رادیۆی دەنگ
کۆمەڵێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی سنوری ئیدارەی گەرمیان، لە بەیاننامەیەکدا رەخنەی توند لە حکومەتی خۆجێی ناوچەکە دەگرن، بەوەی دەستی دەستی لە پرۆسەی دابەشکردنی زەویدا دەکەن.
لە بەیاننامەکەدا کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، نوێنەرانی فەرمانبەران و مامۆستایان ئاماژەیان بەوە کردوە، سەرەڕای ساڵانێکی زۆر لە خزمەت و خۆڕاگری لە وەرگرتنی مافەکانیان، ئێستا لە پرۆسەی دابەشکردنی زەویدا جیاکاری دەکرێت. دەڵێن: "لە کاتێکدا لە چەندین ناوچەی تری هەرێمی کوردستان زەوییەکان دابەشکراون، بەڵام لە گەرمیان بەڵێنەکان تەنها بۆ کاتکوشتن بوە و هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەنراوە".
ئەوان پەردە لەسەر کۆبونەوەیەکی پێشو لادەدەن و رایدەگەیەنن، لە کاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی عێراقدا، بەڵێنی جدییان پێدراوە، بەڵام ئێستا ئەو پرسە بە تەواوی پشتگوێخراوە.
لە بەشێکی تری ناڕەزایەتییەکەدا، گومان دەخرێتە سەر هۆکاری دواکەوتنی پرۆسەکە و دەڵێن: ناکرێت پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە پێناو بەرژەوەندیی پڕۆژە نیشتەجێبوەکانی وەبەرهێنان پەکبخرێت یان دوابخرێت.
جەختدەکەنەوە لەوەی "نابێت مافی ئەوان بکرێتە قوربانی بازاڕی وەبەرهێنەرانی خانوبەرە".
لە کۆتاییشدا هۆشداریی دەدەن لەوەی ئەگەر بە زوترین کات وەڵامێکی رون و راستەوخۆیان دەستنەکەوێت، پەنا دەبەنە بەر هەمو جۆرە چالاکییەکی مەدەنی و جەماوەریی.
زۆرترین بینراوەکان