سیروان دەکشێت و کێڵگەکان دادەپۆشێت؛ ژمارەیەک جوتیار بەهۆی بەردانەوەی بەنداوی دەربەندیخانەوە زەرەرمەندبون
راپۆرت
08:26PM - 2026-03-24 , بینین : 52


رادیۆی دەنگ- محەمەد مەحمود

شەپۆلەکانی بارانبارینی ئەمساڵ، گەرچی مژدەی بوژانەوەی ژینگەیان پێبو، بەڵام بۆ هەندێک لە جوتیارانی سنوری گەرمیان، بونە مایەی زیانێکی زۆر.

بەرزبونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان و کردنەوەی دەرگاکانی بەنداوەکە، بەری رەنجی چەند مانگەی هەندێک لە جوتیارانی ناوچەکەی راپێچی ناو قوڕ و لیتە کرد.


کارەساتەکە لە چاوی جوتیارێکەوە

عەبدولڵا محەمەد، جوتیارێکی گوندی 'دەورە'یە لە ناحیەی قۆرەتوی گەرمیان، کە ساڵانێکی درێژە رەنجی زەوی دەدات.

ئەو کە ٤٠ دۆنم زەوی بە گەنم چاندبو، ئێستا تەنها سەیری ئاوەکە دەکات کە چۆن سەوزایی زەویەکەی داپۆشیوە.

عەبدوڵڵا، بۆ رادیۆی دەنگ دەڵێت: "تەواوی بەروبومەکەم ئاو بردویەتی و هیچم بۆ دەرنەچوە، جگە لە زیانی گەنمەکە، پارەی کیمیایی و تێچوەکانی دیکەشم رۆشتوە".

ئەم جوتیارە کە لە ساڵی ١٩٩٣ـوە لەو گوندە نیشتەجێیە، ئاماژە بەوە دەکات کە تاوەکو ئێستا ئاوی بەو شێوەیە نەبینیوە. دەڵێت: زەویەکانم ٥٠٠ مەتر لە قەراغی سیروانەوە دور بون، بەڵام ئێستا هەمو ژێر ئاو کەوتون.


پاراستنی بەنداو؛ لە پێشینەی کارەکاندایە

لایەنە پەیوەندیدارەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە بەردانەوەی ئاوەکە پێویستییەکی تەکنیکییە.

رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکانی هەرێم، ئاشکرای دەکات ئاستی ئاو لە بەنداوی دەربەندیخان ١٦ مەتر بەرز بوەتەوە و ئێستا زیاتر لە دو ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدایە.

ئەو بۆ رادیۆی دەنگ وتی: بەنداوەکە نزیک بوەتەوە لە پڕ بون، بەهۆی ئەوەی هێشتا وەرزی خەزنکردنی ئاو لەپێشمانەوە ماوە وەک مانگەکانی (٤ و ٥)، بۆیە ناتوانین لەئێستاوە بەنداوەکە پڕیبکەین، بەڵکو ناچارین ئاوەکەی بەربدەینەوە.

دەشڵێت: بەردانەوەی ئاوەکە قۆناغ بە قۆناغ زیاد دەکرێت، چونکە ئەگەر ئێستا بەرینەدەینەوە، دەبێت لە داهاتودا زۆر بەخێرایی بەریبدەینەوە و ئەوکات زیان بە زەوییەکانی خوار بەنداوەکە دەگات.

لایخۆشیەوە موئەیەد ئەحمەد، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی ئاودێریی گەرمیان،جەخت دەکاتەوە کە لە ئێستادا "سەلامەتی بەنداوەکە گرنگترە لە هەمو شتێک" و ئاوی بەنداوەکەش زیاتر بەردەدرێتەوە و کەمتر نابێت.


بێئومێدیی لە قەرەبوکردنەوە

لە کاتێکدا جوتیاران چاویان لە دەستی حکومەتە بۆ قەرەبوکردنەوە، لێدوانی بەرپرسانی کشتوکاڵ ئومێدێکی ئەوتۆ ناهێڵێتەوە.

شادیە حسێن، بەڕێوبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیان، ئاماژە بەوە دەکات ئەو شوێنانەی لە قەراغی چەم و روبارەکانن بە "کشتوکاڵی" هەژمار ناکرێن و محەرەماتن، بۆیە جوتیاران خۆیان بەرپرسیارێتییەکەی هەڵدەگرن.

بەڕێوبەری ئاودێریی گەرمیانیش هاوڕایە لەگەڵ ئەم قسەیەدا و جەختدەکاتەوە: "ئەو زەویانەی ژێر ئاو کەوتون، خۆیان هاتونەتە ناو حەرەمی روبارەکە، بەپێی یاسا دەبێت ١٥٠ مەتر لە ئاو دور بکەونەوە، چونکە ئەوە شوێنی رێرەوی سروشتی سیروانە".

لەبارەی ئەگەری قەرەبوکردنەوەی ئەو جوتیارانەشەوە، بەڕێوبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیان دەڵێت: لە ئێستادا هیچ قەرەبویەک بۆ جوتیاران نییە و هەمو جۆرە قەرەبویەک راگیراوە.

بەمشێوەیەش لە نێوان بەرداشی سەلامەتی بەنداوەکان و یاساکانی محەرەماتی روبار، ژمارەیەک لە جوتیارانی گەرمیان، لەو بەرهەمانەی چاندویانە، تەنها ماندوبون و خەسارەتێکی زۆریان بۆ ماوەتەوە.