رادیۆی ده‌نگ
ئامارى توشبوانی شێرپه‌نجه له‌گه‌رمیان، به‌پێی وته‌ى كه‌سانى پسپۆڕ و به‌رپرسانى ته‌ندروستى رو له زیادبونه، له‌به‌رامبه‌ردا هه‌نگاوه‌كانى حكومه‌ت بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م نه‌خۆشییه له ئاستى خۆجێیی دا، زۆر لاواز و سنودار و خاون. ئه‌مه ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌یه كه راپۆرتێكى یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان پێیگه‌یشتوه.
رادیۆی ده‌نگ به پاڵپشتی سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی NED، پرۆژه‌یه‌ك سه‌باره‌ت به بره‌ودان به رۆژنامه‌وانى مافه‌كانى مرۆڤ و ژنان و چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی ئه‌نجام ده‌دات. له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا هه‌ر سێ مانگ جارێك راپۆرتێكى قوڵ و بنكۆڵكاریی له‌باره‌ى پرسێكى په‌یوه‌ست به مامه‌ڵه‌ى حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان له‌باره‌ى پرس و بابه‌ته‌كان، ئاماده ده‌كات.
راپۆرته‌كه‌ش له‌رێگه‌ى یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیانى سه‌ر به رادیۆكه‌وه ئاماده ده‌كرێت، كه یه‌كه‌یه‌كى تایبه‌تى رادیۆكه‌یه و له ساڵی 2017ـه‌وه به‌مه‌به‌ستى هه‌ڵسه‌نگاندن و چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی ناوچه‌كه، دروستیكردوه.
له یه‌كه‌مین راپۆرتى وه‌رزی نوێی پرۆژه‌كه‌دا، تیشكخراوه‌ته سه‌ر پرسی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه له گه‌رمیان و مامه‌ڵه‌ى حكومه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌م نه‌خۆشییه‌دا. له‌وباره‌وه به وردیی به‌دواداچونى كردوه.
له‌خواره‌وه ده‌قی راپۆرته‌كه ده‌خوێننه‌وه.
بۆ خوێندنه‌وه‌ى راپۆرته‌كه‌ش به‌شێوازی PDF، كلیك له‌م فایله‌ى لایخواره‌وه بكه:
راپۆرتێک لەبارەی: شیرپەنجە لە گەرمیان و مامەڵەی حکومەت لەگەڵ نەخۆشییەکەدا
ناساندنێكى گشتى: شێرپه‌نجه چیه؟
نه‌خۆشى شێرپه‌نجه یان Cancer خانه‌كانى له‌ش به‌شێوه‌یه‌كى نائاسایی و كۆنترۆڵنه‌كراو ده‌ست ده‌كه‌ن به دابه‌شبون و گه‌شه‌كردن، تواناى ئه‌وه‌یان هه‌یه بڵاوببنه‌وه بۆ به‌شه‌كانى دیكه‌ى له‌ش، ئه‌مه‌ش له رێگه‌ى خانه‌كانى له‌شه‌وه دروست ده‌بێت.
د.ئه‌كره‌م مه‌حمود، پسپۆرى نه‌خۆشیه‌كانى خوێن له گه‌رمیان باس له‌وه ده‌كات: نه‌خۆشى شێرپه‌نجه گه‌شه‌كردنێكى زیاد له سنورى خۆیه‌تى و له كۆنترۆڵى ئاسایی ده‌رچێت، ئه‌مه‌ش هۆكارى زۆره یه‌كێك له‌وانه بۆماوه‌ییه.
وتیشى: یه‌كێكى تر له هۆكاره‌كان ژینه‌گه‌ییه‌كانى وه‌ك دوكه‌ڵ و به‌نزین و جگه‌ره‌كێشان،هه‌ریه‌ك له‌مانه ئه‌بێته هۆى بازدانێك له جینێكدا و گه‌شه‌كردنێكى زۆر دروست ئه‌بێت له سنورى خۆى زیاتر.
ئه‌مه له كاتێكدایه به‌پێى توێژینه‌وه‌یه‌كى (WHO رێكخراوى ته‌ندروستى جیهانى) پزیشكه جیهانیه‌كان 5 هۆكار به دیارترین و سه‌ره‌كیترین هۆكار داده‌نێن كه مه‌ترسى توشبون به شێرپه‌نجه زیاد ده‌كات، ئه‌وانیش: جگه‌ره‌كێشان، قه‌ڵه‌وى سیسته‌مى خۆراكى ناته‌ندروست، هۆكاره بۆماوه‌ییه‌كان، هه‌وكردنى ڤایرۆسى و به‌كتریاییه‌كان له‌گه‌ڵ هۆكاره ژینگه‌ییه‌كان و به‌ركه‌وتن به تیشك.
به‌شى یه‌كه‌م: دۆخی شیرپه‌نجه له گه‌رمیان
1. چیرۆكى توشبوانى نه‌خۆشى شێرپه‌نجه له گه‌رمیان
"4 ساڵ پێش ئێستا مه‌مكم گرێیه‌كى دروست كرد، لێره سۆنه‌رم كرد وتیان هیچ نیه، كه رۆشتمه سلێمانى له‌وێ وتیان گرێیه و هه‌ر له‌وێش نه‌شته‌رگه‌ریم بۆكرا". حه‌پسه حه‌مه تالیب، دانیشتوى قه‌زاى كه‌لار، یه‌كێكه له توشبوانى نه‌خۆشى شێرپه‌نجه واده‌ڵێت.
وتیشى: دواتر گرێكه‌یان نارده "زه‌رع" ده‌ركه‌وت شێرپه‌نجه‌ى مه‌مكم هه‌یه، دوا به‌دواى ئه‌وه راسته‌وخۆ ده‌ستمكرد به وه‌رگرتنى چاره‌سه‌ر له نه‌خۆشخانه‌ى هیوا و ژیانه‌وه به‌بێ به‌رامبه‌ر، 8 ده‌رزى كیمیایی و 19 تیشكم بۆ كرا.
هاوكات، به‌فراو حه‌مه‌سه‌عید، دانیشتوى قه‌زاى كه‌لاره و خوشك و براكانى توشى شێرپه‌نجه بون و چیرۆكى وه‌رگرتنى چاره‌سه‌ریان ده‌گێرێته‌وه و باس له‌وه ده‌كات: له خێزانه‌كه‌ى خۆم 7 خوشك و برا و برازام توشى شێرپه‌نجه بون، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا 11 پورزاشم توش بون، براكه‌م و پورزاكه‌م مردون به‌و نه‌خۆشیه.
"سه‌ره‌تا كه توشبوم گرێى هێلكه‌دانم هه‌بو، دواى لابردنى ئه‌و گرێیه و هێلكه‌دانه‌كان دواتر توشى گرێى منداڵدان بوم، كۆتا جاریش منداڵدانم هه‌ڵگیرا له به‌غداد پێیان وتم گرێى شێرپه‌نجه‌ى هه‌بوه، له ئێستاشدا توشى پوكانه‌وه‌ى ئێسك بوم و له وه‌رگرتنى چاره‌سه‌رم". هاوژین، یه‌كێكى تره له توشبوانى شێرپه‌نجه‌ی منداڵدان و دانیشتوى قه‌زاى رزگارییه، واى وت.
شاخه‌وان محه‌مه‌د، یه‌كێكى تره له توشبَوانى شێرپه‌نجه له گه‌رمیان هێما بۆ ئه‌وه ده‌كات: بۆماوه‌ى 1 ساڵێك 5 مانگه توشى شێرپه‌نجه‌ى خۆێن بوم، چاره‌سه‌رم وه‌رگرتوه له نه‌خۆشخانه‌ى هیوا له سلێمانى، چاره‌سه‌ره‌كانیش به‌بێ به‌رامبه‌ر بون به‌جۆرێك 8 جه‌لسه ده‌رزى كیمیایم بۆ كراوه.
وتیشى: حكومه‌ت بارگرانى ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر لابردوین كه ده‌رمان بكڕین، من ده‌رزى وام هه‌بوه باى هه‌زار دۆلار و 2 هه‌زار دۆلار بوه، ته‌نها هه‌ندێك ده‌رمان نه‌بوه خۆم له ده‌ره‌وه كڕیومه ئه‌ویش باى 20 هه‌زار و 30 هه‌زار بوه.
له هه‌مان كاتدا، فاتمه عه‌بدوڵڵا، دانیشتوى گوندى سه‌یده‌ى سه‌ر به ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵایه له قه‌زاى كفرى، سه‌باره‌ت به توشبونى به نه‌خۆشى شێرپه‌نجه ده‌دوێت و وتى: سه‌ره‌تاى ده‌ستنیشانكردنى نه‌خۆشیه‌كه‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵى 2011 كه گرێیه‌ك له سنگمدا هه‌بو، نه‌شته‌رگه‌ریم بۆ كرد بۆیان ده‌رهێنام كه زه‌رعم بۆ كرد ده‌ركه‌وت شێرپه‌نجه‌مه.
