
رادیۆی ده‌نگ
یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، راپۆرتی ئه‌م مانگه‌ى ترخانكردوه به به‌دواداچونى كێشه‌كانى كه‌سانى خاوه‌نپێداویستی تایبه‌ت له‌گه‌رمیان و مامه‌ڵه‌ى حكومه‌ت له ته‌كیاندا.
كلیك له‌م فایله‌ى خواره‌وه بكه بۆ خوێندنه‌وه‌ى راپۆرته‌كه به‌شێوازی PDF
رادیۆی ده‌نگ له‌چوارچێوه‌ى پرۆژه‌یه‌كدا بۆ بره‌ودان به رۆژنامه‌وانى و مافه‌كانى مرۆڤ و چاودێریی حكومه‌ت به پاڵپشتی سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی NED، مانگانه له رێگه‌ى یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیانـى سه‌ر به رادیۆكهوه، راپۆرتێكى ورد و قوڵ له‌بوارى كێشه جیاوازه‌كانى په‌یوه‌ست به حكومه‌ته‌وه له گه‌رمیان به‌رهه‌مده‌هێنێت. بۆ ئه‌م مانگه‌ش راپۆرته‌كه‌ى ته‌رخانكردوه به پرسی كه‌سانى خاوه‌نپێداویستی تایبه‌ت.
له راپۆرته‌كه‌دا به تێروته‌سه‌لی له‌سه‌ر 10 له دیارترین كێشه‌كانى په‌یوه‌ست به مافی كه‌سانى خاوه‌نپێداویستی تایبه‌ت له گه‌رمیان وه‌ستاوه، له‌سه‌ر زاری خودی كه‌سه‌كان و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه، باسی له ره‌گه‌كانى كێشه‌كان و شێوازى مامه‌ڵه‌كردنى حكومه‌ت له‌گه‌ڵیاندا كردوه.
له به‌شى دوه‌میشی دا، كۆی ده‌ره‌نجامى راپۆرته‌كانى له چه‌ند خاڵێكدا كۆكردوه‌ته‌وه، هاوكات ژماره‌یه‌ك راسپارده‌شی بۆ بره‌ودان به مافه‌كانى كه‌سانى خاوه‌نپێداویستی تایبه‌ت له سنوره‌كه‌دا خستوه‌ته‌ڕو.
له‌خواره‌وه ده‌قی راپۆرته‌كه به‌شێوه‌ى تێكست ده‌خوێننه‌وه.
راپۆرتێك له‌باره‌ى مامه‌ڵه‌ى حكومه‌ت له‌گه‌ڵ كه‌سانى خاوه‌نپێداویستی تایبه‌ت له گه‌رمیان
به‌شى یه‌كه‌م: كێشه‌كانى كه‌سانی خاوه‌نپێداویستى تایبه‌ت و هه‌نگاوه‌كانى حكومه‌ت بۆ چاره‌سه‌ركردنيان
1. له‌ڕوى ته‌ندروستییه‌وه
خاوه‌نپێداویستییه تایبه‌ته‌كانى گه‌رمیان گله‌یی و گازنده‌ى ئه‌وه ده‌كه‌ن حكومه‌ت له روى لایه‌نى ته‌ندروستى و دابینكردنى پێداویستیه پزیشكه‌كان هاوكارى نه‌كردون، به‌ڕێوبه‌رى چاودێرى كۆمه‌ڵایه‌تى گه‌رمیانیش رونكردنه‌وه ده‌دات.
به‌ناز ئه‌حمه‌د، خاوه‌نپێداویستى تایبه‌ت له گه‌رمیان، باسى له‌وه ده‌كات: له روى ته‌ندروستیه‌وه وه‌ك حكومه‌ت هیچى بۆ نه‌كردوین بۆ دابینكردنى پێداویستى و ده‌رمان و نه‌شته‌رگه‌رى، به‌ڵام ئه‌وه‌ى هه‌بوه وه‌ك به‌ڕێوبه‌رى بهڕێوبهرایهتیهكه خودى خۆى ئاسانكارى بۆ كردین.
هاوكات، سه‌ركه‌وت كه‌ریم، خاوه‌نپێداویستى تایبه‌ت له گه‌رمیان وتى: ئێمه‌ى خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ت هیچ زه‌مانه‌تێكى ته‌ندروستیمان بۆ نه‌كراوه چۆن له‌گه‌ڵ هاوڵاتیه‌كى ئاساى مامه‌ڵه ده‌كه‌ن له روى مادیشه‌وه بۆ ئێمه‌ش به هه‌مانشێوه‌یه.
وتیشى: ته‌نانه‌ت ره‌چاوى بارودۆخمان ناكرێت كه چۆنین و هه‌ست به‌چى ده‌كه‌ین، ئێمه كۆمه‌ڵێك نه‌خۆشخانه‌ى حكومیمان هه‌یه هیچ ده‌رمانێكى تێدا نیه بۆ ئێمه وه‌ك چۆن بۆ نه‌خۆشانى درێژخایه‌ن هه‌یه.
"له كه‌رتى ته‌ندروستى حكومه‌ت هیچى بۆ نه‌كردوین ئه‌وه‌ى هه‌یه به په‌یوه‌ندیی شه‌خسى له‌گه‌ڵ پزیشكه‌كان په‌یوه‌ندیمان هه‌یه و هه‌ندێكیان هاوكارى باشبون بۆمان بۆ ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌رى و هه‌ندێك بابه‌تى دیكه". هه‌ڤاڵ ئیسماعیل، سه‌رۆكى لقى گه‌رمیانى رێكخراوى رۆشنایى دڵ تایبه‌ت به نابینایان واى وت.
ده‌شڵێت: نوسراوى فه‌رمى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستیشمان هێناوه‌ته‌وه كه هاوكارى نابینایان بكرێت له كه‌رتى ته‌ندروستى حكومى و ئاسانكارییان بۆ بكرێت.
له به‌رامبه‌ردا، ژیلوان عادل، به‌ڕێوبه‌رى گشتى چاودێریى و گه‌شه‌پێدانى كۆمه‌ڵایه‌تى گه‌رمیان، رایده‌گه‌یه‌نێت: به‌پێى یاساى ژماره 22ـى ساڵى 2011 له نه‌خۆشخانه و دامه‌زراوه ته‌ندروستیه‌كان سه‌رجه‌م خاوه‌نپێداویستییه تایبه‌ته‌كان پێداویستى ته‌ندروستى و پزیشكیان بۆ دابین ده‌كرێت به‌بێ به‌رامبه‌ر، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش نوسراومان ئاراسته‌ى ته‌ندروستى گه‌رمیان و سه‌رجه‌م ناوه‌نده ته‌ندروستیه‌كان كردوه.
وتیشى: ئێمه 2 جۆر خاوه‌نپێداویستى تایبه‌تمان هه‌یه، جۆرێكیان ئه‌وانه‌ن كه موچه‌یان هه‌یه و ناسنامه‌ى خۆیان هه‌یه له هه‌ر ناوه‌ندێكى ته‌ندروستى ده‌توانن به‌كاریبهێنن و به‌بێ به‌رامبه‌ر چاره‌سه‌ر ده‌كرێن، جۆرێكى ترمان هه‌یه ئه‌وانه‌ن كهموچهیان نیه، بۆ ئه‌وانیش ناسنامه‌مان دروستكردوه و ئاماژه‌مان داوه به رێنماییه‌كه و ئیمزاى خۆمانى له‌سه‌ره كه ئه‌وانیش ده‌توانن به‌هه‌مانشێوه ئه‌و ناسنامه‌یه به‌كاربهێنن و چاره‌سه‌ر وه‌ربگرن له ناوه‌نده ته‌ندروستییه‌كاندا.
یه‌كێكى تر له كێشه‌كانى خاوهنپێداویستیه تایبه‌ته‌كانى گه‌رمیان له‌مڕوه‌وه، نه‌بونى بیمه‌یه.
