دەتوانێت یەکەکانیان لێوەربگیرێتەوە.

بەپێی وتەی بەڕێوبەری گشتی وەبەرهێنانی گەرمیان، دەبێت کۆمپانیا دوجار پابەندی گرێبەست بێت، جارێک گرێبەستی جێبەجێکردن، جارێکی تر گرێبەستی فرۆشتن، هەروەها هاوڵاتیش دەبێت پابەند بێت بەو گرێبەستەی کە کردویەتی.

پرۆژه‌ى یه‌كه‌ى نیشته‌جێبونى فه‌رمانبه‌ران له‌لایه‌ن كۆمپانیاى سه‌گرمه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت، خۆى له‌ هه‌زار و 465 یه‌كه‌دا ده‌بینێته‌وه‌ و له‌ رێکەوتی 1ـی 4ـی 2022 ده‌ستى به‌كاره‌كانى كردوه‌، به‌پێى ئه‌و گرێبه‌سته‌ش كه‌ هه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت پرۆژه‌كه‌ به‌ كۆى بڕگه‌كانیه‌وه‌ له‌ماوه‌ى 48 مانگدا ته‌واو بكرێت.

هەرچەندە ئێستا ماوەی یاسایی پرۆژەکە تەواو بوە، بەڵام بەڕێوبەری گشتی وەبەرهێنانی گەرمیان ئاماژەی بەوەدا، کۆمپانیاکە داوای درێژکردنەوەی وادەکەی کردوە.

وتیشی: رۆژانی هەینی و پشو و جەژن و ئەو رۆژانەی بەهۆی هۆکاری سروشتیی وەکو باران و لافاو کارنەکراوە، بۆی هەژمار دەکرێت ئەمەش دوای رازییبونی دەستەی وەبەرهێنان.