وتیشى: دواى چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك كه سه‌ردانى پزیشكم كرده‌وه پشكنینى بۆ كردم له سلێمانى چه‌ند گرێیه‌كى تر‌ى بچوكم هه‌بو كه ناچاربوم مه‌مكم ببڕنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى ته‌شه‌نه نه‌كات له ته‌واوى جه‌سته‌م.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: راسته‌وخۆ دواى ئه‌وه ده‌ستم كرد به وه‌رگرتنى چاره‌سه‌ر كه 8 جه‌لسه كیمیایی و 15 جه‌لسه تیشكم بۆ كرا كه هه‌مو جارێك ناچاربوم بڕۆمه سلێمانى كه هه‌ر له‌وێ چاره‌سه‌ر ده‌كرام.
له به‌رامبه‌ردا، د.ئه‌كره‌م مه‌حمود، پسپۆرى نه‌خۆشیه‌كانى خوێن له گه‌رمیان باس له‌وه ده‌كات: ئه‌و جۆره شێرپه‌نجه‌ییانه‌ى كه له گه‌رمیان هه‌ن له ناوچه‌كانى تر‌ى كوردستان و عێراق و ده‌ره‌وه‌شدا هه‌یه، به‌ڵام ره‌نگه له هه‌ندێك وڵات جۆرى زیاتر هه‌بێت به كۆمه‌ڵێك هۆكارى زیاتر له‌وانه ئه‌فه‌ریقا و ئوسترالیا.
ده‌شڵێت: به‌ڵام وه‌ك گه‌رمیان شتێك نیه سه‌ره‌نجت رابكێشێت و جیاوازبێت له ناوچه‌كانى تر و هۆكارێكى دیاریكراو بێت بڵێى ئه‌مه هۆكاره‌كه‌یه‌تى، به‌ڵكو هه‌مو ناوچه‌كان وه‌ك یه‌كن.
2. حكومه‌ت چى بۆ توشبوانى شێرپه‌نجه كردوه؟
حه‌پسه حه‌مه تالیب، دانیشتوى قه‌زاى كه‌لار جه‌ختى له‌وه‌كرده‌وه: وه‌ك حكومه‌ت له گه‌رمیان هیچى بۆ نه‌كردوین نه‌م من هه‌مو توشبوانى ئه‌و نه‌خۆشیه، نه پشكنین نه سه‌نته‌رێك هیچ نیه تاوه‌كو ئێمه هه‌مو مانگێك ئه‌م رێگه‌یه نه‌بڕین و نه‌چینه سلێمانى.
هاوكات، به‌فراو حەمه سه‌عید، دانیشتوى قه‌زاى كه‌لاره و وتیشى: هیچ شتێك بۆ نه‌خۆشانى شێرپه‌نجه نه‌كراوه له گه‌رمیان كه لێره بتوانن چاره‌سه‌ر وه‌ربگرن، ناچارن به به‌رده‌وامى بڕۆنه سلێمانى و له‌وێ چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن، كه له نه‌خۆشخانه‌ى هیواش وه‌كپێویست نیه هه‌ر كه‌سێك نه‌خۆشیه‌كه‌ى قورس بێت ئه‌ینێرنه نه‌خۆشخانه‌یه‌كى ئه‌هلی، برازاكه‌میان ناردوه‌ته ئه‌وێ له روى مادییه‌وه له توانانى نه‌بوه نه‌رۆشتوه بۆ وه‌رگرتنى چاره‌سه‌ر.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: پورزاكانیشم رۆشتونه‌ته توركیا چاره‌سه‌ریان وه‌رگرتوه كه حكومه‌ت هیچی بۆ نه‌كردون ئه‌وه‌ش خێرخواز پاره‌ى بۆ دابینكردون و رۆشتون.
هه‌ندێك له توشبوانى نه‌خۆشى شێرپه‌نجه نه‌ك چاره‌سه‌ریان له هه‌رێم نیه، به‌ڵكو ناچارن بڕۆنه ده‌ره‌وه‌ى وڵات بۆ وه‌رگرتنى چاره‌سه‌ر، یه‌كێك له‌وانه هاوژین شكوره.
ئه‌و ده‌ڵێت: له كوردستان شتێكى وام بۆ نه‌كرا وه‌ك چاره‌سه‌ر، دواجار رۆشتمه توركیا بۆ وه‌رگرتنى چاره‌سه‌رى پوكانه‌وه‌كه‌ى ئێسكم، به‌ڵام چاره‌سه‌رى من له ده‌ره‌وه‌ى وڵاته له ئه‌ڵمانیا ئه‌مه به راپۆرت پێم دراوه‌ته‌وه، چونكه ئه‌و چاره‌سه‌رانى ئێره وه‌ك پێم وتراوه كاتیه.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: بۆیه ناچارم ئێستا له به‌غداد چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرم، نه‌ك له گه‌رمیان، به‌ڵكو له كوردستان شتێكى وا پێویستى بۆ توشبوانى شێرپه‌نجه نه‌كراوه به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى كه شێرپه‌نجه‌كه‌یان قورسه و پێویستى به چاره‌سه‌ره.
به‌پێى وته‌ى هاوژین، له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى قسه‌ى كردوه بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن هاوكارى بكه‌ن و بڕواته وڵاتى ئه‌ڵمانیا چاره‌سه‌ر وه‌ربگرێت، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا حكومه‌ت هیچى بۆ نه‌كردوه و وه‌كخۆى ماوه‌ته‌وه.
هاوكات، دڵنیا جیهاد، وته‌بێژى رێكخراوى زریان بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ى شێرپه‌نجه له گه‌رمیان ده‌ڵێت: وه‌ك حكومه‌ت له گه‌رمیان تاوه‌كو ئێستا هیچى بۆ توشبوانى شێرپه‌نجه نه‌كردوه، نه‌یتوانیوه سه‌نته‌رێك یاخود نه‌خۆشخانه‌یه‌ك بكاته‌وه له ناوچه‌كه به پێداویستى و ده‌رمان و ستافه‌وه.
وتیشى: ئه‌گه‌رچى ئێمه به‌رده‌وامین له هه‌وڵه‌كانمان به‌جۆرێك 2 نوسراومان كردوه بۆ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیان، هاوكات نوسراومان كردوه بۆ داواكارى گشتى، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نوسراومان كردوه بۆ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تیش كه ئاورێك له گه‌رمیان بدرێته‌وه و حاڵه‌ته‌كانى توشبون به شێرپه‌نجه زیادیكردوه.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: داوامان كردوه سه‌نته‌رێكى تایبه‌تمه‌ند بكرێته‌وه بۆ توشبوان و خێرخوازانیش ئاماده‌ییان ده‌ربڕیوه هاوكارى بكه‌ن بۆ دروستكردنى ئه‌و سه‌نته‌ره و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئیمزامان كۆكرده‌وه‌ته‌وه، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا حكومه‌ت هیچ هه‌نگاوێكى نه‌ناوه و وه‌ڵامى نوسراوه‌كانى ئێمه‌شیان نه‌داوه‌ته‌وه.
له به‌رامبه‌ردا، د. محه‌مه‌د ئازاد، به‌ڕێوبه‌رى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیان، ده‌ڵێت: ئه‌و نوسراوانه‌ى كه باس ده‌كرێت پێشتربوه و له سه‌رده‌مى مندا نه‌بوه، به‌ڵام له وه‌زاره‌ت ئه‌وه باسكراوه كه پێشنیارى كردنه‌وه‌ى سه‌نته‌رى له‌وشێوه‌یه كراوه.
وتیشى: به‌ڵام كردنه‌وه‌ى ئه‌و سه‌نته‌رانه ئاسان نیه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى پزیشكى پسپۆرى تایبه‌ت و ستافى باشى ئه‌وێ له‌گه‌ڵ توانایه‌كى مرۆیى زۆر باش، هاوكات ده‌بێت به‌گوێره‌ى رێنماییه‌كان بێت.
به‌پێى وته‌ى ئه‌و به‌ڕێوبه‌ره، له ئێستادا گرێبه‌سته‌كان بون به مه‌ركه‌زى و ده‌بێت به‌گوێرى ئه‌و رێنماییانه‌بێت كه عێراق دایناوه و پرۆتۆكۆڵى خۆى هه‌یه بۆ ئه‌ومه‌به‌سته، ئه‌گه‌ر به‌وشێوه‌یه نه‌بێت ئه‌وه ره‌زامه‌ندى نادات، بۆ ئێستا و له‌م قۆناغه‌دا بۆ گه‌رمیان حكومه‌ت و وه‌زاره‌تى ته‌ندروستیش ره‌زامه‌ندى نادات.
