لە گەرمیان حکومەت کۆنترۆڵی فرۆشتنی تەرەقەی پێناکرێت
هەواڵ
06:37PM - 2026-03-20 , بینین : 101


رادیۆی دەنگ

تەقاندنی یاری ئاگرین و تەرەقە لەنێو کۆڵانەکانی گەرمیاندا هاوڵاتیان بێزارکردوە، حکومەتیش تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە فرۆشتنی کۆنترۆڵ بکات.

بەهۆی جەژنەوە مناڵان لەنێو کۆڵانەکاندا لە هەرسێ قەزای کەلار و کفری  رزگاریی دەستیان کردوە بە تەقاندنی تەرەقە و یاری ئاگریین، ئەمەش بوەتە مایەی بێزاری هاوڵاتیانی گەرمیان.

ئەحمەد رەمەزان، هاوڵاتییەکی دانیشتوی قەزای کەلارە، بەرادیۆی دەنگی راگەیاند: لە بەیانییەوە تاوەکو ئێستا دەنگی تەرەقە بێزاری کردوین.

وتیشی: "هاوڵاتیان ماندون، نیوەڕۆ ویستم تۆزێک بخەوم و ئیسراحەت بکەم، بەڵام دەنگی تەرەقە نەیهێڵا، داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەم کۆنترۆڵی بابەتەکە بکەن".

لە جەژناندا حکومەتی خۆجێی لە گەرمیان رایدەگەیەنێت کە فرۆشتنی تەقەمەنی لە فرۆشگاکانی گەرمیان قەدەغە دەکات، بەڵام بەپێی وتەی بەرپرسێک ئێستا دزییەوە دەفرۆشرێت.

ساهر عەلی، قایمقامی قەزای کفری، بە رادیۆی دەنگی راگەیاند: ئێمە بۆ جەژنان بەرنامەی خۆمان هەیە، لە پێش جەژن لە بازگەکان پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلەکان دەکەین، هەر ئۆتۆمبێلێک تەقەمەنی بێنێتە قەزاکەمان دەستی بەسەردا دەگرین و تەلەفی دەکەین.

وتیشی: لەم جەژنەدا تاوەکو ئێستا تەقەمەنی لە چوار فرۆشگادا دەستی بەسەردا گیراوە.

بەپێی وتەی قایمقامی قەزای کفری، لەئێستادا مەفرەزەکانمان لەنێو قەزاکە لەگەڕانن، چونکە زانیاریمان هەیە هەندێک فرۆشگای دیکە تەرەقە دەفرۆشێت.

لە کەلاریش دۆخەکە بەهەمانشێوەیە، ژمارەیەکی زۆر یاری ئاگرین و تەرەقە بەدەست مناڵانەوەیە.

ئەفراسیاو مەحمود، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی قەزای کەلار، بەرادیۆی دەنگی راگەیاند: لیژنەکانمان لەپێش جەژنەوە لە گەڕاندان و ئاگاداری فرۆشگاکانیان کردوەتەوە کە فرۆشتنی تەرەقە بە هەمو شێوەیەک قەدەغەیە.

داوای لە هاوڵاتیانیش کرد گومانیان لە هەر فرۆشگایەک هەبو کە تەرەقە دەفرۆشێت، ئاگاداریان بکەنەوە.

سەرباری ئەوەش، لەو دو قەزایە و قەزای رزگارییش، دیاردەکە کۆنترۆڵ نەکراوە.

قایمقامی قەزای رزگاریی، دانبەوەدا دەنێت کۆنترۆڵکردنی زەحمەتە.

جەمال ساڵح، بەرادیۆی دەنگی راگەیاند: ئێمە چەند رۆژێک پێش جەژن لیژنەکانمان رۆشتونەتە فرۆشگاکانی قەزاکە و گەڕان و پشکنینیان کردوە و ئاگاداریان کردونەتەوە کە لێپیچینەوەی توندیان لەگەڵ دەکرێت ئەگەر تەرەقە بفرۆشن.

وتیشی: گرفتەکە ئەوەیە فرۆشگاکان بەدزییەوە دەیفرۆشن لەنێو فرۆشگاکانیاندا، یان دەیدەنە دەست مناڵێکەوە و بەشێوەی گەڕۆک دەیفرۆشن، بۆیە کۆنترۆڵکردنی زەحمەتە.

دەشڵێت: سەرباری ئەوەش لە هەوڵداین و لیژنەکانمان بەردەوام لەگەڕاندان.