كارزان ئیبراهیم، خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ت له گه‌رمیان، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد: زۆرینه‌ى خاوه‌نپێداویستى تایبه‌ت له گه‌رمیان كێشه‌ى ته‌ندروستى و دابینكردنى پێداویستیه ته‌ندروستییه‌كانیان هه‌یه، له كاتێكدا پێویسته بیمه‌ى ته‌ندروستى هه‌بێت بۆمان و ئه‌و ئه‌ركه‌ى له‌سه‌ر خێزانه‌كانه حكومه‌ت بیگرێته ئه‌ستۆى خۆى، به‌ڵام ره‌چاوى ئه‌و بارودۆخه نه‌كراوه.
وتیشى: خاوه‌نپێداویستى تایبه‌ت وه‌ك نه‌خۆشیه‌كى تر نیه، به‌رده‌وام پێویستى به ده‌رمان و چاره‌سه‌ر و پێداویستى پزیشكى و تایبه‌تى هه‌یه.
ده‌شڵێت: له ساڵى 2011 به‌پێى پرۆژه یاساى ژماره 21ـى تایبه‌ت به خاوه‌نپێداویستى تایبه‌ت، خوێندنه‌وه‌ى بۆ كرا بچێته بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه، به‌ڵام نه‌كرا، به ده‌ركردنى ئه‌و یاسایه هه‌مو مافێكى خاوه‌نپێداویستى تایبه‌ت ده‌سته‌به‌ر ده‌بو، به‌ڵام حكومه‌ت شانى نه‌دایه ژێر ئه‌و پرۆژه یاسایه.
هاوكات، ئه‌فراح ئیبراهیم، خاوه‌نپێداویستى تایبه‌ت له گه‌رمیان، باس له‌وه ده‌كات: ئێمه بیمه‌ى ته‌ندروستیمان نیه له كاتێكدا ده‌بێت هه‌مان بێت و پێویستیه بۆ خاوه‌نپێداویستییه تایبه‌ته‌كان، چونكه زۆرینه‌مان پێویستمان به چاره‌سه‌رى به‌رده‌وام هه‌یه.
له به‌رامبه‌ردا، ژیلوان عادل، به‌ڕێوبه‌رى گشتى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى چاودێرى و گه‌شه‌پێدانى كۆمه‌ڵایه‌تى گه‌رمیان رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه بیمه‌ى ته‌ندروستیمان نیه بۆ كه‌سانى خاوه‌نپێداویستى تایبه‌ت، كاریش له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته نه‌كراوه.
لایخۆشیەوە د. محه‌مه‌د ئازاد، به‌ڕێوبه‌رى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیان جه‌ختى له‌وه‌كرده‌وه: وه‌ك دیوانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى و ته‌واوى نه‌خۆشخانه و مه‌ڵبه‌نده‌كانیش هه‌ر خاوه‌ن پێداویستیه‌كى تایبه‌ت پێویستى به نه‌شته‌رگه‌رى و پێداویستى پزیشكى و ده‌رمان بێت ئاماده‌ین بۆیان دابین بكه‌ین.
وتیشى: له نێو به‌ڕێوبه‌رایه‌تیمان كۆمه‌ڵێك فه‌رمانبه‌رى خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌تمان هه‌یه له‌گه‌ڵ ناوه‌نده ته‌ندروستیه‌كانى دیكه‌ش كارمان له‌سه‌ر ئه‌وه كردوه ئه‌وان جێگه‌ى تایبه‌ت به خۆیان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى گرفتیان بۆ دروست نه‌بێت، هاوكات داواشمان كردوه نوێنه‌رى خۆیان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى زیاتر كاره‌كانیان به ئاسانى بۆ بكرێت، نه‌ك تەنها بۆ فهرمانبهرەكان، به‌ڵكو بۆ ئه‌وانه‌ى ده‌ره‌وه‌ش.
2. له‌ڕوى كێشه‌ى په‌روه‌رده‌وه
"په‌روه‌رده داخى زۆرى گه‌وره‌یه له‌سه‌ر دڵى من، له ساڵى 2010 پۆلى 9ـى بنه‌ڕه‌تیم ته‌واو كرد، حه‌زم به شێوه‌كارى بو كه خۆم ئێستاش ده‌ستم له‌وه‌دا هه‌یه، بۆیه داواكاریم پێشكه‌شكرد بۆ په‌یمانگاى هونه‌ره جوانه‌كانى خانه‌قین". ئه‌فراح ئیبراهیم، خاوه‌نپێداویستى تایبه‌ت له گه‌رمیان واى وت.
وتیشى: زۆر هه‌وڵمدا له‌سه‌ر ئاستى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ش بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ربگیرێم دواجار داخڵى پرۆگرامه‌كه بوم و تاقیكردنه‌وه‌ى ئه‌نجامدا له پراكتیكیهكه یه‌كه‌م بوم دواتر له نهزهریهكهش هه‌ندێك پرسیاریان كرد یه‌كێك له پرسیاره‌كان ئه‌وه‌بو پێیان وتم تۆ ئاسوده‌ى به‌وشێوه‌یه بچیته ناو فێرخواز ئه‌مه چى بو من له‌سه‌ر عه‌ره‌بانه‌م و خاوه‌نپێداویستى تایبه‌تم، له‌كاتێك خۆم دامهزرابوم له باخچه‌ى مناڵان بوم.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: له كاتێكدا یه‌كه‌م بوم له تاقیكردنه‌وه‌كه كه‌چى كه دهرهنجامهكهم هاته‌وه به ده‌رنه‌چو هه‌ژمار كرام، وتیان شمولى تۆ ناكات، كه به‌دواى رۆشتم شمولكردنهكه ته‌نها بۆ به‌شى شانۆ بو نه‌ك شێوهكاریى.
هاوكات، به‌ناز ئه‌حمه‌د، خاوه‌نپێداویستى تایبه‌ت له گه‌رمیان، باس له‌وه ده‌كات: له روى په‌روه‌رده‌وه نه بۆ خۆمان نه بۆ مناڵمان هیچ نه‌كراوه و ره‌چاوى دۆخی ئێمه نه‌كراوه، له كاتێكدا ده‌بو ناوه‌ند و بیناى تایبه‌ت بۆ خۆمان هه‌بێت و مامۆستاى تایبه‌تمان هه‌بێت.
"وه‌ك نابینایان ته‌نها سێ بینا هه‌یه بۆ كه‌رتى په‌روه‌رده ئه‌ویش له سه‌نته‌رى پارێزگاكانه و له قه‌زا و ناحیه‌كان نیه، بۆیه ئه‌مه زۆر كێشه‌یه بۆ ئێمه، چونكه چه‌ند خوێندكارێكمان هه‌یه له ناوه‌نده‌كان ده‌خوێنن كێشه‌ى زۆریان بۆ دروست ئه‌بێت ئاسانكارى نیه بۆیان". هه‌ڤاڵ ئیسماعیل، سه‌رۆكى لقى گه‌رمیانى رێكخراوى رۆشنایى دڵ تایبه‌ت به نابینایان واى وت.
وتیشى: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كۆمه‌ڵێك كتێب هه‌یه بۆ ئه‌وان نابێت هه‌ندێكیان ناچار ئه‌بن واز ئه‌هێنن له خوێندن، بۆیه پێویسته بیناى تایبه‌ت و پرۆگرام و مامۆستاى تایبه‌ت هه‌بێت بۆ ئێمه.