"وه‌كو لایه‌نى حكومه‌ى بۆ توشبوانى شێرپه‌نجه هه‌نگاوێكى جدى و رێك‌وپێك نیه به‌ڕاستى، باسى ئه‌وه ناكه‌م له‌ملاولا كه‌سانێكى ناپسپۆر قسه له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته ده‌كرێت، چونكه هه‌نگاوه‌كان هه‌نگاوێكى دروست و دراسه‌تكراو نیین و شتێكى وانه‌كراوه". د.ئه‌كره‌م مه‌حمود، پسپۆرى نه‌خۆشیه‌كانى خوێن له گه‌رمیان واده‌ڵێت.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: ئه‌م بابه‌ته هاتنه پێشه‌وه‌ى جدى ئه‌وێ بۆ ئه‌وه‌ى كارێك بكرێت له به‌رژه‌وه‌ندى توشبوان بێت، ده‌بێت بناغه‌یه‌كى رێكوپێكى بۆ دابنرێت ئه‌وكات ئاسانتر ئه‌توانین بگه‌ین به كردنه‌وه‌ى سه‌نته‌رێك یان نه‌خۆشخانه‌یه‌ك به پێداویستیه‌كانیه‌وه بۆ نه‌خۆشه‌كان.
وتیشى: ئه‌و سه‌نته‌ره سه‌ره‌تاش ئه‌گه‌ر به جۆرێك بێت هه‌تا پێویستیشى به سه‌ردانكردنى نه‌خۆشخانه‌ى هیوا بێت، به‌ڵام به‌رده‌وامى و ته‌واوكردنى چاره‌سه‌ركانى ئه‌توانێت له كه‌لار ته‌واو بكات، ئه‌وكات بارگرانى و زه‌حمه‌تیه‌كى زۆر له‌سه‌ر نه‌خۆشه‌كه و خێزانه‌كه‌شى لاده‌بات.
3. نه‌بونى سه‌نته‌ر و نه‌خۆشخانه‌ى تایبه‌ت به توشبوانى شێرپه‌نجه
شاخه‌وان محه‌مه‌د، یه‌كێكى تره له توشبوانى شێرپه‌نجه له گه‌رمیان هێما بۆ ئه‌وه ده‌كات: له گه‌رمیان هیچ شتێك نه‌كراوه بۆ توشبوانى شێرپه‌نجه وه‌ك سه‌نته‌رێكى باش نه‌خۆشخانه‌یه‌كى باش كه بتوانین چاودێرى نه‌خۆشیه‌كه‌مان بكه‌ن یان چاره‌سه‌ر وه‌ربگرین، ناچارین هه‌مو جارێك بڕۆینه سلێمانى بۆ ئه‌وه‌ى پشكنینێك ئه‌نجام بده‌ین.
ده‌شڵێت: بۆ ناوچه‌یه‌كى به‌رفراوانى وه‌ك گه‌رمیان و ئه‌و رێژه زۆره‌ى توشبوان له‌م ناوچه‌یه پێویسته گرنگى به‌و لایه‌نه بدرێت و ستاف و پێداویستى و بودجه‌ى تایبه‌تى بۆ ته‌رخان بكرێت.
به هه‌مان شێوه، فاتمه عه‌بدوڵڵا، دانیشتوى گوندى سه‌یده‌ى سه‌ر به ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵایه له قه‌زاى كفرى، سه‌باره‌ت به توشبونى به نه‌خۆشى شێرپه‌نجه ده‌دوێت و وتى: وه‌ك گه‌رمیان هیچ نه‌كراوه بۆ نه‌خۆشانى شێرپه‌نجه، ئه‌وه‌ى هه‌یه نه‌خۆشخانه‌ى هیوایه له‌گه‌ڵ نه‌خۆشخانه‌ى ژیانه‌وه له‌سلێمانین، له كاتێكدا پێویسته سه‌نته‌ر و نه‌خۆشخانه و پێداویستى و بودجه‌ى تایبه‌ت هه‌بێت بۆ ئێمه‌ى توشبوان.
ده‌شڵێت: دواى ئه‌و هه‌مو ماوه‌یه به به‌رده‌وامى ده‌بێت بڕۆمه سلێمانى بۆ ئه‌نجامدانى پشكنین بۆ ئه‌وه‌ى چاودێرى نه‌خۆشیه‌كه‌م بكه‌م كه له ئێستادا پزیشك پێى وتوم تێمپه‌ڕاندوه، ئه‌گه‌رچى هه‌مو جارێك تیشكم بۆ ده‌گرن بۆ ئه‌وه‌ى بزانرێت كاریگه‌رى نه‌بوه له سه‌ر ئێسكه‌كانم، چونكه مه‌ترسى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى هه‌یه.
له‌به‌رامبه‌ردا، د. محه‌مه‌د ئازاد، به‌ڕێوبه‌رى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیان ده‌ڵێت: وه‌كو حكومه‌ت هیچ سه‌نته‌ر و بینایه‌كى تایبه‌تمه‌ندى نیه به توشبوانى شێرپه‌نجه له سنوره‌كه، به‌ڵام وه‌به‌رهێنه‌رێك بڕیاره سه‌نته‌رێكى تایبه‌تمه‌ند دروست بكات، كه پرۆژه‌یه‌كى ته‌واوكارییه و له دراسه‌دایه جارێك نه‌بوه به بڕیار.
وتیشى: كۆى خه‌رجى ئامێر و ده‌رمان و پێداویستى و ستاف له ئه‌ستۆى ئه‌و وه‌به‌رهێنه‌ره‌یه، ئه‌ركى ئێمه چاودێریكردنیه‌تى له روى زانستیه‌وه.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: وه‌ك ته‌ندروستى لاریمان نیه له دروستكردنى بیناى ئه‌و سه‌نته‌ره، ئاماده‌ین زه‌وى بۆ دابین بكه‌ین ته‌نانه‌ت به‌شى ئه‌ندازه و هونه‌رى و پلاندانانمان ئاماده‌ن بۆ هاوكاریكردنى ئه‌و وه‌به‌رهێنه و گرنگه ئه‌و پرۆژه‌یه جێبه‌جێ بكرێت.
له‌به‌رامبه‌ردا پزیشكێكى پسپۆڕى بوارى خوێن ئاماژه به‌وه‌ده‌كات سه‌ره‌تا ده‌توانرێت له هه‌نگاوه سه‌ره‌تاییه‌كانه‌وه ده‌ستپێبكرێت له بری ئه‌وه‌ى راسته‌وخۆ نه‌خۆشخانه‌یه‌ك دابنرێت.
د.ئه‌كره‌م مه‌حمود، باس له‌وه ده‌كات: پشكنینى پێشوه‌خته بۆ شێرپه‌نجه یه‌كێكه له گرنگرتین فاكته‌ره‌كان كه وا ئه‌كات ئه‌گه‌ر شێرپه‌نجه له كه‌سه‌كه‌شدا روبدات له قۆناغێى زۆر سه‌ره‌تاى ئه‌بێت، ئه‌وكات چاره‌سه‌كردن ئاسان ده‌بێت و كۆنترۆڵكردن و بنه‌بڕكردنیشى ئاسان ده‌بێت.
ده‌شڵێت: بۆ نمونه ئه‌وه‌ى كه هه‌یه له دونیادا بۆ شێرپه‌نجه‌ى مه‌مك و ملى مناڵدان و كۆڵۆن و سیه‌كان، ئه‌مانه به هه‌ناوبینین دیارى ده‌كرێت و زۆر قورسیش نیه ئه‌توانین له گه‌رمیان ئه‌مه پیاده بكرێت، به‌ڵام هه‌نگاوێكى زانستى و جوامێرانه و خه‌ڵكێكى زانستى ئه‌وێ كه له پشتى ئه‌مه‌وه هه‌نگاو بنێن.
4. گه‌رمیان و نه‌بونى داتاى وردی توشبوان
تاوه‌كو ئێستا نه له‌سه‌ر ئاستى كوردستان و نه له گه‌رمیانیش داتایه‌كى رون نیه بۆ توشبوان به نه‌خۆشى شێرپه‌نجه، پزیشكێكیش ده‌ڵێت: ئه‌مه ئه‌ركى حكومه‌ته داتاكان رێكبخات و بۆ راى گشتى ئاشكرا بكات.
د.ئه‌كره‌م مه‌حمود، پسپۆرى نه‌خۆشیه‌كانى خوێن له گه‌رمیان باس له‌وه ده‌كات: سه‌باره‌ت به‌وه‌ى داتایه‌ك هه‌بێت به‌شێوه‌یه‌ك بێت هه‌ر شوێنه و به‌دواداچونێكى بۆ كرابێت له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێم و توێژینه‌وه‌یه‌كى باش و هه‌ڵسه‌نگاندنى بۆ كرابێت، شتێكى وانیه له گه‌رمیان و نه‌كراوه.
ده‌شڵێت: ئه‌وه‌ى هه‌یه به‌چاو ده‌بینرێت و ده‌زانرێت، ئه‌گه‌رنا وه‌ك ئه‌وه‌ى توێژینه‌وه‌یه‌كى زانستى له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه و داتاكردن و هۆكاره‌كانى دیاریكرابێت كه له چ شوێنێك زۆره و له چ شوێنێك كه‌مه، یان هه‌ڵسه‌نگاندنێك بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى كه ئێستا روده‌دات و له رابردو چۆن بوه و هۆكاره ژینگه‌ییه‌كان تا چه‌ند پاڵنه‌ره بۆ ئه‌و بابه‌ته، شتێكى وا ورد نه‌ك له گه‌رمیان، به‌ڵكو به‌شێوه‌یه‌كى گشتى نه‌كراوه و نیه.
