رادیۆی دەنگ
سەرەڕای تێپەڕبونی زیاتر لە ساڵێک بەسەر دەرچونی فەرمانی بەهەمیشەییکردنیان، تاوەکو ئێستا فەرمانی دامەزراندنی زیاتر لە ١٥٠٠ فەرمانبەری گرێبەست لە سنوری ئیدارەی گەرمیان نەچوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، نوێنەری ئەو فەرمانبەرانەش رایدەگەیەنێت لە هەوڵەکانیان بەردەوامن.
هەردی سەرکەوت، نوێنەری فەرمانبەرانی گرێبەست لە گەرمیان، لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی دەنگ، وتی: لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ـدا فەرمانی بەهەمیشەییکردنمان دەرچووە، بەڵام بەهۆکاری جیاواز تاوەکو ئێستا فەرمانەکە جێبەجێ نەکراوە و فەرمانبەران لە دۆخی چاوەڕوانیدا ماونەتەوە.
سەبارەت بە هەنگاوە نوێیەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، کە لەڕێگەی نوێنەرانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کار بۆ ئەوە کراوە کە شایستە داراییەکانی ئەم فەرمانبەرانە لە چوارچێوەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٦ـی فیدراڵیدا جێگەی بکرێتەوە، تاوەکو بەشێوەیەکی بنەڕەتی کێشەی موچە و میلاکاتیان چارەسەر ببێت.
بەپێی ئامارەکان، لە هەرێمی کوردستان بە گشتی زیاتر لە ٣٠ هەزار فەرمانبەری گرێبەست بونیان هەیە، کە لەو ژمارەیە زیاتر لە ١٥٠٠ فەرمانبەریان لە فەرمانگە جیاجیاکانی سنوری ئیدارەی گەرمیاندا خزمەت دەکەن، هەمو ئەوانەش لە چاوەڕوانی یەکلاییکردنەوەی چارەنوسی وەزیفییاندان.
زۆرترین بینراوەکان