تەندروستی گەرمیان: داوای دەرخستەیەکی نوێمان کردوە بۆ نەخۆشخانە 100 قەرەوێڵەییەکەی کەلار
هەواڵ
08:30PM - 2025-11-16 , بینین : 77
 
رادیۆی دەنگ
 
پڕۆژەی نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی لە قەزای کەلار، ماوەی 13 ساڵە بەهۆی نەبوونی بودجەوە پەکیکەوتوە، ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری لەناو هاوڵاتیان دروستکردوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیانیش رایدەگەیەنێت داوایان لە وەزارەت کردوە دەرخستەیەکی نوێ بۆ پڕۆژەکە ئامادە بکات.
 
ئازاد حەمە فەرەج، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان، لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی دەنگ ئاماژەی بەوەدا: کۆمپانیای جێبەجێکار کە پێشتر کاری لە پڕۆژەکەدا دەکرد، تەواوی پارەکانی ئەو ماوەیە کە کاری کردوە وەرگرتوە و دەستی لە کارەکان هەڵگرتوە.
 
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە پڕۆژەکە لە سەرەتادا بە بودجەی پترۆدۆلارەوە دەستیپێکرد، بەڵام ئێستا گۆڕاوە بۆ بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان.
 
بەپێی زانیارییەکان، بودجەی پێشوتری پڕۆژەکە 27 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکرابو، بەڵام بەپێی خەمڵاندنە نوێیەکان، پڕۆژەکە پێویستی بە نزیکەی 18 ملیۆن دۆلاری دیکە هەیە بۆ تەواوبونی.
 
وتەبێژەکەی تەندروستی گەرمیان جەختی لەوە کردەوە "نوسراومان بۆ وەزارەت کردوە بۆ ئەوەی دەرخستەی نوێ بۆ پرۆژەکە بکرێت و بەپێی نرخی ئێستا بودجەی بۆ تەرخانبکرێت، تاوەکو دەستبکرێتەوە بە کارەکانی".
 
پەککەوتنی کارەکانی ئەم نەخۆشخانەیە لە کاتێکدایە کە قەزای کەلار و دەوروبەری پێویستییەکی زۆریان بە خزمەتگوزاری تەندروستی پێشکەوتو هەیە.