به‌پێ وته‌ى ئه‌و پزیشكى پسپۆره، ره‌نگه زۆرجار ده‌وترێت ژماره‌ى دانیشتوان زیادى كردوه یاخود پێداویستیه‌كانى مرۆڤ زیاتر بون و ئه‌مه هۆكاربێت بۆ نه‌خۆشیه‌كه و زیاتر بونى نازانین، به‌ڵام له ساڵه‌كانى 2000ـه‌كان زۆرجار زۆر كه‌س هه‌بوه نه‌مان زانیوه نه‌خۆشیه‌كه چیبوه راسته‌وخۆ وتویانه خوێنت فاسد بوه، كه‌چى ئێستا ده‌زانین كه شێرپه‌نجه‌ى خوێنه، جاران ئه‌م بابه‌ته‌نانه له شاره گه‌وره‌كان زیاتر بو كه‌چى ئێستا شاره بچوكه‌كانیشى گرتوه‌ته‌وه.
هاوكات، د. محه‌مه‌د ئازاد، به‌ڕێوبه‌رى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیان ده‌ڵێت: وه‌ك به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ناتوانین هیچ داتایه‌ك بڵێن، چونكه نه دروسته نه زانستیه نه ئیداریشه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هیچ سه‌نته‌رێكى تایبه‌تمه‌ندمان نیه به توشبوانى شێرپه‌نجه له سنوره‌كه.
یه‌كه‌كه‌مان په‌یوه‌ندیی به نه‌خۆشخانه‌ى هیواوه كرد بۆ ده‌ستخستنى ئامارى توشبوانى خه‌ڵكى گه‌رمیان كه له‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌دا تۆمار كرابن، به‌ڵام ئاماژه‌یان به‌وه‌دا هیچ داتایه‌كی تایبه‌ت به قه‌زاكانیان نییه و جیایان نه‌كردوه‌ته‌وه.
به‌پێچه‌وانه‌ى حكومه‌ت رێكخراوێك توشبوانى شێرپه‌نجه له گه‌رمیان تۆمار ده‌كات.
دڵنیا جیهاد، وته‌بێژى رێكخراوى زریان بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ى شێرپه‌نجه له گه‌رمیان وتى: ئێمه كاتێك توشبوانى شێرپه‌نجه داتا ده‌كه‌ین كه هاوكارى مادییان ده‌كه‌ین، به‌ڵام رێژه‌كه زۆر زیاتره له‌وه‌ى كه ئێمه داتامان كردوه.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: ئه‌و داتایه‌ى كه تۆمارمان كردوه ژن و پیاو و مناڵ له خۆ ده‌گرێت، له ساڵى 2018 تاوه‌كو ئێستا 1400 توشبو تۆمار كراوه له‌لامان.

ئاماری رێکخراوی زریان
5. هۆكاره یارمه‌تیده‌ره‌كانى توشبون به شیرپه‌نجه له زاری شاره‌زایانه‌وه
به‌گشتى هۆكاره‌كانى توشبون به شیرپه‌نجه به‌شێوه‌یه‌كى بنبڕ یه‌كلایی ناكرێنه‌وه، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك توخمی ژینگه‌یی هه‌ن كه وه‌ك هۆكارى یاریده‌ده‌ر بۆ بڵاوبونه‌وه‌ى نه‌خۆشییه‌كه ده‌ناسرێن.
د. عه‌بدولمته‌لب ره‌فعه‌ت، پسپۆرى بوارى ژینگه و مامۆستا له زانكۆى گه‌رمیان وتى: نه‌خۆشى شێرپه‌نجه له هه‌رێمى كوردستان روى له زیادبون كردوه به‌تایبه‌ت گه‌رمیان كه ساڵ دواى ساڵ رێژه‌ى نوێ تۆمار ده‌كات، یه‌كێك له هۆكاره‌كان پیسبونى ژینگه‌یه، چونكه كاریگه‌رى راسته‌وخۆى له‌سه‌ر ته‌ندروستى تاك هه‌یه.
ناوبراو ئه‌و توخمه ژینگه‌ییانه‌ى به‌مشێوه‌یه‌ی لایخواره‌وه پۆلێن كرد:
أ. پیسبونى هه‌وا
كوالێتى هه‌وا یه‌كێكه توخمه‌كانى ژینگه به‌پێى وته‌ى شاره‌زایان و پسپۆرانى بوارى ژینگه پیسبونى كوالێتى هه‌وا یه‌كێكه له هۆكاره‌كان بۆ شێرپه‌نجه.
د. عه‌بدولمته‌لب ره‌فعه‌ت، پسپۆرى بوارى ژینگه و مامۆستا له زانكۆى گه‌رمیان ده‌ڵێت: كوالێتى هه‌وا له گه‌رمیان مامناوه‌نده نه باشه نه خراپه، به‌ڵام له هه‌ندێك ناوچه‌ى گه‌رمیان كه مۆلیده ئه‌هلیه‌كان كارده‌كان یاخود ئه‌و شوێنانه‌ى نزیك به شه‌قامه‌كانن ئه‌مانه زیاتر مه‌ترسیان له‌سه‌ره، چونكه زۆر له ماده مه‌ترسیداره‌كان به‌تایبه‌ت ماده قورسه‌كان له ناو هه‌وا بڵاوده‌بێته‌وه.
وتیشى: ماده كاربۆنه‌كان وه‌ك یه‌كه‌م ئۆكسیدى كاربۆن و دوه‌م ئیكسیدى كاربۆن و تیئۆڤیسى وHCHO ئه‌مانه ماده‌ى شێرپه‌نجه‌ین و هۆكارن بۆ توشبون، بۆیه له‌وناوچانه‌ى كه باسم كرد رێژه‌یان زیاتره.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: توێژینه‌وه‌مان ئه‌نجامداوه له‌سه‌ر كافێ و چێشتخانه و چایخانه‌كان، كوالێتى هه‌وا له‌و شوێنانه له ئاستێكى خراپدایه، چونكه میتاڵى قورس و گه‌ردیله ورده‌كان تێیاندا به‌رزه و هۆكاره بۆ شێرپه‌نجه، ئه‌و شوێنانه‌ش هه‌یه مه‌رجێكى سه‌لامه‌تى ته‌ندروستیان تێدا جێبه‌جێ نه‌كراوه.
هاوكات، د. دوره‌ید سه‌لیم، به‌ڕێوبه‌رى فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى گه‌رمیان وتى: له روى زانستى ژینگه‌ییه‌وه شێرپه‌نجه له سێ رێگاوه داخڵ به جه‌سته‌ى مرۆڤ ده‌بێت، یه‌كێك له‌وانه كه سه‌ره‌كیترینیانه كوالێتى هه‌وایه، چونكه به‌ركه‌وته‌ى سه‌ره‌كى و راسته‌وخۆیه.
وتیشى: دوەمیان به‌ركه‌وتنه به ماده تیشكاوییه‌كان سێیه‌میان به‌ركه‌وته‌یه به ماده كیمیاوییه‌كان.
له باره‌ى كوالێتى هه‌واى ناوچه‌كه تا چه‌ند پاكه؟ به‌ڕێوبه‌رى فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى گه‌رمیان ده‌ڵێت: كوالێتى هه‌واى ناوچه‌كه زۆر باشه، چونكه له ماوه‌كانى رابردودا كوالێتى هه‌وامان پێواوه به‌پێى داتاكان زۆرباشه و هه‌ندێكجار مامناوه‌ندیش بوه، هۆكاره‌كه‌شى ئه‌وه‌یه كارگه‌ى نایاسایی له ناوچه‌كه‌دا نیه وه‌ك شاره‌كانى تر‌ى هه‌رێم.
ب. ئاو
به‌پێى وته‌ى ئه‌و پسپۆره‌ى بوارى ژینگه، یه‌كێكى تر له هۆكاره‌كانى توشبون به شێرپه‌نجه خراپى سه‌رچاوه‌ى ئاوه.
د. عه‌بدولموته‌ڵیب ره‌فعه‌ت، ده‌ڵێت: ئاو له‌لاى ئێمه وه‌كپێویست پاڵاوتنى بۆ ناكرێت، ئه‌وه‌ى كه ده‌كرێت له پاڵاوگه‌كان خاوێنى ئه‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام زۆربه‌ى سیسته‌مه‌كانى گه‌یاندنى ئاو به‌ماڵان به‌تایبه‌ت له كه‌لار كۆنن و ماده كاسینۆجینه‌كان دورنیه له‌و سیسته‌مه‌دا كۆببێته‌وه به‌هۆى كۆنییانه‌وه.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: نابێت راسته‌وخۆ ئاو له روباره‌كان بخورێته‌وه، چونكه ئاوى زێرابه‌كان راسته‌وخۆ ده‌ڕژێته ناو روبارى سیروان، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له هۆكاره‌كانى شێرپه‌نجه، چونكه چه‌ندین ماده‌ى قورس هه‌ن كه له نێو ئه‌و ئاوه‌دا كۆده‌بێته‌وه.
