لە گەرمیان "کۆمپیوتەر" دەبێتە وانەیەکی تیۆریی و تاقیگەکانی داخراون
هەواڵ
09:10PM - 2026-05-10 , بینین : 44


رادیۆی دەنگ

لە سەردەمێکدا کە جیهان لە قۆناغی دیجیتاڵیدایە، لە ناوەندەکانی خوێندنی سنوری گەرمیان وانەی کۆمپیوتەر خەریکە بەتەواوی مۆدێلە پراکتیکییەکەی لەدەست دەدات و دەگۆڕێت بۆ وانەیەکی وشکی سەر کاغەز. بەهۆی لەکارکەوتنی ئامێرەکانەوە، خوێندکاران تەنها بە تیۆریی باس لە تەکنەلۆژیا دەکەن و دەستیان بە هیچ تاقیکردنەوەیەکی پراکتیکی ناگات.

هەردی عەباس، مامۆستای پسپۆڕی کۆمپیوتەر، لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی دەنگ، پەردەی لەسەر دۆخە مەترسیدارەکەی ناو تاقیگەکان لادا و رایگەیاند: پڕۆسەی فێربونی وانەی کۆمپیوتەر بەبێ لایەنی پراکتیکی هیچ بەهایەکی زانستی نییە، بەڵام لە ئێستادا خوێندکارانمان لە سادەترین مافی پراکتیکی بێبەشن.

وتیشی: زۆربەی ئەو کۆمپیوتەرانەی لە هۆڵەکاندایە، تەمەنیان لە نێوان ١٠ بۆ ١٥ ساڵدایە و بەکەڵکی هیچ سۆفتوێرێکی سەردەمیانە نایەن، یاخود بەتەواوی لەکارکەوتوون.

ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم کێشەیە وایکردوە وانەی کۆمپیوتەر لە وانەیەکی کاراوە ببێتە بارگرانییەکی تیۆریی بەسەر خوێندکارانەوە. وتیشی: جێی داخە لە وڵاتێکی دەوڵەمەندا بودجە بۆ نوێکردنەوەی تاقیگەیەک نەبێت، لە کاتێکدا سەرپەرشتیارانیش وەکپێویست کێشەکەیان نەگەیاندوەتە لایەنە پەیوەندیدارەکان.

لە بەرامبەر ئەم رەخنانەدا، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی گەرمیان، دانی بەوەدا نا کە لایەنی پراکتیکی وانەکە توشی پەککەوتن بوە.

ئەرسەلان پەرۆش، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: "قەیرانی دارایی و ئاڕاستەکردنی تەواوی داهات تەنها بۆ دابینکردنی موچە، وایکردوە نەتوانین وەکپێویست پێداویستییەکانی تاقیگەکان و ئامێرە نوێیەکان دابین بکەین".

وتەبێژی پەروەردەی گەرمیان جەختی لەوەشکردەوە کە سەرەڕای ئاستەنگە داراییەکان، لە هەوڵدان بۆ ئەوەی لەڕێگەی دیکەوە یان لەگەڵ باشبونی بودجە، ئەم گرفتانە چارەسەر بکەن، تاوەکو خوێندکاران بتوانن بگەڕێنەوە سەر کورسیی تاقیگەکان و وانەی پراکتیکی بخوێنن.