له به‌رامبه‌ردا، ژیلوان عادل، به‌ڕێوبه‌رى گشتى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى چاودێرى گه‌شه‌پێدانى كۆمه‌ڵایه‌تى گه‌رمیان، وتى: ئه‌و فه‌رمانگانه‌ى كه په‌یوه‌ندیان هه‌یه به خۆمانه‌وه بۆ بابه‌تى په‌روه‌رده‌یی، په‌یمانگاى هیواى نابیستانه كه له كه‌لار و كفرى و خانه‌قینیش هه‌مانه و كۆمه‌ڵێك فێرخوازمان هه‌یه و بۆ قۆناغى نۆمان ئه‌مساڵ 4 خوێندكارمان ده‌رچوه و بون به خاوه‌نى بڕوانامه‌ى بنه‌ڕه‌تى.
باسى له‌وه‌شكرد: په‌روه‌رده‌ى تایبه‌ت په‌یوه‌ندى به وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌وه هه‌یه كه بڕیارى داوه مامۆستایانى په‌روه‌رده‌ى تایبه‌ت له ناوه‌نده‌كانى خوێندن به‌شێوه‌ى وانه‌بێژ دابنرێت، كۆمه‌ڵێك مامۆستاش دانراون، به‌ڵام وه‌كپێویست نیه و رێژه‌یه‌كى زۆرى خاوه‌نپێداویستی تایبه‌تمان هه‌یه له ناوه‌نده‌كان مامۆستایان نیه و گرنگییان پێ‌نادرێت.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: نابێت ئه‌م مناڵانه‌ش له مناڵى ئاسایى داببڕێن، ئامانجه‌كه‌ش هه‌ر ئه‌وه‌یه و بۆیه په‌روه‌رده‌ى تایبه‌ت دانراوه.
لایخۆشیەوە، عه‌داله‌ت له‌تیف، به‌ڕێوبه‌رى په‌روه‌رده‌ى كه‌لار هێماى بۆ ئه‌وه‌كرد: ژماره‌یه‌كى مامۆستاى په‌روه‌رده‌ى تایبه‌ت له ناوه‌نده‌كان هه‌ن كه ژماره‌یان 5 مامۆستایه و ئه‌مه‌ش رێژه‌یه‌كى زۆر كه‌مه له‌چاو ئه‌و رێژه زۆره‌ى مناڵى خاوه‌نپێداویستى تایبه‌ت كه له ناوه‌نده‌كان هه‌یه و چه‌ند جۆرێكى خاوه‌نپێداویستى تایبه‌تمان هه‌یه و پێویستمان به رێژه‌یه‌كى زۆرى مامۆستا هه‌یه.
وتیشى: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سه‌رقاڵى كردنه‌وه‌ى سه‌نته‌رێكى تایبه‌تین به‌و مناڵانه كه پێشتر له شاره‌كانى تر‌ى هه‌رێم هه‌بوه به‌ڵام له گه‌رمیان نه‌بوه، ئه‌م سه‌نته‌ره‌ش درێژئه‌بێته‌وه بۆ په‌روه‌رده‌ى كراوه كه مناڵى 1 رۆژه بۆ 6 ساڵان له خۆ ده‌گرێت وه‌ك ئاماده‌كردنێك بۆ ناوه‌نده‌كانى خوێندن كه له قۆناغى 1 بۆ 9ـى بنه‌ڕه‌تى له ناوه‌نده‌كان ده‌خوێنن.
ده‌شڵێت: له ئێستادا فه‌رمانى وەزارى ده‌كراوه بۆ كردنه‌وه‌ى ئه‌م سه‌نته‌ره و بهڕێوبهریشمان بۆ داناوه بۆ رایكردنى مامه‌ڵه‌كانى و داواشمان كردوه هه‌ر مامۆستایه‌ك بیه‌وێت ده‌توانێت بگوازێته‌وه بۆ ئه‌و سه‌نته‌ره، ته‌نانه‌ت سه‌رقاڵى دهرخستهشین بۆ كڕینى پێداویستى بۆى ئه‌وه‌ی له توانا‌مان هه‌بێت خۆمان بۆى دابین بكه‌ین ئه‌وه‌شى نه‌توانین به‌رزى بكه‌ینه‌وه بۆ وه‌زاره‌تمان.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: ئه‌و مامۆستایانه‌ى ده‌گوازنه‌وه ئه‌و سه‌نته‌ره راهێنانى تایبه‌ت وه‌رده‌گرن له‌لایه‌ن كه‌سانى پسپۆر و تایبه‌تمه‌نده‌وه له‌و بواره.
به‌پێى وته‌ى به‌ڕێوبه‌رى په‌روه‌رده‌ى كه‌لار، له روى بیناشهوه ئاماده‌كارى كراوه و بیناى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى چاودێرى و گه‌شه‌پێدانى كۆمه‌ڵایه‌تى گه‌رمیانیان پێیان دراوه تاوه‌كو بیناى تایبه‌ت به‌و سه‌نته‌ره دروست ده‌كرێت له كه‌لار.
3. تۆمارنهكردنى ناوی نوێی كه‌سانى خاوه‌نپێداویستی تایبه‌ت
له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانى دارایی، ناوى نوێى كه‌سانى خاوه‌نپێداویستى تایبه‌ت له گه‌رمیان تۆمار نه‌كراوه، به‌پێى وته‌ى به‌رپرسانى حكومه‌ت رێژه‌یه‌كى زۆرى كه‌سانى خاوه‌نپێداویستی تایبه‌ت هه‌یه له سنوره‌كه، به‌ڵام تۆمارنه‌كراون.
هه‌ڤاڵ ئیسماعیل، سه‌رۆكى لقى گه‌رمیانى رێكخراوى رۆشنایى دڵ تایبه‌ت به نابینایان وتى: له ساڵى 2012ـه‌وه تاوه‌كو ئێستا فیئهى نوێ تۆمار نه‌كراوه بۆ خاوه‌نپێداویستى تایبه‌ت به‌تایبه‌ت نابینایان كه فایلى نوێ نه‌كراوه بۆیان، ئه‌مه‌ش به جۆرێكه ئێمه 150 ئه‌نداممان هه‌یه زیاتر له 40 ئه‌نداممان تۆمار نه‌كراوه و موچه‌یان نیه.
ده‌شڵێت: له كاتێكدا زۆر پێویستیان به‌و موچه‌یه و وه‌ك فیئهكانى تر نین و ناتوانن به ته‌نها هاتوچۆ بكه‌ن ئه‌مه‌ش پێویستى به خه‌رجیه.
"ئه‌ركى ئێمه وه‌ك تۆڕه‌كه‌مان له ئێستادا وه‌رگرتنى مامه‌ڵه‌ى نوێیه بۆ فیئه و جۆره‌كانى خاوه‌نپێداویستى تایبه‌ت، ئه‌گه‌رچى له ساڵى 2014ـه‌وه تاوه‌كو ساڵى 2023 هیچ مامه‌ڵه‌یه‌ك رایى نه‌كرا". عه‌لى ره‌ئوف سه‌عید، جێگرى به‌ڕێوبه‌رى تۆڕى پاراستنى كۆمه‌ڵایه‌تى گه‌رمیان وا ده‌ڵێت.
وتیشى: له ساڵى 2023 چه‌ند فیئهیهكى نوێمان تۆماركرد كه لیژنه پێكهێنرا و له سلێمانى بینرا، ئه‌وانیش نزیكه‌ى هه‌زار و 400 مامه‌ڵه‌ى نوێ بون بۆ جۆره‌كانى: (بیركۆڵ، په‌ككه‌وته‌ى مێشك "شلل دماغ"، نه‌خۆشى شه‌كره، كورته‌باڵاكان، تالاسیما و داون).
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: ئه‌م ناوانه به لیست ئاراسته‌ى وه‌زاره‌تمان كراون له‌وێشه‌وه بۆ حكومه‌تى فیدراڵ، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا هیچ وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك نه‌بوه بۆ ئه‌وه‌ى موچه‌یه‌كیان بۆ ببڕێته‌وه.
