
رادیۆی دهنگ
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان جەخت دەکاتەوە کە هۆکاری سەرەکیی نەگەیشتنی خێرای تیمەکانیان بۆ شوێنی روداوەکان، پەیوەندیی بە کەمتەرخەمی یان کەمیی کارمەندەوە نییە، بەڵکو بەستراوەتەوە بە ئاگادارنەکردنەوەی هێزەکانیان لە کاتی پێویستدا.
لە ماوەكانی رابردوودا ژمارەیەک لە شۆفێران و هاوڵاتیان لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیا ناوخۆییەکانەوە گازندەی ئەوەیان کردوە کە لە کاتی روداوهكانى هاتوچۆدا تیمەکانی پۆلیسی هاتوچۆ بە شێوەیەکی خێرا ناگەنە شوێنی مەبەست، بهڵكو هێزه ئهمنییهكان دێن.
لە وەڵامی ئەم نیگەرانییانەدا، سامان عەلی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی گەرمیان، لە لێدوانێکدا بۆ ڕادیۆی دەنگ رایگەیاند: "تیمەکانمان بەردەوام لە ئامادەباشیدان و تا ئێستا هیچ گرفتێکمان نەبوە لە گەیشتن بە شوێنی روداوەکان، بەڵام مەرجی سەرەکی ئەوەیە کە ئاگادار بکرێینەوە، چۆن دەتوانین بزانین روداوێک رویداوە ئەگەر هیچ کەسێک پەیوەندیمان پێوە نەکات؟"
وتەبێژی هاتوچۆی گەرمیان داواشی لە هاوڵاتیان کرد کە لە کاتی روبەڕوبونەوەی هەر روداوێکدا، بەبێ دواکەوتن پەیوەندی بە ژمارە گشتییەکانی فریاکەوتنهوه بکەن، چونکە وهكخۆی ئاماژهى پێدا ئاگادارکردنەوەی خێرا یارمەتیدەرە بۆ گەیشتنی تیمەکان و کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە لە کەمترین ماوەدا.
لهبهرامبهر پرسی هاتنى تیمی هێزه ئهمنییهكان لهپێش تیمهكانى هاتوچۆوه، وتهبێژهكهى هاتوچۆی گهرمیان بابهتهكهى به "ههماههنگیی" زانی، لهوبارهوه وتی: "زۆرجار تیمەکانی ئاسایش کە گەڕانی شەوانەیان هەیە، یەکەم لایەنن دەگەنە شوێنی روداوەکە و رێوشوێنی ئەمنی دەگرنەبەر تا گەیشتنی تیمە پسپۆڕەکانی ئێمە، ئەمەش جۆرێکە لە هاوکاریی نێوان دەزگاکان بۆ خزمەتی هاوڵاتیان."
سەبارەت بە توانای بەڕێوەبەرایەتییەکەشیان، سامان عەلی دوپاتیکردەوە کە هیچ کێشەیەکیان لەڕوی کەمیی میلاک، ئۆتۆمبێل و سوتەمەنییەوە نییە و وهكخۆی وتى: "تیمەکانمان 24 کاتژمێر لە ئەرکدان بۆ وەڵامدانەوەی هەر حاڵەتێکی پێویست".
- دوایین بابەتەکان
-
وتاربۆ شارەوانیی کەلار: نەمامی کنار بڕوێنن
-
-
هەواڵلهگهرمیان خواست لهسهر ئۆتۆمبیلی چینی زیاد دهكات
-
-
هەواڵبۆچی شارەوانی سەرئاو لە پارکە خێزانییەکاندا دروست ناکات؟
-
-
هەواڵكشتوكاڵى گهرمیان: داواى قەرەبومان کردوە بۆ جوتیارانی زیانمەند و وەزارەت وەڵامی نەداوینەتەوە
-
-
هەواڵفەرمانبەرانی خانەقین لەوبەری سیروان زەوییان پێدەدرێت
-
زۆرترین بینراوەکان