دوای دو ساڵ کارگەی خشتی سوری کفری هێشتا مەرەکەبی سەر کاغەزە
هەواڵ
01:35PM - 2025-11-25 , بینین : 82
 
رادیۆی دەنگ
 
سەرەڕای تێپەڕبوونی دو ساڵ بەسەر بڕیاری دروستکردنی کارگەی خشتی سور لە قەزای کفری و تەواوکردنی سەرجەم رێکارە یاسایی و ئیدارییەکان، هێشتا پڕۆژەکە نەچوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، چالاکوانانی شارەکەش هۆشداری لە "پەراوێزخستنی بەئەنقەست"ـی قەزاکەیان دەدەن.
 
عوسمان قەتارچی، سەرۆکی رێکخراوی پاڵپشتی کفری، لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی دەنگ، پەردەی لەسەر گرفتەکە لابرد و رایگەیاند: "زەوی بۆ پڕۆژەکە تەرخانکراوە و هیچ بەربەستێکی یاسایی لە ئارادا نەماوە، بەڵام بەشێوەیەکی گوماناویی تائێستا دەست بە کارکردن لە پرۆژەکەدا نەکراوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش وەڵامێکی رون و قەناعەتپێکەرمان نادەنەوە".
 
بەوتەی ناوبراو، لە کاتێکدا لە ماوەی رابردودا چەندین پڕۆژەی گەورە لە ناوچەکانی دەوروبەر جێبەجێ کراون، کەچی "کفری وەک شارێکی فەرامۆشکراو مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت".
 
سەبارەت بە لایەنی جێبەجێکار، قەتارچی ئاماژەی بەوەدا کە چەندین جار پەیوەندییان بە کۆمپانیای (قەیوان)ـەوە کردوە کە ئەرکی دروستکردنی کارگەکەی لە ئەستۆیە، بەڵام تەنها وەڵامیان ئەوەیە کە "بەمزوانە دەستپێدەکەین"، بەڵێنێک کە دو ساڵە خەڵکی کفری چاوەڕێی جێبەجێبونی دەکەن.
 
کارگەکە یەکێک بو لەو پرۆژانەی کە لە سەروبەندی خۆپیشاندانی دو ساڵ پێشتری قەزاکە، لەلایەن حکومەتەوە بڕیاری جێبەجێکردنی درابو.