ژیلوان عادل، به‌ڕێوبه‌رى گشتى چاودێرى و گه‌شه‌پێدانى كۆمه‌ڵایه‌تى گه‌رمیان، وتى: له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانى دارایی ناوى نوێ تۆمار نه‌كراوه بۆ كه‌سانى خاوه‌نپێداویستى تایبه‌ت تاوه‌كو ساڵى 2023 كه چه‌ند فیئهیهك وه‌رگیراون و لیژنه‌ى پزیشكیشیان بینیوه و هه‌مو رێكاره ئیدارییه‌كانیان ته‌واو بوه و ئاراسته‌ى وه‌زاره‌تمان كردوه و له‌وێشه‌وه بۆ حكومه‌تى ناوه‌ند بۆ ئه‌وه‌ى موچه‌یان بۆ ببڕێته‌وه.
ده‌شڵێت: تاوه‌كو ئێستا ئه‌و ناوانه ره‌زامه‌ندى نه‌دراوه به‌مه‌به‌ستى خه‌رجكردنى موچه بۆیان كه له‌سه‌ر ئاستى كوردستان 11 هه‌زار كه‌سن، له‌و رێژه‌یه‌ش 1435 كه‌سى به‌ر گه‌رمیان ده‌كه‌وێت.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: له دواى وه‌رگرتنى ئه‌مانه جارێكى تر بڕیار ده‌درێت بۆ توماركردنى ناوی نوێ، بۆیه ئێستا به‌شێك له‌و بڕیارانه په‌یوه‌سته به حكومه‌تى عێراقه‌وه، ده‌بێت ئه‌وان بڕیار بده‌ن ناوى نوێ تۆمار بكرێت.
به‌پێى وته‌ى به‌ڕێوبه‌رى گشتى چاودێرى و گه‌شه‌پێدانى كۆمه‌ڵایه‌تى گه‌رمیان، چه‌ند جارێك وه‌فد و نوێنه‌رى وه‌زاره‌ت و خودى وه‌زیریش سه‌ردانى به‌غدادیان كردوه بۆ سێ ته‌وه‌رى گرنگ، یه‌كێك له‌وانه ئه‌و ناوانه‌ن كه لیژنه‌یان بینیوه و موچه‌یان نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه، هاوكات تۆماركردنى ناوى نوێ له‌گه‌ڵ موچه‌ى چاودێرپى خێزان كه له هه‌رێم راگیراوه و له عێراق هه‌یه.
به‌پێى ئامارێكى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى تۆڕى پاراستنى كۆمه‌ڵایه‌تى گه‌رمیان له سنوره‌كه‌دا 4 هه‌زار و 821 خاوه‌نپێداویستى تایبه‌ت له گه‌رمیان تۆماركراوه، دابه‌شبونى جۆره‌كانى خاوه‌نپێداویستى تایبه‌ت له ناوچه‌كه به‌مشێوه‌یه:

4. دابینكردنى پێداویستى
خاوه‌نپێداویستییه تایبه‌ته‌كان ده‌ڵێن: حكومه‌ت هیچى بۆ نه‌كردون له روى دابینكردنى پێداویستیه‌وه، له كاتێكدا زۆرینه‌یان پێویستیان پێیه و دۆخى داراییان باش نیه، حكومه‌تیش ده‌ڵێت: بودجه‌مان به‌رده‌ست نیه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته.
به‌ناز ئه‌حمه‌د، خاوه‌نپێداویستى تایبه‌ت له گه‌رمیان، وتى: حكومه‌ت هیچى واینه‌كردوه بۆ دابینكردنى پێداویستى بۆمان، له كاتێكدا به‌شێكى زۆرمان پێویستیان به پێداویستى پزیشكى و تایبه‌ت هه‌یه و دۆخى داراییان رێگه‌یان نادات دابینى بكه‌ن.
له به‌رامبه‌ردا، ژیلوان عادل، به‌ڕێوبه‌رى گشتى چاودێرى و گه‌شه‌پێدانى كۆمه‌ڵایه‌تى گه‌رمیان، وتى: پێداویستى پزیشكى و تایبه‌تى و پاسكیل و عه‌ره‌بانه‌ى تایبه‌ت به خاوه‌نپێداویستى تایبه‌ت له به‌رده‌ستمان نیه دابه‌شى بكه‌ین به‌سه‌ریاندا و پاره‌یه‌ك به‌رده‌ست نیه بۆ ئه‌و بابه‌تانه.
وتیشى: ئه‌وه‌ى هه‌بوه له رێگه‌ى خێرخوازان و سه‌رمایه‌دارانه‌وه زۆرجار دابینمان كردوه، به‌ڵام وه‌ك وه‌زاره‌تمان شتێك نیه وه‌ك كۆگایه‌ك بێت و رۆژانه دابه‌شى بكه‌ین، ئه‌وه‌ى هه‌بوه هه‌ندێكجار وه‌زاره‌ت به‌شى بۆ داناوین كه شتێك هه‌بوبێت دابه‌شمان كردوه.
5. نه‌بونى هه‌لیكار
یه‌كێكى تر له گرفته‌كانى خاوه‌نپێداویسته تایبه‌ته‌كانى گه‌رمیان نه‌بونى ههلیكاره، به‌ڕێوبه‌رى گشتى چاودێرى كۆمه‌ڵایه‌تى گه‌رمیانیش ده‌ڵێت: به‌پێى یاسا رێژه‌ى له 5% دیاریكراوه بۆ دامه‌زراندنى كه‌سانى خاوه‌نپێداویستی تایبه‌ت، به‌ڵام وه‌زاره‌ته‌كان وه‌كپێویست پێوه‌ى پابه‌ندنه‌بون.
به‌ناز ئه‌حمه‌د، خاوه‌نپێداویستى تایبه‌ت له گه‌رمیان، باس له‌وه ده‌كات: حكومه‌ت هیچ ده‌رفه‌تێكى دامه‌زراندنى نه‌بوه بۆ ئێمه، له‌كاتێكدا زۆر به زه‌حمه‌ت توانیومانه خوێندن ته‌واو بكه‌ین، ئه‌وه‌ى هه‌یه وه‌زیرى كار و كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى ده‌ڵێت له %5ـى دامه‌زراندن بۆ ئێمه‌یه، به‌ڵام هه‌ر قسه‌یه و نه‌بوه به كردار.
ده‌شڵێت: رێژه‌یه‌كى زۆرى دهرچومان هه‌یه و دانه‌مه‌زراوین ئه‌وه‌ى هه‌یه تاك و ته‌را به واسته دامه‌زرابێت و جێگه‌ى كرابێته‌وه.
له به‌رامبه‌ردا، ژیلوان عادل، به‌ڕێوبه‌رى گشتى چاودێرى و گه‌شه‌پێدانى كۆمه‌ڵایه‌تى گه‌رمیان، وتى: به‌پێى یاساى ژماره 22ـى ساڵى 2011 كه وه‌كخۆى جێبه‌جێ ناكرێت و به‌پێى ئه‌و یاسایه چ له كه‌رتى تایبه‌ت بێت یان له حكومه‌ت بێت رێژه‌یه‌ك بۆ خاوه‌ن پێداویستى دانراوه بۆ دامه‌زراندن، كه له زۆر شوێن رێژه‌كه‌ش دیاریكراوه له 5%ـه.
وتیشى: به‌هۆى ئه‌وه‌ى زۆربه‌ى شوێنه‌كان پابه‌ندى ئه‌و یاسایه نین، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته نوسراومان كردوه بۆ وه‌زاره‌تمان له‌وێشه‌وه كراوه بۆ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بۆ ئه‌وه‌ى داوا له سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌كان بكرێت پابه‌ندبكرێن به‌و یاسایه به‌مه‌به‌ستى دامه‌زراندن.