به‌پێى وته‌ى د.عه‌بدولمته‌ڵب، توێژینه‌وه‌ى تایبه‌تیان ئه‌نجامداوه له‌سه‌ر ئاوى روبارى سیروان و ده‌ربه‌ندیخان، ئاوى ئه‌م دو ناوچه‌یه گونجاو نیه بۆ به‌كارهێنان به‌شێوه‌ى راسته‌وخۆ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى رێژه‌یه‌كى زۆرى قۆرقۆشم و ماده‌كانى تر كه هۆكارن بۆ شێرپه‌نجه، تێیاندا كۆبوه‌ته‌وه.
له به‌رامبه‌ردا، دوره‌ید سه‌لیم، به‌ڕێوبه‌رى فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى گه‌رمیان وتى: تێكه‌ڵبونى ئاوه‌ڕۆ به‌سه‌رچاوه‌كانى ئاوى به‌تایبه‌ت روبارى سیروان، ئه‌م كێشه‌یه له سه‌رانسه‌رى هه‌رێمدا هه‌یه نه‌ك ته‌نها گه‌رمیان، هۆكاره‌كه‌شى ئه‌وه‌یه تاوه‌كو ئێستا هیچ كارگه‌یه‌كى ریسایكلینى ماده شله‌كانمان نیه.
وتیشى: نه‌بونى یه‌كه‌ى چاره‌سه‌ر و فڕێدانى زێرابه‌كان راسته‌وخۆ بۆ نێو روباره‌كان، هۆكارێكى تر‌ى پیسبونى ژینگه و توشبونه به نه‌خۆشى شێرپه‌نجه، چونكه میتاڵه قورسه‌كان زۆر ئه‌بێت تێیدا.
"وه‌ك شاره‌ونیه‌كانى گه‌رمیان تاوه‌كو ئیستا شتێكى وامان ئاماده نه‌كردوه كه چاره‌سه‌رى ئاوى قورسى پێبكرێت، ته‌نها له شاره‌وانى قه‌زاى كفرى نه‌بێت ئاوه‌ڕۆكه‌ى شوێنى ده‌رچونى نه‌بوه لیژنه‌یه‌ك له وه‌زاره‌ت پێكهێنار بۆ ئه‌و مه‌به‌سته داواى دانانى یه‌كه‌ى چاره‌سه‌ر كراوه بۆ قه‌زاكه". به‌رزان كه‌ریم، به‌ڕێوبه‌رى گشتى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى شاره‌وانیه‌كانى گه‌رمیان واى وت.
وتیشى: له‌م قۆناغه‌دا دانانى یه‌كه‌ى چاره‌سه‌رى ئاوى قورس له گه‌رمیان پێویستى به بودجه و ستاف و سیانه‌كردن هه‌یه، ئه‌مه‌ش قورسه بۆ وه‌زاره‌ت، چونكه به‌هۆى نه‌بونى سویله هه‌مو كارێك وه‌ستاوه، ئێمه زه‌وى نایاب ئه‌فرۆشینه‌وه، كه‌چى پاره‌كه‌ى ئه‌خرێته خه‌زێنه‌ى وه‌زاره‌ته‌وه و دواتر كه داواى پاره ده‌كه‌ین ئه‌ڵێن نییه.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: كاتى خۆى شاره‌وانى كه‌لار بابه‌تێكى له‌وشێوه‌یه‌ى گه‌ڵاڵه كرد كه كارگه‌یه‌كى له‌وشێوه‌یه دابنرێت، به‌ڵام نه‌كراوه، بۆیه پێویسته حكومه‌ت خۆى بیدات به كۆمپانیایه‌كى تایبه‌تمه‌ند له بواره‌كه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى دانانى ئه‌و كارگه‌یه له تواناى حكومه‌ت نیه له ئێستادا.
پ. پیسبونى خاك
پیسبونى خاك به هۆكارێكى تر‌ى شێرپه‌نجه دانراوه له روى زانستیه‌وه، چونكه خاك په‌یوه‌ندى راسته‌وخۆى به ژیانى تاكه‌كان و خۆراكى مرۆڤه‌وه هه‌یه، به پیسبونى ئه‌و خاكه راسته‌وخۆ مه‌ترسى توشبون له‌سه‌ر تاك زیاد ده‌كات.
د. عه‌بدولموته‌ڵب ره‌فعه‌ت، پسپۆرى بوارى ژینگه ده‌ڵێت: خاك له‌لاى ئێمه به‌شێوه‌یه‌كى زۆر خراپ كوالێتى تێكچوه، چونكه ئه‌و ئاوه‌ى به‌كارى ئه‌هێنین بۆ ئاودێریكردن ئه‌وه‌ى سه‌ر زه‌وى و ژێر زه‌وى كه له هه‌ندێك شوێن به‌كارى ئه‌هێنین، ئاوى زێرابى تێدا به‌ركارهاتوه و كۆئه‌بێته‌وه له ناو خاك، له‌وێشه‌وه ئه‌چێته ناو روه‌ك و خۆراك راسته‌وخۆ مرۆڤ وه‌ریده‌گرێت، چونكه ماده‌ى میتاڵه قورسه‌كانى تێدایه.
وتیشى: یه‌كێكى تر له كێشه‌كان په‌ینى كیمایی و ماده قڕكه‌ره‌كانه كه جوتیار به‌كارى ئه‌هێنێت به‌بێ ئه‌وه‌ى زانیارى هه‌بێت، پێویسته ساڵانه پشكنین بۆ ئه‌و خاكه بكرێت و ئه‌و روه‌كه‌شى كه هه‌یه نه‌خۆشیه كشتوكاڵیه‌كان دیارى بكرێت، ئه‌وكات ماده‌ى تایبه‌تى بۆ به‌كاربهێنرێت نه‌ك به‌وشێوه‌ى ئێستا هه‌یه.
به‌پێى وته‌ى ئه‌و پسپۆره‌ى بوارى ژینگه، له روى زانستییه‌وه ئه‌وه سه‌لمێنراوه خراپى و پیسبونى خاك هۆكاره بۆ توشبون به شێرپه‌نجه، كوالێتى خاكیش له زۆربه‌ى ناوچه‌كانى ئێمه به‌ره‌وه خراپتر ئه‌چێت و لاواز بوه و میتاڵه‌كانیش رۆژ دواى رۆژ زیاتر ئه‌بێت.
هاوكات، د. دوره‌ید سه‌لیم، به‌ڕێوبه‌رى فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى گه‌رمیان وتى: پیسبونى خاك به ماده كیمیایی و قڕكه‌ره‌كان ئه‌ركى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵه كه كارى جدى له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته بكات، چونكه له‌لایه‌ن جوتیارانه‌وه به‌كارئه‌هێنرێت به‌شێوه‌یه‌كى نازانستى، ئه‌مه‌ش ئه‌بێته هۆى پیسبونى خاك و ئه‌و ماده خۆراكیانه‌ى كه به‌رهه‌م ئه‌هێنرێت له‌سه‌ر ئه‌و خاكه، هه‌ر بۆیه ئه‌مه هۆكاره بۆ شێرپه‌نجه.
وتیشى: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویسته دراسه‌تێكى زانستى مه‌یدانى زۆر ورد بكرێت سه‌باره‌ت به خاك بۆ ئه‌وه‌ى بزانین گه‌شتوینه‌ته ئاستى پیسبون یان نا كه تاوه‌كو ئێستا ئه‌وه نه‌كراوه.
له به‌رامبه‌ردا، شادییه حسێن، به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان ده‌ڵێت: وه‌ك رێنمایی هه‌یه له وه‌زاره‌تمان بۆ قه‌ده‌غه‌كردنى هه‌ندێك ماده‌ى قڕكه‌ر كه نه‌هێنرێته ژوره‌وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش رێگریمان كردوه و له‌گه‌ڵ قایمقامیه‌ته‌كانیش لیژنه‌مان دروست كردوه بۆ ئه‌ومه‌به‌سته و باریش هه‌ر ئه‌گرین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر دێت.
وتیشى: له‌سه‌ر مه‌رزه‌كان بۆ هێنانى به‌رهه‌مه‌كان پشكنینى ماده قڕكه‌ره‌كان ده‌كرێت، به‌ڵام پشكنینى كیمیایی ده‌رناكرێت نازانین هۆكاره‌كه‌ى چیه، به‌ڵام ئێمه له رێگه‌ى كۆمپانیاوه له نێو عه‌لوه‌كه ئه‌و پشكنینانه ده‌كه‌ین وه‌ك ماده‌قڕكه‌ره‌كان.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: كۆمه‌ڵێك بارى قڕكه‌ر هه‌یه كه دێته ژوره‌وه له سنوره‌كان و هه‌ندێك به قاچاخ دێت له عێراقه‌وه رێگه پێدراو نیه كه‌چى هه‌ر ئه‌هێنرێت.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: به به‌رده‌وامى له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كان و ئه‌ندازیاره‌كانى خۆشمانه‌وه هۆشیارى به جوتیار دراوه له رێگه‌ى سیمینار و كۆبونه‌وه بێت یاخود به راسته‌وخۆى بێت، سه‌باره‌ت به زیانه‌كان و مه‌ترسى به‌كارهێنانى ماده‌قڕكه‌ره‌كان و كیمیاییه‌كان.
