رادیۆی دەنگ
د. دڵپاک ئەحمەد، پسپۆری مەترسییە ژینگەییەکان ئاو
لافاو: یەکێکە لە گرنگترین کارەساتە سروشتییەکان کە مەترسی گیانی و ئابوری زۆری لێدەکەوێتەوە، و مەبەست لە پانتایی لافاوگر: ئەو ڕوبەرەیە کە بەهۆی لێشاوێکی زیاتر لە توانای دۆڵی ڕوبار، دروست دەبێت. مەترسی دوبارە بوونەوەی لافاو لە ڕوبار و لقە ڕوبارییەکاندا لە ناوچە وشک و نیمچە وشکەکاندا مەترسییەکی حەتمییەو هەڕەشەیەکی بەردەوامە، بە تایبەتی بە هۆکاری گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوا کە لەو چەند دەیەی کۆتاییدا دوبارەبوونەوەی زیادی کردووە. ڕوباری سیروان لە وەرزی بارانباریندا و بەڕێژەیەکی زۆرتر لە وەرزی بەهار بەهۆی باران و توانەوەی بەفر، گەورەترین لافاوەکان تیایدا ڕوودەدات، کە زیانی زۆر بە ژێرخانەکان، شوێنی نیشتەجێ بوون و زەوییە کشتوکاڵییەکان، دەگەیەنێت، بەگوێرەی بەرزی ئاستی لەبەرڕۆیشتنی ڕوبار و پیکی لافاو. گۆڕانی ئاووهەوا و زیادبوونی چڕی دابارین لە ئاوزێڵەکەی دا بووەتە هۆی زیادبوونی فریکوێنسی و توندی لافاوەکان، ئەم فاکتەرانەو چالاکییە مرۆییەکانی وەکو دروستکردنی بەنداو گۆڕانکاری لە بەکارهێنانەکانی زەوی، کاریگەری بەرچاویان لەسەر شێوازی لافاوی ڕوبارەکە هەبووە. بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی ئەنجام دراو لەسەر پانتایی لافاوگری ڕوباری سیروان ئەوە دەرکەوتووە لەو لافاوانەدا کە ماوەی گەڕانەوەیان ٢٥ ساڵە یاخود ٥٠ ساڵ، ژمارەیەکی زۆر لە بەکارهێنانەکانی نیشتەجێ بوون، پیشەسازی، بازرگانی، و خزمەتگوزاری بەدرێژایی کەناری ڕوبارەکە، چ لە شاری کەلار و چ لە ناوچە نیشتەجێ بوونەکانی دیکە، بەر لافاو دەکەوێت.
دیاری کردنی حەریمی ڕوبار: River Buffer Zone
حەریم یاخود حەرەمی روبار ئەو سنورەیە کە نابێت ئاوەدانی بنیادنانی تێدا بکرێت، بۆ ڕوبارە سەرەکییەکان بەنموونە (ڕوباری سیروان) بە زۆری حەریمەکە ٥٠-١٠٠ مەتر دیاری دەکرێت، لە لێواری دۆڵی ڕوبارەکەوە بەئاراستەی ڕاست و چەپی شانی ڕوبارەکە. ئەمەیان حەریمی یاسایی پێدەگوترێت، کە هەموو جۆرە بیناسازی و پرۆژەیەیەکی تری وەکو گەشتیاری تێدا قەدەغەیە، مەگەر ئەوەی لەسەرووی ١٠٠ مەترەوە هێندێک پرۆژەی گەشتیاری یان پرۆژەی کاتی بەمەرجی تایبەت ڕێگەیان پێبدرێت. دووەم جۆری حەریم پێی دەگوترێت حەریمی هایدرۆلۆژی کە پشت بە نەخشەی لافاو دەبەستیتFloodplain Mapping)) حەریمەکە بەو ناوچە دادەنرێت کە ئەگەری هەیە لە کاتی لافاوی ١٠٠ ساڵەدا (ئەو لافاوە گەورەیەی پێشبینی دەکرێت لە ١٠٠ ساڵدا جارێک ڕوو بدات) ئاو دایپۆشێت.
لە ڕووباری سیروان، بەهۆی ئەوەی دۆڵەکەی لە هەندێک شوێن بەرفراوانە، بەتایبەتی لەبەشی خوارەوەی شاری کەلار بەرەو خواروتر، حەریمی لافاو دەکرێت بگاتە ٢٠٠ بۆ ٥٠٠ مەتر لە هەندێک ناوچەی نزمدا. ئەوانەی کە لەوێنەکانی (١ و ٢) دەسنیشانکراون بەگوێرەی شوێن و فراوانی دۆڵی ڕوبارەکە و نزمی ئەو ناوچەیەی کە ڕوبارەکەی پێدا تێپەڕ دەبێت، حەرەمی ڕوبارن هەر لە ٥٠ مەترەوە بۆ ٥٠٠ مەتر دەست پێدەکات.