ده‌شڵێت: جه‌ختیشمان له‌وه كردهوهتهوه له ئه‌گه‌رى جێبه‌جێ نه‌كردنى ئه‌وه‌دا، سكاڵا تۆمار ده‌كه‌ین له‌سه‌ر ئه‌و شوێنه كه مافى كه‌سانى خاوه‌نپێداویستی تایبه‌ت پێشێل ده‌كات و وه‌كخۆى جێبه‌جێى ناكات.
6. ره‌چاونه‌كردنى بارودۆخی كه‌سانى خاوه‌نپێداویستی تایبه‌ت له‌ڕوى ئه‌ندازه‌وه
كه‌سانى خاوه‌نپێداویستی تایبه‌ت له گه‌رمیان، گله‌ى ئه‌وه ده‌كه‌ن ره‌چاوى دۆخیان نه‌كراوه له روى ئه‌ندازه‌وه، چ له شوێنه گشتیه‌كان چ له فه‌رمانگه‌كان، وه‌كخۆیان ده‌ڵێن: زۆرجار روبه‌ڕوى كێشه بوینه‌ته‌وه.
ئه‌فراح ئیبراهیم، خاوه‌نپێداویستى تایبه‌ت، باس له‌وه ده‌كات: یه‌كێك له كێشه گه‌وره‌كانى ئێمه بیناى فه‌رمانگه‌كان و شوێنه گشتیه‌كانه كه ره‌چاوى دۆخى ئێمه نه‌كراوه، له‌و پهیمانگایهى كه ده‌مخوێند رهمپهیهكیان هه‌بو زۆر به زه‌حمه‌ت سه‌رده‌كه‌وتم و ده‌هاتمه خواره‌وه، بۆیه پێویسته ره‌چاوى دۆخى ئێمه بكرێت.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: راسته سه‌رخه‌ر "مه‌سعه‌د"ـیان هه‌بو، به‌ڵام هه‌ركات خراپ بوایه ناچار ده‌بوم نه‌ڕۆمه ده‌وام، بۆیه له كوردستان به گشتى هیچ نه‌كراوه بۆ كه‌سانى خاوه‌نپێداویستى تایبه‌ت.
هاوكات، كارزان ئیبراهیم، خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ت، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد: له‌ڕوى ئه‌ندازه‌وه هه‌ر بینایه‌كى نوێ كه دروست ده‌كرێت ره‌چاوى بارودۆخى ئێمه ده‌كرێت له ئێستادا و بۆ بینا كۆنه‌كانیش كار له‌سه‌ر ئه‌وه كراوه چاك بكرێت، به‌ڵام ئه‌مه هه‌ر كه‌مه، چونكه ئێمه بازاڕ و دوكانمان هه‌یه، شوێنى گشیمان هه‌یه به 4 پله‌كانه ده‌چیته سه‌ره‌وه و بیر له ئێمه نه‌كراوه‌ته‌وه.
"یه‌كێك له‌و گرفتانه‌ى كه روبه‌ڕوى ئێمه بوه‌ته‌وه ئه‌وه‌یه له دروستكردنى بیناكان و شوێنه گشتیه‌كاندا ره‌چاوى دۆخى ئێمه نه‌كراوه، وهكخۆم به ئاواتى ئه‌وه‌م بڕۆمه پاركێك، یاخود له شه‌قامێك ئه‌په‌ڕمه‌وه سه‌یاره‌یه‌ك لێم نه‌دات، له ده‌لاكێك ناتوانم بڕۆمه سه‌ره‌وه، چونكه له‌سه‌ر عه‌ره‌بانه‌م، ناچار ئه‌وان دێنه ده‌ره‌وه سه‌رم چاك ده‌كه‌ن". سه‌ركه‌وت كه‌ریم، خاوه‌نپێداویستى تایبه‌ت له گه‌رمیان واى وت.
له‌به‌رامبه‌ردا، ژیلوان عادل، به‌ڕێوبه‌رى گشتى چاودێرى و گه‌شه‌پێدانى كۆمه‌ڵایه‌تى گه‌رمیان، وتى: له رێگه‌ى ئیداره‌ى گه‌رمیانه‌وه نوسراومان ئاراسته‌ى سه‌رجه‌م به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كان كردوه كه هه‌ر بینایه‌كى گشتى دروست ده‌كرێت ره‌چاوى دۆخى خاوه‌نپێداویستى تایبه‌ت بكرێت.
وتیشى: جگه له‌وه‌ش لیژنه‌مان ناردوه‌ته بازاڕ و شوێنیان دیاریكردوه به‌مه‌به‌ستى هاتوچۆكردن و په‌ڕینه‌وه‌ى خاوه‌نپێداویستى تایبه‌ت، ئاراسته‌ى شاره‌وانى كهلاریشمان كردوه بۆ ئه‌وه‌ى كارى له‌سه‌ربكه‌ن و جێبه‌جێى بكه‌ن.
لایخۆشیەوە، ئه‌كره‌م ساڵح، سه‌رۆكى شاره‌وانى كه‌لار باسى له‌وه‌كرد: ره‌نگه له پێشتردا ره‌چاوى ئه‌وه نه‌كرابێت كه دۆخى خاوه‌نپێداویستى تایبه‌ت له‌به‌رچاو بگیرێت، به‌ڵام ئێستا كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌كه‌ین به‌تایبه‌ت له شه‌قامه‌كاندا كه ده‌گاته رێڕه‌وى په‌ڕینه‌وه‌كان كربستۆنهكان ده‌خه‌وێنرێت ئه‌مه‌ش به‌هۆى ئه‌وه‌ى كه هه‌یه له‌سه‌ر عه‌ره‌بانه‌یه.
وتیشى: له پاركینگهكانى ناوبازاڕ نه‌مانتوانیوه شوێن تایبه‌ت بكه‌ین، به‌ڵام هه‌ر خاوهنپێداویستیهكى تایبه‌ت كه ئۆتۆمبێله‌كه‌ى ده‌وه‌ستێنێت به‌بێ به‌رامبه‌ر ده‌وه‌ستێت.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: ئێمه بیناى فهرمانگهكانى به هى خۆشمانه‌وه كۆنه و پێویستى به مه‌سعه‌ده به‌تایبه‌ت ئه‌م بیناى ئێمه 3 به‌ڕێوبه‌رایه‌تى تێدایه، به‌ڵام له ئێستادا هه‌مو شتێك په‌یوه‌سته به‌م قه‌یرانى داراییه‌وه، به‌ڵام هه‌ر بینایه‌كى نوێ كه دروست ده‌كرێت كراوه به مه‌رج ئه‌گه‌ر 3 نهۆمیش بێت ده‌بێت یان مه‌سعه‌دى هه‌بێت یان پله‌كانى كاره‌باى هه‌بێت.
"له كۆبونه‌وه‌ى ساڵانه‌مان یاخود له دانانى پلانى شاره‌وانیمان كارمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌كردوه كه هه‌ر بینایه‌ك قابیل به‌وه‌بێت خاوه‌نپێداویستى تایبه‌ت روى تێبكات یان وه‌ك فه‌رمانبه‌ر بێت له‌وێ له روى ئه‌ندازه‌وه كارئاسانى بۆ بكرێت به‌تایبه‌ت بۆ داخڵبون به نهۆمه‌كان"، به‌رزان كه‌ریم، بهرشێوبهرى گشتى شاره‌وانیه‌كانى گه‌رمیان وای وت.
ده‌شڵێت: له شێستاشدا حكومه‌ت بیناى نوێ دروست ناكات، ئه‌وه‌ى هه‌یه كۆنه و پێویستى به نۆژه‌نكردنه‌وه هه‌یه، ته‌نانه‌ت چه‌ند ساڵه داوامانكردوه مهسعهدێك بۆ ئه‌م بینایه دروستبكرێت ئه‌چێته وه‌زاره‌ت و ئه‌گه‌ڕێته‌وه و وه‌ڵامه‌كه‌ى نه‌خێره، هۆكاره‌كه‌شى ئه‌م قه‌یرانه داراییه كه هه‌یه، چونكه به لاى كه‌مه‌وه 100 ملیۆن دینارى پێویسته.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: ته‌نانه‌ت ناتوانین سێتێكى پێداویستى ته‌ندروستى بۆ ئه‌و فهرمانبهرانهم دابین بكه‌م كه خاوه‌نپێداویستى تایبه‌تن و كێشه‌یان هەیە له په‌له‌كانى جه‌سته‌یان، هۆكارى ئه‌مه‌ش نه‌بونى بودجه‌ى پێویسته.
