رادیۆی دەنگ
ماوەی چوار مانگە پۆستی سەرۆکی شارەوانی کەلار بە چۆڵی ماوەتەوە و بەهۆی تەواوبونی ماوەی یاسایی دەسەڵاتەکانی جێگرەکەشیەوە، لە ئێستادا دامەزراوەکە روبەڕوی جۆرێک لە پەککەوتنی کارگێڕیی بوەتەوە.
دوای ئەوەی سەرۆکی پێشوی شارەوانی کەلار هەڵبژێردرا بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و لە پۆستەکەیدا نەما، جێگرەکەی ئەرکی بەڕێکردنی کاروبارەکانی گرتە ئەستۆ، بەڵام لە سەرەتای ساڵی نوێوە، دەسەڵاتی واژۆکردن و راییکردنی مامەڵەکان لەلایەن جێگری سەرۆکی شارەوانییەوە تەواوبو و تائێستا بۆی نوێ نەکراوەتەوە، ئەمەش بوەتە هۆی دروستبونی ئاستەنگ بۆ مامەڵەی هاوڵاتیان.
لەمبارەیەوە، چۆمان ئەحمەد، بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی گەرمیان، تایبەت بە رادیۆی دەنگی راگەیاند: دوای ئەوەی بۆ ماوەی ٣ مانگ جێگری سەرۆکی شارەوانی کەلار دەسەڵاتی واژۆکردنی مامەڵەکانی هەبو، دواتر ئەو ماوەیە کۆتایی هات و دەسەڵاتەکانی راگیران.
سەبارەت بە هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، بەرپرسەکەی ئیدارەی گەرمیان ئاماژەی بەوە کرد کە نوسراوی فەرمییان ئاراستەی وەزارەتی شارەوانی کردوە و وتی: "بە نوسراو داوامان لە وەزارەت کردوە کە تا ئەو کاتەی کەسێک بە هەمیشەیی بۆ پۆستی سەرۆکی شارەوانی دادەنرێت، دەسەڵاتەکان بدرێتەوە بە جێگرەکەی بۆ ئەوەی کاروباری هاوڵاتیان پەکینەکەوێت".
هاوکات سەلام عوسمان، سەرۆکی شارەوانی کەلار بە وەکالەت، بۆ رادیۆی دەنگ جەختی کردەوە کە تاوەکو ئەمڕۆ وەڵامی نوسراوی درێژکردنەوەی دەسەڵاتەکانی نەهاتوەتەوە.
وتیشی: چاوەڕوانی نوسراوی وەزارەتم بۆ ئەوەی دەسەڵاتی واژوکردنم پێبدرێتەوە.
ئەم بۆشاییە کارگێڕییە لە کاتێکدایە کە شارەوانی کەلار یەکێکە لە فەرمانگە خزمەتگوزارییە گرنگەکانی ناوچەکە و رۆژانە مامەڵەیەکی زۆری هاوڵاتیانی تێدا ئەنجام دەدرێت.
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵپرۆژەیەکی گەورەی کارەبا لە گەرمیان لە ئەنجومەنی وەزیران گیریخواردوە
-
-
هەواڵسەرۆکی شارەوانی رزگاریی: بارانی بەلێزمە مەترسی لەسەر کەلار دروستدەکات
-
-
هەواڵلەگەرمیان دەست بە دروستکردنی ٣ پۆند دەکرێت
-
-
هەواڵخوێندكارانی قوتابخانەیەكی گەرمیان لە وەرگرتنیان لە زانکۆ بێبەش دەکرێن
-
-
هەواڵشارەوانی بەنیازی گواستنەوەی مەیدانی ئاژەڵانی رزگارییە
-
زۆرترین بینراوەکان