ت. سوتاندنى پاشماوه‌كان
سوتاندنى پاشماوه‌كان و له ناوبردنیان به‌شێوه‌یه‌كى نازانستى به‌یه‌كێكى تر له هۆكاره‌كان داده‌نرێت بۆ توشبون به شێرپه‌نجه، چونكه تاوه‌كو ئێستا له گه‌رمیان هیچ كارگه‌یه‌كى ریسایكلین بونى نیه له سنوره‌كه.
عه‌بدولموته‌ڵب ره‌فعه‌ت، جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه: له‌ناوبردن و سوتاندنى پاشماوه‌كان به‌شێوه‌یه‌كى ناته‌ندروست به‌تایبه‌ت سوتاندنى پلاستیك یه‌كێكى تره له هۆكاره‌كان بۆ شێرپه‌نجه، چونكه پلاستیك له نه‌وت دروست ده‌كرێت و رێژه‌یه‌كى زۆریش ده‌هێنرێته هه‌رێم به‌بێ ئه‌وه‌ى كوالێتیه‌كى باشیان هه‌بێت.
وتیشى: ئه‌و شوێنه نیشته‌جێبونانه‌ى كه نزیكن له‌و ناوچه‌یه‌ى ئه‌و ماده پلاستیكانه‌ى تێدا ده‌سوتێنرێت مه‌ترسیان له‌سه‌ره، پێویسته رێگرى له‌و كاره بكرێت و كارگه‌ى تایبه‌تمه‌ند هه‌بێت بۆ له‌ناوبردنى ئه‌و پاشماوانه.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: ئه‌و رێژه زۆره‌ى پلاستیك كه ده‌هێنرێته هه‌رێم كوالێتیان نزمه و مه‌رجى سه‌لامه‌تیان تێدا ره‌چاو نه‌كراوه، به‌جۆرێك له روى زانستیه‌وه پۆلێن كراوه بۆ نمونه له 1 بۆ 7 پێویسته بزانین بۆچى به‌كاردێت به‌پێى ژماره‌كان و خراپیه‌كه‌ى چیه، به‌ڵام له وڵاتى ئێمه جۆره‌ها دێت و سه‌لامه‌تى نیه، بۆنمونه سه‌تڵى ماست پلاستیكه و له نه‌وتیش دروستكراوه.
ئه‌و پسپۆڕه ده‌شڵێت: پێویسته ره‌چاوى لایه‌تى ته‌ندروستى بكرێت به‌شێوه‌ى زانستى له‌ناوببرێت و به وریاییه‌وه مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ بكرێت، چونكه هۆكاره بۆ پیسبونى هه‌وا خاك سه‌رچاوه‌كانى ئاویش.
له به‌رامبه‌ردا، د. دوره‌ید سه‌لیم، به‌ڕێوبه‌رى فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى گه‌رمیان وتى: له گه‌رمیان له ناوبردنى پاشماوه‌كان و سوتاندنیان به‌شێوه‌ى هه‌ڕه‌مه‌كییه و زانستى نیه، ئه‌گه‌رچى له ماوه‌كانى رابردو وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى چه‌ندین ئامێرى دابینكرد بۆ له‌ناوبردنى ماده كیمیاییه‌كان ئه‌سوتێنران له ده‌ره‌وه پێشتر، بۆیه له ئێستادا نازانم ئه‌وه كارده‌كات یان نا.
تاوه‌كو ئێستا له گه‌رمیان كارگه‌ى ریسایكلینى خۆڵ و خاشاك بونى نیه، به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى شاره‌وانیه‌كانى گه‌رمیانیش ده‌ڵێت: كۆمپانیاى تایبه‌تمه‌ندى ده‌وێت.
به‌رزان كه‌ریم، به‌ڕێوبه‌رى گشتى شاره‌وانیه‌كانى گه‌رمیان وتى: داوامان له حكومه‌ت كرد له ته‌نده‌رینى خۆڵ و خاشاك كۆكردنه‌وه، كارگه‌ى ریسایكلین هه‌بێت، به‌ڵام وه‌زاره‌ت داواى كرد به ده‌رخسته‌یه‌كى تایبه‌تمه‌ندیان كرد ئه‌مه‌ش پێویستى به كۆمپانیا و نوسینگه‌ى تایبه‌تمه‌نده به‌و بواره و كارى كردبێت پێشتر.
ده‌شڵێت: بۆیه تاوه‌كو ئێستا له‌م بواره‌دا هیچ نه‌كراوه و نه‌مانتوانیوه ده‌رخسته‌یه‌كیش ئاماده بكه‌ین، چونكه له تواناى شاره‌وانییدا نیه.
"ئامێرى سوتێنه‌رى پاشماوه‌كانى ته‌ندروستیمان هه‌یه، به‌ڵام تاقه‌كه‌ى دیاریكراوه، بۆیه بڕیارمانداوه بیگوازینه‌وه نێو كۆگاى سه‌ره‌كى ده‌رمان بۆ ئه‌وه‌ى هه‌مو گه‌رمیان سودى لێببینن به نه‌خۆشخانه ئه‌هلیه‌كانیشه‌وه". د. محه‌مه‌د ئازاد، به‌ڕێوبه‌رى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیان وا ده‌ڵێت.
ده‌شڵێت: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له پلانى 2026دا ئه‌وه‌مان داناوه ئامێرێكى گه‌وره‌تر بكڕین ئه‌گه‌ر ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ره‌زامه‌ندى بدات، بۆ ئه‌ومه‌به‌سته‌ش نزسراومان بۆ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى كردوه ئه‌گه‌ر ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانیش رێگه‌ى نه‌دا له‌سه‌ر بودجه‌ى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى بیكڕین.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: ئه‌مساڵ بۆیه نه‌مانتوانى ئه‌وه‌بكه‌ین قه‌رزێكى ساڵى رابردومان له‌سه‌ر بو كه ته‌نها یه‌ك كۆمپانیا 310 ملیۆن دینارى له‌لامان بوه ته‌نها بۆ كڕینى ئامێر، بۆیه ناچاربون ئه‌وانه سفربكه‌ینه‌وه.
6. بونى سه‌نته‌رێكى مامۆگرافی له كفری و هه‌وڵدان بۆ كردنه‌وه‌ى سه‌نته‌رێكى تر له كه‌لار
له قه‌زاى كفرى سه‌نته‌رێكى تایبه‌ت به پشكنینی گرێی مه‌مك كراوه‌ته‌وه، به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌ى شه‌هید خالد گه‌رمیانى له قه‌زاى كفرى ده‌ڵێت: مانگه 70 نه‌خۆش ده‌بینێت.
سامان سه‌رتیپ، به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌ى شه‌هید خالد گه‌رمیانى له قه‌زاى كفرى ده‌ڵێت: له سه‌نته‌ره‌كه‌دا پزیشكێكى پسپۆرى سنگ و مه‌مكى ژنانمان هه‌یه كه هه‌فته‌ى 1 رۆژ نه‌خۆش ده‌بینێت، كه مانگانه 70 نه‌خۆش له سنوره‌كه‌دا ده‌بینێت، هاوكات له به‌شى مۆمۆگرافیه‌كه‌ش 2 كارمه‌ندى خۆبه‌خشمان هه‌یه كه راهێنراون له هه‌فته‌یه‌كدا 3 رۆژ ده‌وام ده‌كه‌ن ئه‌وه‌ش مانگانه 25 نه‌خۆش به به‌رده‌وامى مۆمۆگرافیان بۆ ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌رچى رێژه‌كه گۆڕانكاریى به‌سه‌ردا دێت.
وتیشى: ئه‌م سه‌نته‌ره له مانگى 7ـى ئه‌مساڵه‌وه به فه‌رمی ده‌ستى به‌كاره‌كانى كردوه و به‌رده‌وامه له كاركردن.
به‌پێى وته‌ى به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌ى شه‌هید خالد گه‌رمیانى له قه‌زاى كفرى، سه‌نته‌ره‌كه له ئێستادا وه‌كپێویست نیه، به‌ڵام هه‌نگاوێكى گرنگه كه نراوه. وتى: ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت سه‌نته‌رێكى باش بێت ئه‌وه پێویستمان به پزیشكى نه‌شته‌رگرى هه‌یه له‌گه‌ڵ ئامێرێكى سیتى سكان و MRI له‌گه‌ڵ ئامێرى سۆنه‌ر كه هه‌مانه به‌ڵام پزیشكى بۆردمان نیه و پزیشكى راهێنراومان هه‌یه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، هاوكات ئێستا 2 كارمه‌ندى خۆبه‌خشمان هه‌یه ده‌كرێت 4 بن له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك پزیشك و پسپۆرى دیكه دابنرێت.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: له كاتى كردنه‌وه‌ى سه‌نته‌ره‌كه تاوه‌كو ئێستا 7 بۆ 12 نه‌خۆشى نه‌خۆخشانه‌ى هیوا و نانه‌كه‌لیمان هه‌یه كه دێنه لاى ئێمه چاودێرى ته‌ندروستى خۆیان ده‌كه‌ن و ناڕۆنه‌وه سلێمانى.