7. سودمه‌ندبون له پرۆژه‌ى نیشته‌جێبون و وه‌رگرتنى زه‌وى
كه‌سانى خاوه‌نپێداویستی تایبه‌ت له گه‌رمیان، ده‌ڵێن: نه‌یانتوانیوه تاوه‌كو ئێستا سودمه‌ندبن له وه‌رگرتنى زه‌وى یاخود پرۆژه‌ى نیشتهجێبونهكانى وه‌به‌رهێنان، له به‌رامبه‌ردا لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان رونكردنه‌وه ده‌ده‌ن.
ئه‌فراح ئیبراهیم، خاوه‌نپێداویستى تایبه‌ت له گه‌رمیان، باس له‌وه ده‌كات: من هه‌قى خۆمه سودمهندبم، چونكه ده‌مێكه دامه‌زراوم، كه‌چى باوكمیان ساخكرده‌وه به‌سه‌رمندا و وتیان ئه‌و زه‌وی وه‌رگرتوه و تۆ مافی وه‌رگرتنی زه‌ویت نییه.
ده‌شڵێت: هه‌قى منیش له‌و نێوه‌نده فه‌وتا، ئێستاش فۆرمم پڕنه‌كردوه‌ته‌وه بۆ وه‌رگرتنى زه‌وى، چونكه حه‌زم به فرتوفێڵ نیه.
به‌هه‌مان شێوه، به‌ناز ئه‌حمه‌د، خاوه‌نپێداویستى تایبه‌ت له گه‌رمیان، باس له‌وه ده‌كات: من وهكخۆم نه له زه‌وى نه له پرۆژه‌ى نیشته‌جێبونیش سودمه‌ند نه‌بوم، جیاوازیش كراوه له نێوان شاره‌كان، له سلێمانى و ئه‌و شوێنانه كاتى خۆى شوقه دراوه، به‌ڵام له گه‌رمیان هیچ نه‌كراوه تاوه‌كو ئێستا.
"خۆم له خانوى كرێچیدام و خاوه‌ن خێزانم، تاوه‌كو ئێستا بیر له‌م چینه‌ى ئێمه نه‌كراوه‌ته‌وه كه زهوییهكمان پێبدرێت یاخود بتوانین سودمه‌ندبین له پرۆژه‌یه‌كى نیشته‌جێبون، له كاتێكدا ده‌زانن زۆرینه‌ى كه‌سانى خاوه‌نپێداویستى تایبه‌ت تواناى كاركردنیان نیه كه بتوانن شوێنێك بۆ خۆیان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن". سه‌ركه‌وت كه‌ریم، خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ت له گه‌رمیان واى وت.
وتیشى: 12 ساڵه له ناو بازاڕى كه‌لار كارتى مۆبایل ده‌فرۆشم، ئه‌وه‌ش هه‌ر به‌شى ئه‌وه ده‌كات بژێوى ژیانم ببهمهڕێوه.
كارزان ئیبراهیم، خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ت له گه‌رمیان، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد: به‌پێى رێنمای و یاساى و وه‌زاره‌ت، ده‌بو له %5ـى ئه‌و پرۆژه نیشته‌جێبونانه‌ى كه كراوه له گه‌رمیان بۆ خاوه‌نپێداویستى تایبه‌ت بێت به نرخێكى ره‌مزى، به‌ڵام ئه‌وه‌ش نه‌كراوه.
وتیشى: ئێمه په‌رش و بڵاوین ئه‌و رێكخراوهنهشى كه هه‌یه له چوارچێوه‌ى حزبدان و ئه‌ركى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى چاودێرییه به‌دواداچون بۆ ئه‌م پرۆسانه بكات كه په‌یوه‌ستن به ئێمه‌وه.
"تاوه‌كو ئێستا له وه‌رگرتنى زه‌وى سودمه‌ند نه‌بوین و ناشزانین بۆچى تائێستا سودمه‌ند نه‌بوین". هه‌ڤاڵ ئیسماعیل، سه‌رۆكى لقى گه‌رمیانى رێكخراوى رۆشنایى دڵ تایبه‌ت به نابینایان واى وت.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: پرۆژه‌یه‌كى نیشته‌جێبونیش هه‌بو به‌ناوى هیوا ستى به‌هۆى ئه‌وه‌ى حكومه‌ت پاڵپشتى نه‌كردین و پاره‌ى خۆى وه‌رگرت و وازى له كۆمپانیا هێنا و دهستكراوهى كرد و كردى به بازرگانى، نه‌مانتوانى سودمه‌ندبین، جگه له 3 بۆ 4 كه‌سێكمان توانیان وه‌ریبگرن.
له به‌رامبه‌ردا، به‌رزان كه‌ریم، به‌ڕێوبه‌رى گشتى شاره‌وانیه‌كانى گه‌رمیان، وتى: هه‌ر خاوهنپێداویستیهكى تایبه‌ت فه‌رمانبه‌رى میلاكى حكومه‌ت بێت ده‌توانێت سودمه‌ندبێت له وه‌رگرتنى زه‌وى و هیچ كێشه‌یه‌كى نیه.
لایخۆشیەوە، ئه‌كره‌م ساڵح، سه‌رۆكى شاره‌وانى كه‌لار، وتى: به‌پێ ئه‌و فه‌رمانه‌ى له ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه هاتوه بۆ دابه‌شكردنى زه‌وى، له ئێستادا وتراوه فه‌رمانبه‌ر كه موچه‌یه‌كى هه‌یه مافی وه‌رگرتنى زه‌وی هه‌یه، خاوهنپێداوستى تایبه‌تیش ده‌چێته ئه‌و چوارچێوه‌یه، ئه‌وه‌ى فه‌رمانى وزاریی هه‌بێت و بگاته لاى ئێمه، زه‌وى پێ ده‌ده‌ین.
ده‌شڵێت: ئه‌وان موچه‌یه‌كیان هه‌یه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه نازانین چ چینێك ئه‌گرێته‌وه به دیارییكراوى، به‌ڵام ئه‌وه‌ى فه‌رمانى وزارى و وه‌زاره‌تى شاره‌وانى هه‌بێت، زه‌وى پێ ده‌درێت.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: ده‌كرێت به‌ڕێوبه‌رایه‌تى په‌یوه‌ندیدار به‌دواداچون بكات بۆ ئه‌و مه‌به‌سته و بزانن فه‌رمانیان بۆ ده‌ر ده‌كرێت یان نا، ئه‌گه‌رنا ئه‌وه‌ى بگاته لاى ئێمه سودمه‌ند ده‌بێت.
هاوكات، هونه‌ر مه‌حمود، به‌ڕێوبه‌رى گشتى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان، ده‌ڵێت: هۆكارى سودمهندنهبونى خاوه‌نپێداویستى تایبه‌ت له پرۆژه‌كانى نیشته‌جێبون له گه‌رمیان كه‌مى موچه و داهاتیانه، هاوكات ئه‌م پرۆژانه‌ش بۆ كه‌سانێكه كه داهاتێكى مامناوه‌ندیان هه‌بێت، چونكه بۆ هه‌ر یه‌كه‌یه‌ك 50 هه‌زار دۆلار ئه‌كه‌وێت كه كه‌مترین بێت، بۆ چین و توێژه‌كانیش پێویسته %60ـى پاره‌كه‌یان بده‌ن كه ئه‌مه‌ش ده‌كاته 30 هه‌زار دۆلار.
