پێشنوێژی مزگەوتێکی کەلار تۆمەتبار دەکرێت بە هێرشکردنە سەر شەڕڤانان
هەواڵ
04:16PM - 2026-01-16 , بینین : 464
 
رادیۆی دەنگ
 
وتاری پێشنوێژی مزگەوتی دایک لەکەلار نیگەرانی لێدەکەوێتەوە و مەلاکە تۆمەتبار دەکرێت بەوەی هێرشی کردوەتە سەر شەڕڤانان، بەڕێوبەری ئەوقافی گەرمیانیش دەڵێت بەدواداچون دەکەین.
 
دڵشاد محەمەد ساڵح، مامۆستا لە کەلار، لە ڤیدیۆیەکدا کە لە هەژماری خۆی لە فەیسبوک بڵاویکردوەتەوە، باس لەوەدەکات ئەمڕۆ لە وتاری هەینی مزگەوتی دایک، م. شێرکۆ کەریم کە پێشنوێژ و ئیمامی مزگەوتەکەیە، بە ناڕاستەوخۆ هێرشیکردە سەر کوردانی رۆژئاڤا و بەرگریی لە رژێمی ئەحمەد شەرع کرد، باسی لەوەکردوە کە نابێت ئافرەت چەک هەڵبگرێت.
 
دەشڵێت: بەداخەوە ئەو مامۆستایە دەبو ئەو هەمو ناهەقی و تاوانەی حکومەتی شەرعی ببینیایە کەبەرامبەر کوردانی رۆژئاڤا دەیکات.
 
هەر لەدوای تەواوکردنی وتارەکە، نیگەرانی دروستبوە و هەندێک هاوڵاتی هەستاون و رەخنەیان لە مەلاکە گرتوە.
 
حەسەن عەبدوڵڵا، یەکێک بو لەوانەی رەخنەی لە مەلا شێرکۆ گرت لەدوای وتارەکەی، بە رادیۆی دەنگی وت: مامۆستاکە دەیوت نابێت ناحەقی بکەین بۆ قەومی خۆشمان، یانی کورد ناحەقە و ئەوان حەقن، دەیوت موسڵمان نابێت موسڵمان بکوژێت، دواتریش دەڵێت ئەمانە (مەبەستی شەڕڤانان و هەسەدەیە) هاوڕەگەزبازیی دەکەن و مناڵی خەڵک ئەکوژن و مناڵ ئەفڕێنن، دواتریش دەڵێت ئەوان برای موسڵمانن و برای حەقن و ئەوان راستەکەن و ئێمە با  قەومی نەبین و ئیسلامی بین.
 
دەشڵێت: "منیش لەکۆتایی وتارەکەدا هەستام و وتم مامۆستا گیان کورد بەو شێوە باسی کورد دەکەی با بە دو دەقە باسی ئەوانەش بکە کە کورد دەکوژن".
 
بەوتەی ئەو هاوڵاتییە، مەلا شێرکۆ بە داگیرکەرانی وتوە موسڵمان و کوردی بە خراپ ناوزەند کردوە.
 
رادیۆی دەنگ بۆ وەرگرتنی قسەی ئەو لەوبارەیەوە، چەند جارێک پەیوەندی بە م. شێرکۆ کەریم، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی دایک کرد لە کەلار، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکەی نەدایەوە.
 
لایخۆشییەوە بەڕێوبەری گشتی ئەوقافی گەرمیان باس لەوەدەکات ئاگاداری روداوەکەن و بەدواداچونی بۆ دەکەن.
 
سەباح محەمەد، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: قسەمان لەگەڵ مامۆستاکە کردوە، مامۆستاکە وتویەتی نەباسی سوریام کردوە، نەباسی ئەحمەد شەرعم کردوە نە پەکەکە نە هیچ بابەتێک، بەناڕاستەوخۆ لەوانەیە قسەی کردبێت، بەڵام بەڕاستەوخۆ هیچ شتێکی نەوتوە.
 
دەشڵێت: پشێویش لە مزگەوتەکە روی نەداوە، مامۆستاکە وتویەتی لە وتارەکەمدا باسی برایەتیم کردوە و هیچ شتێکی وانییە کە باس دەکرێت.
 
بەڕێوبەری ئەوقافی گەرمیان، باسی لەوەکرد ئەوان گوێ لە قسەکانی مامۆستاکە دەگرن، وەکخۆیشی وتی: ئەگەر قسەکانی هەڵەی تێدابێت و پێچەوانەی شەرع بێت و لەگەڵ یاسا و رێنماییەکانی وەزارەتی ئەوقافدا نەگونجێت، ئیجرائات دەکەن.