به‌پێى ئامارێكى سه‌نته‌رى شێرپه‌نجه‌ى مه‌مك له كفرى له ماوه‌ى 5 مانگى ئه‌مساڵدا رێژه‌ى بینینى نه‌خۆش و مۆمۆگرافى بۆ مه‌مكى ژنان به‌مشێوه‌یه:
بينينى نەخۆش: 350
مامۆگرافی: 125
هاوكات، د. محه‌مه‌د ئازاد، به‌ڕێوبه‌رى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیان، ده‌ڵێت: سه‌نته‌رى مامۆگرافیه‌كه‌ى كفرى ده‌ستى به‌كاره‌کانى كردوه و ئامێر و ستاف و پێداویستى هه‌یه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا چه‌ند دكتۆرێكى كه‌ى پێویسته كه زۆر سودى بۆ ناوچه‌كه ده‌بێت و داواكراوه.
هاوكات له نێو سه‌نته‌رى تیشك له كه‌لار هه‌نگاوێك نراوه بۆ دانانى ئامێرى مامۆگرافى تایبه‌ت به پشكنینى سنگى ژنان.
د. محه‌مه‌د ئازاد، به‌ڕێوبه‌رى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیان، ده‌ڵێت: بڕیاره له نێو سه‌نته‌رى تیشكه‌كه‌ى كه‌لار له نێو نه‌خۆشخانه‌ى گشتى سه‌نته‌رێكى تر‌ى مامۆگرافى بكه‌ینه‌وه تایبه‌ت خانمان.
وتیشى: پزیشكێكمان هه‌یه له ئێستادا و چاوه‌ڕوانین پزیشكێكى دیكه‌مان بۆ بێته‌وه كه پسپۆرى تایبه‌تن به نه‌خۆشیه‌كانى مه‌مك، گرێبه‌ستیش كراوه ئامێرى مامۆگرافیه‌كه له ده‌ره‌وه‌ى وڵات بهێنن و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له ئاینده‌یه‌كى نزیكدا بگاته ده‌ستمان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كارمه‌ندمان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته داناوه.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: هه‌مو ئه‌مانه له‌سه‌ر بودجه‌ى به‌رێوبه‌رایه‌تیمان كراوه و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له ده‌ستپێكى ساڵى 2026 بخرێته خزمه‌ت هاوڵاتیانه‌وه.
7. نه‌بونى خزمه‌تگوزارى ته‌ندروستى ده‌رونى بۆ توشبوانى شێرپه‌نجه
پسپۆرێكى بوارى ده‌رونى جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه، توشبوانى شێرپه‌نجه بۆ خۆیان ده‌رونێكى نائارامیان هه‌یه پێویسته حكومه‌ت خزمه‌تگوزارییان پێشكه‌ش بكات بۆ ئه‌وه‌ى كه‌مێك له‌و بارگرانیه ده‌رونیه‌ى توشیان بوه كه‌م ببێته‌وه.
به‌یان حه‌مه تاهیر، پسپۆڕى بوارى ده‌رونى و مامۆستا له زانكۆى گه‌رمیان، وتى: ناوهێنانى نه‌خۆشى شێرپه‌نجه خۆى بۆ خۆى مرۆڤ توشى دڵه‌ڕاوكێ و ده‌رونى ده‌كات، چ بگات به‌وانه‌ى كه توشى ده‌بن به‌جۆرێك توشى داڕمانێكى ده‌رونى ده‌بن كه چى لێ به‌سه‌ردێت چه‌ندى تر له ژیان ده‌مێنێته‌وه.
وتیشى: یه‌كێكى تر له بارگرانیه ده‌رونیه‌كه كه توشى توشبوانى شێرپه‌نجه بوه له گه‌رمیان ئه‌و رێگا دوره‌یه كه هه‌مو مانگێك بۆ وه‌رگرتنى چاره‌سه‌ربێت یان پشكنینێكى چه‌ند ده‌قه‌ى بێت ده‌یبڕێت، ئه‌مه بۆ خۆى بارگرانیه‌كى تر‌ى ده‌رونیه كه توشى هه‌ڵگرانى شێرپه‌نجه بوه‌ته‌وه، كه ره‌نگه زۆرجار سه‌ربكێشێت بۆ خه‌مۆكى.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: نه‌خۆشى وامان هه‌بوه ئه‌و رێگه دوره‌شى بڕیوه بۆ وه‌رگرتنى ده‌رمانێك ده‌ستى نه‌كه‌وتوه، ئه‌مه بۆ خۆى گرفتێكى تره، سه‌ربارى گرانى نرخى ده‌رمانه‌كانیش كه چه‌ندین خێزانمان هه‌یه هه‌مو شتێكیان له‌ده‌ست داوه له پێناو نه‌خۆشه‌كه‌یان.
8. رێكخراوێك له گه‌رمیان له برى حكومه‌ت خه‌مى توشبوانى شێرپه‌نجه‌ی هه‌ڵگرتوه
رێكخراوى زریان بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ى شێرپه‌نجه، له ساڵى 2018ـه‌وه له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك گه‌نجى خۆبه‌خشه‌وه دامه‌زراوه، ئه‌ركى ئه‌م رێكخراوه هاوكارى دارایی ئه‌و خێزانانه ده‌كات كه بارى داراییان خراپه و توشبوى شێرپه‌نجه‌یان هه‌یه.
دڵنیا جیهاد، وته‌بێژى رێكخراوى زریان بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ى شێرپه‌نجه له گه‌رمیان وتى: كاره‌كانى ئه‌م رێكخراوه و ئامانجه‌كه‌ى ئه‌وه‌یه كه هاوكارى دارایی ده‌به‌خشێته توشبوانى شێرپه‌نجه كه دۆخى داراییان خراپه.
به‌پێى وته‌ى وته‌بێژى رێكخراوى زریان له گه‌رمیان، رێكخراوه‌كه 2 نامیلكه‌ى بڵاوكردوه‌ته‌وه یه‌كێك له‌وانه تایبه‌ت به نه‌خۆشى شێرپه‌نجه به ته‌واوى زانیارییه‌كان له‌سه‌رى، هاوكات نامیلكه‌ى دوه‌م كۆمه‌ڵێك هۆشیارى ته‌ندروستیه له‌سه‌ر نه‌خۆشه‌كه كه چۆن خۆمان بپارێزین و هۆكاره‌كانى چیه، هاوكات پرۆشه‌ری هۆشیارییان له‌سه‌ر نه‌خۆشیه‌كه بڵاوكردوه‌ته‌وه.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: به‌شێكى توشبوانى شێرپه‌نجه له گه‌رمیان داتایه له‌لاى ئێمه كه ته‌نها له ماوه‌ى ساڵى 2025ـدا 58 حاڵه‌ت تۆماركراون له‌لاى رێكخراوه‌كه‌مان، به‌گشتى له‌ساتى دامه‌زراندنى رێكخراوه‌كه‌وه تاوه‌كو ئێستا 1400 كه‌س له گه‌رمیان توشبوى شێرپه‌نجه له‌لاى ئێمه تۆماره، به‌ڵام رێژه‌كه زۆر زیاتره له‌وه‌ى كه تۆماركراوه.
به‌شى دوه‌م: ده‌ره‌نجام و راسپارده‌كان
یه‌كه‌م: ده‌ره‌نجام
1. زیادبونى نه‌خۆشییه‌كه و نه‌بونی داتای فه‌رمی و ورد:
به‌پێی پێدراوه‌كان، ژماره‌ى توشبوانى شیرپه‌نجه له گه‌رمیان رو له زیادبونه، ئه‌مه‌ش به‌وته‌ى پزیشك و به‌رپرسانى ته‌ندروستى، به‌ڵام تائێستا حكومه‌ت و ته‌ندروستی گه‌رمیان هیچ ئامارێكی وردی توشبوانیان له‌به‌رده‌ستدا نییه، ئه‌و ئامارانه‌ی هه‌شن ته‌نها لای رێكخراوه مه‌ده‌نییه‌كانه (وه‌كرڕێكخراوی زریان كه 1400 توشبوی تۆماركردوه).
2. نه‌بونی ده‌زگاى تایبه‌تمه‌ند:
تاوه‌كو ئێستا له سنوری ئیداره‌ی گه‌رمیان هیچ سه‌نته‌ر یان نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تایبه‌ت به چاره‌سه‌ركردنی شێرپه‌نجه بونی نییه، ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین گرفتی نه‌خۆشه‌كانه.
3. بارگرانی دارایی و جه‌سته‌یی بۆ نه‌خۆش:
به‌هۆی نه‌بونی سه‌نته‌ر له ناوچه‌كه‌دا، نه‌خۆشه‌كان ناچارن مانگانه رێگایه‌كی دور و پڕ له مه‌ترسی ببڕن بۆ سلێمانی (نه‌خۆشخانه‌ی هیوا) یان به‌غداد و ته‌نانه‌ت وڵاتانى دیكه‌ش بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر، كه ئه‌مه‌ش تێچویه‌كی زۆری ده‌وێت.