وێنەی (١) ڕوباری سیروان لە باکوری شاری کەلار

وێنەی (٢) ڕوباری سیروان لە بەشی خوارووی شاری کەلار
وێنەی(٣) لافاوی ڕوباری سیروان پیشان دەدات لەماوەی گەرانەوەی لافاو (٢ ساڵ- ٥ساڵ- ١٠ساڵ- ٢٥ساڵ- ٥٠ساڵ- ١٠٠ساڵ-٢٠٠ساڵ- ٥٠٠ساڵ- هەتاوەکو ١٠٠٠ساڵ)بە گوێرەی مۆدێلی هایدرۆلیکی (Hec-Ras) بۆ ڕوباری سیروان هەر لە خوارەوەی بەنداوی دەربەندیخانەوە هەتاوەکو دەرچوونی لە شاری کەلار، ئەوەی دەرخستووە کە لوتکەی لافاو (Flood Peak) (361.59 م٣/چرکە) لە ماوەی گەڕانەوەی ٢ساڵ دا دەبێت ، و بۆماوەکانی( 1000, 500, 200,100,50,25, 10,5) بەم شێوەیە دەبێت (484.4، 583.22، 729.5، 855.4 ، 997.2، 1157.1، 1405.8، 1651.1 م٣/چ) دەبێت. مەبەست لە فریکوێنسی یان ماوەی گەڕانەوەی لافاو واتا لافاوێک بەقەبارەی بۆنموونە ٤٨٤ م٣/چرکەیە لەماوەی ساڵێک لە ساڵەکانی پێنج ساڵی داهاتوو ئەگەری هاتنەوەی لافاو بەو قەبارەیە هەیە، کەواتە بوونی لافاوە قەبارە گەورەکان لە ماوەکانی ڕابردوودا لەڕوباری سیروان مانای ئەوەیە بۆ ماوەکانی ٢٥-٥٠ ساڵی ئایندە لافاو بە قەبارەو پیکی بەرزەوە دەگەڕێتەوە بۆیە هەموو ئەو دامەزراوانەی کە لە حەرەم و نزیک بە حەرەمی ڕوبارەکە دروست کراون لەبەردەم هەڕەشەی ژێرئاوکەوتندان.

وێنەی (٣)
مرۆڤ یان گۆڕانکاری سروشتی لە ڕوبارەکە دەبنە رێڕەوی جێهێڵراو، لەکاتی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوو بارانی زۆردا
هەموو ئەو دۆڵانە پڕدەبنەوە لە ئاو بەتایبەتی لەکاتێکدا کە بەنداوی دەربەندیخان
توانای گەنجینەکردنی ئاوی زیادەی لە ئاستی خۆی نامێنێت بۆیە سەرڕێژ دەکات و بە
ناچاری دەرگاکانی دەکرێنەوە کە ئەمەش مەترسییەکە بۆ بەشی خوارەوەی ڕوبارەکە.

وێنەی (٤) رێڕەوی بەجێهێڵراوی روبارەکە
- دوایین بابەتەکان
-
راپۆرتسیروان دەکشێت و کێڵگەکان دادەپۆشێت؛ ژمارەیەک جوتیار بەهۆی بەردانەوەی بەنداوی دەربەندیخانەوە زەرەرمەندبون
-
-
هەواڵبەڕێوبەرایەتی نەوت و کانزاکان: کێشەی کەمی غاز لەگەرمیاندا نییە و نرخەکەی وەکخۆیەتی
-
-
هەواڵلە گەرمیان حکومەت کۆنترۆڵی فرۆشتنی تەرەقەی پێناکرێت
-
-
هەواڵهاوار کەریم 16ـهەمین کتێبی خۆی بڵاوکردەوە
-
-
هەواڵلهبارهى ئهنجامدانى ئاههنگ بۆ نهورۆز ئیدارهى گهرمیان رونكردنهوه دهدات
-