رادیۆی دەنگ- محەمەد مەحمود
لەم رۆژانەدا کە دەنگی تەقینەوە و بۆمباران بوە بە بەشێک لە سيمای ناوچە سنورییەکانی نێوان عێراق و ئێران، ژیان لەهەندێک لە گوندەکانی گەرمیان گۆڕاوە بۆ ترس و دڵەراوکێ.
بەهۆی هێرشەکان بۆ سەر خاکی ئێران، جوتیار و شوانکارەکانی ناحییەی قۆرەتوی سەر بە ئیدارەی گەرمیان، روبەڕوی ئاستەنگ و مەترسی بونەتەوە. ئەوان کە بەشێکی زۆری ناحییەکەیان هاوسنورە لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان (رۆژئاوای ئێران)، لەلایەک ترس و لەلایەکی دیکەش هۆشداریی، وایکردوە نەتوانن بچنە سەر کێڵگە و کارەکانیان.
پەروێزخان؛ ئەو شوێنەی بێدەنگییەکەی شێوێندراوە
رەزا نادر، ئەنجومەنی گوندی پەروێزخان، بۆ رادیۆی دەنگ باس لەو گۆڕانکارییە خێرایە دەکات کە بەسەر ناوچەکەدا هاتوە.
ئەو دەڵێت: پێشتر هاتوچۆمان بۆ سەر زەوییەکانمان لە نزیک ئاوی قۆرەتو کارێکی ئاسایی بو، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە.
بە وتەی رەزا، پاسەوانی سنور ئاگاداری کردونەتەوە کە بە هیچ شێوەیەک لە سنورەکان نزیک نەبنەوە، چونکە مەترسی تەقەکردن لە ئارادایە.
دەشڵێت: "بەهۆی بۆمبارانکردنی قەسری شیرین و دەنگی تەقینەوەکان، شوانکارەکانمان لە دۆخێکی دەرونی خراپدان و ناوێرن ئاژەڵەکانیان بەرەو لەوەرگاکان بەرن".
مەحمود قەجەر؛ ژیان لەژێر سێبەری موشەکەکاندا
دۆخی گوندی مەحمود قەجەر، کە تەنیا ٢ بۆ ٣ کیلۆمەتر لە خاکی ئێرانەوە دورە، باشتر نییە.
ئەحمەد حەمید، دانیشتویەکی ئەو گوندەیە و دەڵێت: زۆرجار دەنگی موشەک لە ئاسمانی گوندەکەماندا دەبیسترێت، هەرکاتێک هێرش دەکرێتە سەر قەسری شیرین، ترس و لەرز دەچێتە دڵی ژن و مناڵی گوندەکەوە، دەترسین رۆژێک یەکێک لەو موشەکانە بەر ماڵەکانی ئێمە بکەوێت.
ئەحمەد ئاماژە بەوە دەکات کە شوانکارەکانیان کە زۆربەیان عەرەبن، بەهۆی ناسەقامگیریی دۆخەکەوە توشی ترس بون، بەڵام ئەوان هەوڵ دەدەن دڵیانبدەنەوە بۆ ئەوەی کارەکانیان جێ نەهێڵن.
هۆشدارییە فەرمییەکان؛ سەلامەتی لەپێش هەمو شتێکەوە
سەردار محەمەد، بەڕێوبەری ناحیەی قۆرەتو، جەخت لەوە دەکاتەوە کە پاراستنی گیانی هاوڵاتیان لە کارە لەپێشینەکانە.
ئەو بۆ رادیۆی دەنگ دەڵێت: "سنوری ئێمە سنورێکی نێودەوڵەتییە و لە بارودۆخی ئاساییشدا رێنمایی هەیە بۆ نزیک نەبونەوە، ئێستا کە شەڕ هەیە، دەبێت هاوڵاتیان و جوتیاران زۆر زیاتر وریابن".
لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی بەرپرس لە پۆلیسی پاسەوانی سنوری عێراق پەردە لەسەر فشارەکانی لایەنی ئێرانی لادەدات و رایدەگەیەنێت: "پاسدارانی ئێران پەیامی توندیان پێ داوین کە نابێت هیچ کەسێک، بەتایبەت شوانکارەکان، لە سنور نزیک ببنەوە".
وتیشی: ئێمەش گوندنشینانمان ئاگادار کردوەتەوە کە بەرپرسیارێتی هەر روداوێکی نەخوازراو لە ئەستۆی خۆیانە ئەگەر بچنە ناوچە قەدەغەکراوەکان.
ئاسۆیەکی نادیار
ئێستا کە زیاتر لە ١٣ رۆژە هێرشەکان بەردەوامن، گوندەکانی سەر سنور نەک هەر لەڕوی ئابورییەوە زیانمەند بون، بەڵکو لەبارێکی دەرونی قورسدا ژیان بەسەر دەبەن.
مانەوەی ئەم دۆخە بە هەڵواسراویی، چارەنوسی کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی لەو ناوچانە دەخاتە بەردەم مەترسییەکی گەورەوە، لەکاتێکدا هێشتا هیچ ئاسۆیەکی رون بۆ کۆتاییهاتنی ئەم گرژییانە بەدی ناکرێت.
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵ"تەنها ٦ قاطع کاردەکەن"؛ حکومەتی عێراق عەلوەی کەلاری پەکخستوە
-
-
هەواڵداواكراوه شارهوانى قهزاى رزگاریی بكرێت به پله یهك
-
-
هەواڵکارەبای گەرمیان: رۆژانە 4 سەعات کارەبای نیشتمانی بە ماڵان دەدەین
-
-
راپۆرتسەردار نۆڕێ؛ نیگارکێشێک بە وشە تابلۆی هایکو دەنەخشێنێت
-
-
هەواڵلەسەر هێرشکردنە سەر شاخی زمناکۆ قایمقامی دەربەندیخان رونکردنەوە دەدات
-