
د. هەژار فەقێ سلێمان
سەرپەرشتیاری پەروەردەیی
پەروەردە، گەورەترین دامەزراوەی مرۆییە، زۆرترین کەس بۆ درێژترین ماوە، تێیدا بەشدارن. سیستەمێکە بێ جیاوازی پەیوەندیی بە هەمومانەوە هەیە، لە دنیای نوێدا و لە ئێستادا میتۆدی ئیشکردنی هەر زانستێکی مرۆیی و سروشتی و هەر سیستەمێک، میتۆدی تەواوکارییە. تەواوکاری بەو مانایەی هەمویان پێویستییان بەوی تر هەیە و یەکتری کۆمەک دەکەن. لە دەرئەنجامی ئەو ڕایەڵە و چوونەیەکدانەشدا، چەمک و بوارگەلێکی نوێ لە نێوان ئەو زانست و سیستەمانەدا هاتوونەتە ئاراوە، بۆ وێنە زانستی درونناسیی کۆمەڵایەتی و دەرونناسیی راگەیاندن و جێۆفیزیک و بایۆکیمستری و نیورۆکیمستری و فەلسەفەی سیاسی و چەمکەکانی وەک سۆشیاڵ میدیا و سیاسەتی دیجیتاڵی و زۆری تر، کە خزمەتی زیاتری مرۆڤایەتییان کردوە.
ئەوەی لێرەدا بەگشتی مەبەستمانە میدیای پەروەردەیی (Educational media)یە، کە بەرهەمی لێکدانی پەروەردە و راگەیاندنە، دیارترین لقەکانی ئەم بوارەش بریتین لە میدیای بینراو و بیستراو و چاپکراو و سۆشیاڵ میدیا و ئینتەراکتیڤ. بەتایبەتیش (social media) یان میدیای کۆمەڵایەتی و خەڵک. چۆنچۆنی ئێمە بتوانین سۆشیاڵ میدیا بخەینە خزمەت و گەشەی پەروەردەوە؟
بەڕوانین لە کۆی پەیجە پەروەردەییەکان لە سۆسیاڵ میدیادا و لەسەروی هەموشیانەوە پەیجی فەرمی بەڕێوەبەرایەتییە پەروەردەییەکان و سەرپەرشتیاریی پەروەردەیی و تەنانەت زانکۆکانیش لە کوردستاندا، بە دەگمەن پەیج دەبینین کۆی پرەنسیپەکانی میدیای پەروەردەیی ڕاستەقینە جێبەجێ بکات. بەشێکیان بونەتە شوێنی پرسەنامە و سەرخۆشیکردن و پیرۆزبایی و وێنەی زۆری کەسی و سەردانی و رۆتیناتی رۆژانە، کە خزمەت بە ئامانجی سیستەمە پەروەردەییەکە و مەبەستی سەرەکی دانانی پەیجەکەش ناکات.
پرسیارەکە ئەوەیە چۆن ئەم پەیجانە بخەینە خزمەتی پەروەردەوە و چۆنیش ئامانجە پەروەردەییەکان لە رێگەیانەوە بەدەست دێن؟ راستییەکەی دەبێت ئەو پەیجانە ببنە سەرچاوەیەکی گرنگی زانیاریی باوەڕپێکراو بۆ خوێندکاران و مامۆستایان و دایبابان و کۆمەڵگەش.
لە خوارەوە بە چەند خاڵێک ئاماژە بە دیارترین ناوەڕۆکی ئەو پۆستانە دەکەین، کە پێویستە لەو پەیجانەوە بڵاو بکرێنەوە:
١. بڵاوکردنەوەی بڕیار و رێنماییە نوێیەکانی وەزارەتی پەروەردە.
٢. باسکردنی میتۆد و شێوازە نوێیەکانی وانەوتنەوە و بەکاربردنی تەکنۆلۆژیای زانیاری لە پەروەردەدا.
٣. بڵاوکردنەوەی وتار و توێژینەوە پەروەردەییەکان، چ نووسراو بن یان وەرگێڕدراو.
٤. ئاگاداریی بەردەوام لەسەر خول و کۆڕ و سیمینار و وێبینار و وۆرکشۆپ و کۆنفرانسە پەروەردەییەکان.
٥. بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و ڕێنمایی پەروەردەکردن و پەروەردەی دەرونی و جەستەیی منداڵان بۆ دایبابان و بەخێوکاران.
٦. بڵاوکردنەوەی وەڵامی پرسیارە باوەکانی خوێندکاران و دایکان و باوکان و بەخێوکاران.
٧. راگەیاندنی کێبڕکێ و چالاکیی قوتابخانە و خوێندنگاکان. بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی بۆنە و ئاهەنگە پەروەردەیی و هونەری و وەرزشی و کولتووری و نەتەوەیی و نیشتمانییەکان.
٨. بڵاوکردنەوەی ئامارەکانی پێشکەوتنی ناوەندەکانی خوێندن و توانا جیاوازەکانی فێرخوازان و مامۆستایان.
٩. بڵاوکردنەوەی چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسایەتییە سەرکەوتوەکان لە بوارە جیاوازەکاندا، پەیوەست بە پەروەردەی دروست و ئەزمونی خێزان و خوێندنییەوە.
١٠. ئاگادارکردنەوە لەسەر روداوە نائاساییەکان و سروشتییەکان.
١١. بڵاوکردنەوەی زانیاریی لەسەر خزمەتگوزارییەکانی پەروەردەی تایبەت و رێنمایی بۆ دایک و باوکی منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت.
١٢. زانیاری لەسەر سیستەمی هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەکان و پێدانی ڕێنمایی دەرونی و فیزیکی بۆ خوێندکاران و دایکان و باوکان لەکاتی تاقیکردنەوەکاندا.
١٣. هاندان بۆ بە کولتورکردنی خوێندنەوە و خۆشەویستیی کتێب و مەعریفە.
١٤. دانانی لینکی ڤیدیۆی پەروەردەیی و زانستی و چیرۆک و فێربوونی زمانی بیانی.
١٥. بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەسەر پەروەردەی ژینگەیی و تەندرووستیی خۆراک و جەستەیی.
ئەمانە و زۆری تر، کە دەشێت بە راوێژ لەگەڵ پەروەردەناساندا دابنرێن و بڵاوبکرێنەوە.
لە کۆتاییدا بە هیواین ئەم سەرنج و پێشنیازانە ببێتە بەرچاوڕونییەک بۆ کۆی پەیجە پەروەردەییە فەرمییەکان.
- دوایین بابەتەکان
-
یەکەی چاودێریراپۆرتێك لهبارهى مامهڵهى حكومهت لهگهڵ كهسانى خاوهنپێداویستی تایبهت له گهرمیان
-
-
هەواڵقەرەتەپە کرایە قەزا و کۆکسی نەخراوەتە سەر
-
-
هەواڵشارەوانی کفری سکاڵا لەسەر رۆژنامەنوس: محەمەد عەدنان تۆماردەکات
-
-
هەواڵهاوردەکردنی پەتاتە بە "قاچاخی" بەردەوامە
-
-
راپۆرتدڵپاک ئهحمهد؛ بە زانست پاسەوانیی ژینگە دەکات
-
زۆرترین بینراوەکان