گومان دەکرێت بەشە غازی گەرمیان رەوانەی ناوچەکانی دیکە بکرێت
هەواڵ
08:23PM - 2026-04-19 , بینین : 76


رادیۆی دەنگ

دابەشکردنی غاز لە گەرمیان لە چاو پێشوتر کەمی کردوە، بەشێک لە وەکیلەکانی غاز دەڵێن: "غازمان کەم پێدەدرێت و ماڵی زۆرمان لەسەرە"، نەوت و کانزاکانی گەرمیانیش بێوەڵامە، ئەمەش گومانی ئەوەی دروست کردوە بەشە غازی گەرمیان رەوانەی ناوچەکانی دیکە بکرێت.

لە گەرمیان ئەو کارگانەی غاز دێنن و دابەشی دەکەن بەسەر وەکیلەکاندا ئەگەر نۆ دانە بێت، هەر کارگەیەک ٦ تانکەری بەر دەکەوێت بۆ مانگێک، کە هەر تانکەرێک ۱٤ تەنە، ئەمەش بەواتای ئەوەی هەر تەنێک ٨۰ بتڵ غاز دەکات، بەم پێیە بێت لەگەرمیاندا بۆ مانگێک سەروی ٦۰ هەزار بتڵ لەکارگەکانەوە دەردەچێت.

 وەکیلێکی غاز لە گەرمیان بۆ رادیۆی دەنگ وتی: رۆژ نا رۆژێک ٤۰ غازم پێدەدرێت، ئەو گەرەکەی من غازی تێدا دابەش دەکەم نزیکەی ٦۰۰ ماڵ دەبێت، بەم پێیە بێت هەر ماڵێک ۳٥ رۆژ جارێک غازی بەردەکەوێت، ئەمەش لەکاتێکدایە لە پێشوتردا وەکیلەکان هەمو رۆژێک غازیان بار دەکرد لە کارگەکان.

بەشە غازی گەرمیان لە ناوچەکانی دیکە جیاوازە، ئەو غازەی گەرمیان بەری دەکەوێت لە پارێزگای کەرکوکەوە دێت و حکومەتی عێراقی دابەشی بەسەر بەڕێوبەرایەتی نەوت و کانزاکانی گەرمیان.

بەهۆی ئەوەی غاز دێتە گەرمیان و دابەشکردنی غاز لە چاو پێشتردا لە سنورەکە کەمی کردوە، گومان دەکرێت بەشە غازی گەرمیان رەوانەی ناوچەکانی دیکە بکرێت بەتایبەت سلێمانی و دەوروبەری.

گومانەکان لەوەوە سەرچاوەی گرتوە کە بتڵێک غاز لە ناوچەکانی سلێمانی و دەوروبەری نزیکەی ۳۰ هەزار دینارە، بەڵام لە گەرمیان بتڵێک نرخی ٨ هەزار و ٥۰۰ دینارە،

رادیۆی دەنگ لەبارەی ئەوەی بەشە غازی گەرمیان چەندە و چۆن دابەش دەکرێت و ئایا دەبرێت بۆ ناوچەکانی دیکە، چەند جارێک پەیوەندی بە یادگار فەتاح، بەڕێوبەری نەوت و کانزاکانی گەرمیانەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکانی بێوەڵام بو.