4. پیسبونی ژینگه وه‌ك هۆكارێكی سه‌ره‌كی:
تائێستا هۆكاره زانستییه‌كانى توشبون به شیرپه‌نجه لێكۆڵینه‌وه‌ى له‌باره‌وه ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌و هۆكارانه‌ى كه به یارمه‌تیده‌ر یان هانده‌رى توشبون ده‌ناسرێن، له‌گه‌رمیاندا بونیان هه‌یه. شاره‌زایان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه پیسبونی هه‌وا (به‌هۆی مۆلیده و كارگه‌كان)، تێكه‌ڵبونی ئاوه‌ڕۆ به روباری سیروان، به‌كارهێنانی ماده قڕكه‌ره‌كان له كشتوكاڵدا، ده‌كرێت له هۆكاری كاریگه‌ری زیادبونی نه‌خۆشییه‌كه بن له گه‌رمیان.
5. كه‌مته‌رخه‌می حكومه‌ت له جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كان:
چه‌ندین نوسراو و داواكاری له‌لایه‌ن داموده‌زگا ته‌ندروستییه‌كان و ڕێكخراوه‌كانه‌وه ئاڕاسته‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ته‌ندروستی كراوه بۆ كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌رێك، به‌ڵام تائێستا وه‌ڵامی جیدیی نه‌دراوه‌ته‌وه و كاره‌كان ته‌نها له چوارچێوه‌ی "دراسه" و "به‌ڵێن"دا ماونه‌ته‌وه.
6. سوتاندنی ناته‌ندروستی پاشماوه‌كان:
نه‌بونی كارگه‌ی ریسایكلین و سوتاندنی پاشماوه پلاستیكییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی له گه‌رمیان، بوه‌ته هۆی بڵاوبونه‌وه‌ی ماده ژه‌هراوییه‌كان له هه‌وادا كه ئه‌مانه‌ش مه‌ترسی شێرپه‌نجه زیاد ده‌كه‌ن.
7. هه‌نگاوی سه‌ره‌تایی له كفری و كه‌لار:
ته‌نها هه‌وڵی ئومێدبه‌خش كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌رێكی بچوكی "مامۆگرافی"یه له كفری و هه‌وڵێكی هاوشێوه له كه‌لاریش هه‌یه "هێشتا نه‌كراوه‌ته‌وه"، به‌ڵام ئه‌مانه ته‌نها بۆ ده‌ستنیشانكردنن نه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشییه‌كه.
8. نه‌بونی خزمه‌تگوزاريی ده‌رونی:
توشبوانی شێرپه‌نجه له گه‌رمیان به‌ده‌ست داڕمانی ده‌رونی و خه‌مۆكییه‌وه ده‌ناڵێنن و هیچ سه‌نته‌رێكی حكومی نییه پاڵپشتی ده‌رونییان بكات بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كه.
9. رۆڵی رێكخراوه‌كان له‌بری حكومه‌ت:
رێكخراوه خۆبه‌خشه‌كان (وه‌ك رێكخراوی زریان) ئه‌ركی حكومه‌تیان گرتوه‌ته ئه‌ستۆ له كۆكردنه‌وه‌ی هاوكاری دارایی و دابینكردنی ده‌رمان و بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاری بۆ نه‌خۆشه‌كان.
10. مه‌ترسی داهاتو:
به‌هۆی به‌رده‌وامی هۆكاره ژینگه‌ییه‌كان و نه‌بونی سیسته‌مێكی پشكنینی پێشوه‌خته و سه‌نته‌ری چاره‌سه‌ر، پێشبینی ده‌كرێت رێژه‌ی توشبون له گه‌رمیان ساڵ دوای ساڵ رو له زیادبون بكات.
دوه‌م: راسپارده‌كان
1. له‌ڕوی ژێرخانی ته‌ندروستییه‌وه
ا. كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ری چاره‌سه‌ری كیمیایی:
پێویسته حكومه‌ت به‌په‌له سه‌نته‌رێكی بچوكراوه‌ی چاره‌سه‌ر (Chemotherapy Unit) له گه‌رمیان بكاته‌وه، تاوه‌كو نه‌خۆشه‌كان بۆ وه‌رگرتنی ده‌رزی و چاره‌سه‌ره وه‌رزییه‌كان ناچار نه‌بن بچنه سلێمانی.
ب. ئاسانكاربی بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران:
لابردنی رێگرییه ئیدارییه‌كان له‌به‌رده‌م ئه‌و وه‌به‌رهێنه‌رانه‌ی ده‌یانه‌وێت سه‌نته‌ری پسپۆڕی شێرپه‌نجه دروست بكه‌ن و دابینكردنی زه‌وی و پشتیوانی یاسایی بۆیان.
پ. فراوانكردنی سه‌نته‌ره‌كانی پشكنینی پێشوه‌خته:
جگه له مه‌مك، پێویسته ئامێرى دیکە بۆ پشكنینی پێشوه‌خته‌ی كۆڵۆن و گه‌ده دابین بكرێن و پزیشكی پسپۆڕیان بۆ ته‌رخان بكرێت.
2. له‌ڕوی كارگێڕيی و داتاوه
ا. دروستكردنی "داتابه‌یسی شێرپه‌نجه‌ی گه‌رمیان":
راسپاردنی ته‌ندروستی گه‌رمیان بۆ دروستكردنی تۆمارێكی دیجیتاڵی ورد كه تێیدا جۆری شێرپه‌نجه، ته‌مه‌ن و شوێنی نیشته‌جێبونی توشبوان تۆمار بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێت هۆكاره ژینگه‌ییه‌كان له كام ناوچه كاریگه‌رترن.
ب. دابینكردنی بودجه‌ی تایبه‌ت به ده‌رمان:
ته‌رخانكردنی بودجه‌یه‌كی مانگانه‌ی جێگیر بۆ دابینكردنی ئه‌و ده‌رمانه گرانبه‌هایانه‌ی كه ئێستا نه‌خۆشه‌كان له بازاڕدا ده‌یكڕن.
3. له‌ڕوی پاراستنی ژینگه‌وه (رێگری له هۆكاره‌كان)
ا. بنیاتنانی یه‌كه‌ی پاڵاوتنی ئاوه‌ڕۆ:
په‌له‌كردن له دروستكردنی كارگه‌ی ریسایكلینی ئاوی قورس (Sewage Treatment) بۆ رێگریكردن له رژانی ئاوه‌ڕۆی شاره‌كان بۆ ناو روباری سیروان كه سه‌رچاوه‌ی ئاوی خواردنه‌وه‌یه.
ب. قه‌ده‌غه‌كردنی سوتاندنی پاشماوه‌كان:
دانانی كارگه‌ی ڕیسایكلینی خۆڵ و خاشاك و قه‌ده‌غه‌كردنی توندی سوتاندنی پلاستیك و پاشماوه نه‌وتییه‌كان له نزیك ناوچه نیشته‌جێبونه‌كان و ژێرخۆڵ خستنیان بەبێ چارەسەر.
پ. كۆنترۆڵی مه‌رزه‌كان بۆ ماده كیمیاییه‌كان:
توندكردنه‌وه‌ی چاودێریی له‌سه‌ر هاورده‌كردنی ماده قڕكه‌ره‌كان و په‌یینی كیمیایی و رێگریكردن له‌و مادانه‌ی كه له‌سه‌ر ئاستی جیهانی وه‌ك "ماده‌ی شێرپه‌نجه‌یی" ناسێنراون.
4. پاڵپشتی مرۆیی و كۆمه‌ڵایه‌تی
ا. دامه‌زراندنی یه‌كه‌ی پاڵپشتی ده‌رونی:
كردنه‌وه‌ی به‌شێكی تایبه‌ت له‌ناو نه‌خۆشخانه‌كاندا كه پزیشكی ده‌رونی و توێژه‌ری لێ بێت، بۆ هاوكاریكردنی نه‌خۆش و خێزانه‌كانیان له‌ڕوی ورە و موراڵه‌وه.
ب. هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه‌كان:
حكومه‌ت له‌بری پشتگوێخستن، پێویسته دەستە یان بۆرد یاخود ژورێكی هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ رێكخراوه مه‌ده‌نییه‌كان دروست بكات بۆ ئه‌وه‌ی هاوكارییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه بگاته ده‌ست هه‌مو نه‌خۆشه‌كان.
- دوایین بابەتەکان
-
راپۆرتدۆسییەکانی وەبەرهێنان و نوسینگەکانی دراو زۆربون؛ لە کەلار هەزاران دۆسیەی یاسایی لە جێبەجێکردندان
-
-
راپۆرت"مۆبایلەکانیان کردوە بە فرۆشگا"؛ کچە کاسبکارەکانی گەرمیان دیوارە تەقلیدییەکان دەشکێنن
-
-
هەواڵدانپێدانانى زانكۆى گه‌رمیان چاوه‌ڕوانى پێكهێنانى حكومه‌تى نوێى عێراقه
-
-
هەواڵله سنورى گه‌رمیان 38 پرۆژه كاركردن تیایاندا راگیراوه
-
-
راپۆرتگەنجان و کاری خۆبەخشی؛ پردێک بۆ ئەزمون یان ماندوبونی بێ ئەنجام؟
-
زۆرترین بینراوەکان