باسى له‌وه‌شكرد: پرۆژه‌ى هیوا ستى هه‌بو كه تایبه‌ت بو به ئه‌وان و رێكه‌وتنیش كرا له‌نێوان كۆمپانیا و به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى چاودێریى كۆمه‌ڵایه‌تى، به‌ڵام ئه‌مه‌ش به‌هۆى زۆرى نرخه‌كه‌ى نه‌یانتوانى وه‌رى بگرن، ئه‌گه‌رچى كۆمپانیاشمان مولزه‌م كرد به‌وه‌ى كه ئۆفه‌رى تایبه‌تیان هه‌بێت بۆ ئه‌مان به بڕى 5 هه‌زار دۆلار، سه‌ربارى ئه‌وه‌ش نه‌یانتوانى سودمه‌ندبن.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: به‌پێى نوسراوى خۆیان كه له‌لامانه، كۆمپانیایان ئاگاداركردوه‌ته‌وه به‌هۆى ئه‌و پابه‌ندیه داراییه‌ى كه هه‌یه ناتوانن جێبه‌جێى بكه‌ن و كشاونه‌ته‌وه.
به‌پێى وته‌ى به‌ڕێوبه‌رى گشتى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان، پێویسته وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانكردنه‌وه كار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته بكات و یه‌كه‌ى تایبه‌تیان بۆ دروست بكرێت، له رێگه‌ى بانكێكه‌وه كه پشتگیریان بكات و به ماوه‌یه‌كى دور پاره‌كه‌یان لێ وه‌ربگرێته‌وه، بۆیه نه‌بونى سیسته‌مێكى بانكى یه‌كێكه له هۆكاره‌كان، حكومه‌تیش له ئێستادا تواناى نیه به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه.
باسی له‌وه‌شكرد: پێشتریش ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان پرۆژه‌ى هه‌بو به سندوقى نیشته‌جێبون كه %50ـى كاره‌كانى له ئه‌ستۆى خۆى ده‌گرت به پرۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كانه‌وه، ئه‌مه‌ش كارئاسانى بو، به‌ڵام له ئێستادا ئه‌وه نه‌ماوه به‌هۆى دۆخى دارایی هه‌رێمه‌وه.
"بۆ سودمه‌ندبونى خاوه‌نپێداویستى تایبه‌ت له پرۆژه‌كانى نیشته‌جێبون، به نوسراوى فهمى داوامان له وه‌زاره‌تى خۆمان كرد به‌پێى یاساى ژماره 22ـى ساڵى 2011 كه رێژه‌یه‌ك له‌و یه‌كانه بدرێت به‌وان به‌بێ به‌رامبه‌ر و له‌گه‌ڵ بارودۆخى خاوه‌نپێداویستى تایبه‌تدا بگونجێت". ژیلوان عادل، به‌ڕێوبه‌رى گشتى چاودێرى و گه‌شه‌پێدانى كۆمه‌ڵایه‌تى گه‌رمیان وا ده‌ڵێت.
باسى له‌وه‌شكرد: وه‌زاره‌تمان نوسراوى ئاراسته‌ى ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان كردوه و ئه‌وانیش گشتاندنیان كردوه بۆ سه‌رجه‌م به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كانى وه‌به‌رهێنان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، ئێمه‌ش به‌رده‌وام چاودێرى ئه‌وه ده‌كه‌ین له دواى ئه‌و نوسراوه‌ى كه كردومانه هه‌ر پرۆژه‌یه‌ك كه دروست ده‌كرێت رێژهىیهكى بۆ كه‌سانى خاوه‌نپێداویستی تایبه‌ت بێت.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: رێژه‌كه دیاریینهكراوه چه‌نده، به نوسراوێكى تر داوامان كردوه له وه‌زاره‌ت رێژهكهشمان بۆ دیارى بكه‌ن كه چه‌نده، بۆیه ئه‌گه‌ر پابه‌ندى نه‌بێت له‌و بڕیاره‌ى كه هه‌یه، رێگه‌ى یاساى ده‌گرینه‌به‌ر به سكاڵا تۆماركردن، چونكه خاوه‌نپێداویستى تایبه‌تیش مافى خۆیه‌تى سودمه‌ندبێت.
به‌پێى وته‌ى به‌ڕێوبه‌رى گشتى چاودێرى و گه‌شه‌پێدانى كۆمه‌ڵایه‌تى گه‌رمیان، له ماوه‌كانى رابردودا بڕیاربو پرۆژه‌یه‌كى نیشته‌جێبون بۆ سێ فیئهى خاوه‌نپێداویستى تایبه‌ت كه له (كورته‌باڵاكان، نه‌خۆشانى تالاسیما و نابینا) پێكهاتبون، دروست بكرێت و كۆنوسیش واژۆكرا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، به‌ڵام دواتر ده‌ركه‌وتوه كه مافى ئه‌وان پارێزراو نه‌بوه و نرخه‌كه‌شى له‌گه‌ڵ دۆخى ئه‌وان نه‌گونجاوه، بۆیه رازى نه‌بون به ئه‌و پرۆژه‌یه و سكاڵایان تۆماركردبو له رێگه‌ى وه‌به‌رهێنان و له رێگه‌ى داواكارى گشتیه‌وه كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رهزامهندنین به‌و پرۆژه‌یه.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: بۆ وه‌رگرتنى زه‌ویش ئه‌و خاوهنپێداویستیه تایبه‌تانه‌ى كه فه‌رمانبه‌رن، سودمه‌ند ده‌بن، ئه‌مه‌ش به‌پێى بڕیارى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كه جه‌ختى لێكردوه‌ته‌وه وه‌رگرتنى زه‌وی بۆ فه‌رمانبه‌رانه، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى كه ته‌نها موچه‌یان هه‌یه و كۆمه‌كى داراییه و فه‌رمانبه‌ر نین، ناتوانن سودمه‌ندبن.
وتیشى: به‌ڵام چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌ین حكومه‌ت كار له‌سه‌ر ئه‌وه بكات زه‌وى بدات به خاوه‌نپێداویستى تایبه‌ت و ببن به خاوه‌نى خانوى خۆیان.
8. دابینكردنى موچه
یه‌كێك له گازندهكانى خاوه‌نپێداویستى تایبه‌ت له گه‌رمیان كه‌مى موچه‌كانیانه و هاوتا نهكردنیهتى له‌گه‌ڵ عێراقدا، حكومه‌تیش ده‌ڵێت: یه‌كێكه له‌و بڕگانه‌ى له نێوان هه‌رێم و به‌غداد گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرێت و پێویسته جێبه‌جێ بكرێت.
سه‌ركه‌وت كه‌ریم، خاوه‌نپێداویستى تایبه‌ت له گه‌رمیان، وتى: ئێمه موچه‌یه‌كى 150 هه‌زار دیناریمان هه‌یه ئه‌وه‌ش به 3 مانگ جارێك پێمان ده‌درێت، بۆ هه‌ر مانگێكیش دێته 50 هه‌زار دینار، ئه‌مه به‌شى چى ده‌كات؟ له كاتێكدا پێشتر ده‌یانوت هاوتاى موچه‌ى عێراق ده‌كرێت كه ئه‌وان باشترن، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا هاوتا نه‌كراوه.
هاوكات كارزان ئیبراهیم، خاوه‌نپێداویستى تایبه‌ت له گه‌رمیان، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد: موچه‌ى ئێمه ته‌نها 150 هه‌زاره به‌م دۆخه و به‌و هه‌مو وه‌سیله‌یه كه بۆ ژیان زیاتر بوه، ئه‌م موچه‌یه بۆ 20 ساڵ پێش ئێستا باشبو، به‌ڵام بۆ ئێستا هیچ باش نیه و پێویسته پێداچونه‌وه‌ى بۆ بكرێت و زیاتر بكرێت وه‌كچۆن به‌غداد زیادى كردوه.
وتیشى: ئه‌و موچه‌یه بۆ خاوهنپێداویستیهك كه نه‌خۆشه و پێویستى به ده‌رمانه به‌شى ته‌نها رۆژێك ده‌كات.
"ئه‌و موچهیهى كه 150 هه‌زار دیناره به‌شى هیچ ناكات نابیناى وامان هه‌یه قه‌تره‌یه‌ك ئه‌كڕێت به 27 هه‌زار دینار، دۆخه‌كه‌ش رونه وا ئه‌بێت به 3 مانگ تاوه‌كو ئێستا موچه دابه‌ش نه‌كراوه". هه‌ڤاڵ ئیسماعیل، سه‌رۆكى لقى گه‌رمیانى رێكخراوى رۆشنایى دڵ تایبه‌ت به نابینایان وتى.
باسى له‌وه‌شكرد: له رابردودا چه‌ندینجار خۆپیشاندانمان كردوه و وه‌زاره‌تیشمان داواى كردوه، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا ئه‌و موچه‌یه زیاتر نه‌كراوه یان هاوتاى عێراق نه‌كراوه، له كاتێكدا له %85ـى ئه‌ندامه‌كانى من خێزاندارن، كه‌چى تاوه‌كو ئێستا هیچ نه‌كراوه.
لە به‌رامبه‌ردا، عه‌لى ره‌ئوف سه‌عید، جێگرى به‌ڕێوبه‌رى تۆڕى پاراستنى كۆمه‌ڵایه‌تى گه‌رمیان، ده‌ڵێت: ئه‌ركى ئێمه وه‌ك موچه‌ى خاوه‌نپێداویستى تایبه‌ت ئاماده‌كردن و راكێشانى لیستى ناوى ئه‌وانه‌یه كه موچه‌یان هه‌یه، ئه‌مه‌ش له رێگه‌ى وه‌زاره‌ته‌وه هه‌ندێكجار گۆڕانكار تێدا ده‌كرێت.
وتیشى: ئه‌گه‌ر گرفت له لیست نه‌بێت ئه‌وه ئاراسته‌ى بانكى ده‌كه‌ین و موچه‌یان پێده‌درێت، جگه له‌مه هیچ ئه‌ركێكى ترمان نیه.
به هه‌مان شێوه، ژیلوان عادل، به‌ڕێوبه‌رى گشتى چاودێرى و گه‌شه‌پێدانى كۆمه‌ڵایه‌تى گه‌رمیان وتى: هاوتاكردنى موچه‌ى كه‌سانى خاوه‌نپێداویستی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ عێراق یه‌كێكى تره له بڕگه‌كانى دانوستانى نێوان هه‌رێم و به‌غداد كه ده‌بێت جێبه‌جێ بكرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مه‌رج نیه هه‌مو خاوهنپێداویستیهكى تایبه‌ت بتوانێت سودمه‌ندبێت.
وتیشى: عێراق له‌سه‌ر بنه‌ماى جۆر و ژماره‌ى ئه‌ندامانى خێزان و بژێوى ژیان موچه‌كه زیاتر ده‌كات، هه‌یه كه‌متر له 150 هه‌زار وه‌رده‌گرێت، هه‌شه زیاتر.
ده‌شڵێت: لێره دو موچه هه‌یه هه‌ر خاوهنپێداویستییهكى تایبه‌ت موچه‌خۆرى حكومه‌ت بێت، 100 هه‌زار خراوه‌ته سه‌ر موچه‌كه‌ى وه‌ك ده‌رماڵه، ئه‌مه له عێراقدا نیه.
9. نه‌بونى كورسی خوێندنى باڵا
"یه‌كێكى تر له‌و گرفتانه‌ى كه هه‌مانه له خوێندنى باڵاش هیچ كورسیه‌ك بۆ ئێمه ته‌رخاننه‌كراوه، بۆ نمونه وه‌ك رۆژنامه‌نوسان یان وه‌ك كه‌سوكارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان، ئه‌وه‌ى هه‌یه زۆرینه‌مان له‌سه‌ر ئه‌ركى خۆمان خوێندنمان ته‌واو كردوه ". به‌ناز ئه‌حمه‌د، خاوه‌نپێداویستى تایبه‌ت له گه‌رمیان واى وت.
وتیشى: بۆ هه‌ر ساڵێكى خوێندنم نزیكه‌ى 1 ملیۆن و 500 هه‌زار دینارم داوه‌ته كرێى خوێندن و هیچ كهمكردنهوهیهكیش نه‌كراوه بۆمان.
هاوكات، هه‌ڤاڵ ئیسماعیل، سه‌رۆكى لقى گه‌رمیانى رێكخراوى رۆشنایى دڵ تایبه‌ت به نابینایان، وتى: پێویسته له وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا ئاسانكارى بۆ نابینایان بكرێت و كورسى تایبه‌تیان هه‌بێت بۆ وه‌رگرتن.
وتیشى: رێژه‌یه‌كى زۆرى خوێندكارمان هه‌یه ده‌رچوى زانكۆن و دامه‌زراون و نابیناشن، بۆیه گرنگه دهستگیرۆى نابینیایان بكرێت.
هاوكات، ژیلوان عادل، به‌ڕێوبه‌رى گشتى چاودێرى و گه‌شه‌پێدانى كۆمه‌ڵایه‌تى گه‌رمیان، وتى: بۆ زانكۆ حكومییه‌كان له سه‌ر داواى وه‌زاره‌تمان وه‌زیرى خوێندنى باڵا بڕیاریداوه سه‌رجه‌م خاوهنپێداویستیهكى تایبه‌ت به پشتگیرى وه‌زاره‌تمان له خوێندنى باڵا به‌بێ به‌رامبه‌ر بخوێنێت وه‌رده‌گیرێت.
وتیشى: وه‌ك رێنمایى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا نازانم، به‌ڵام ئه‌مه له نێوان وه‌زاره‌تمان و وه‌زاره‌تى پهوهندیداره و به بڕیار كراوه.
باسى له‌وه‌شكرد: به‌ڵام بۆ خوێندنى به‌كالۆریۆس و دبلۆم وه‌ك كورسى ته‌رخان نه‌كراوه، به‌ڵام كارى له‌سه‌ر ده‌كه‌ین و بكرێت به رێنمایی و بتوانن سودمه‌ندبن.
له به‌رامبه‌ردا، ده‌شتى عه‌لى، به‌ڕێوبه‌رى به‌شى راگه‌یاندنى سه‌رۆكایه‌تى زانكۆى گه‌رمیان هێما بۆ ئه‌وه ده‌كات: وه‌رگرتنى خوێندكار له زانكۆ و په‌یمانگاكانیش به‌پێى مه‌رج و رێنماییه‌كانى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵایه، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى به‌كالۆریۆس و دبلۆم وه‌زاره‌ت یه‌كلاییده‌كاته‌وه و ناوه‌كان ئاراسته‌ى زانكۆكان ده‌كرێته‌وه.
وتیشى: بۆ خوێندنى باڵاش وه‌ك ماسته‌ر و دكتۆرا و دبلۆمى باڵا، ئه‌مه‌ش به‌هه‌مانشێوه به‌پێى مه‌رج و رێنماییه‌كانى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵایه و له ئه‌ستۆى خودى زانكۆكانه.
جهحتى له‌وه‌شكرده‌وه: بۆیه به‌پێى رێنماییه‌كانى وه‌زاره‌ت هیچ تایبه‌تمه‌ندیه‌ك بۆ خاوه‌نپێداویستى تایبه‌ت دیاریینهكراوه بۆ خوێندنى به‌رایی وه‌ك به‌كالۆریۆس و دبلۆم، به‌ڵكو وه‌ك هه‌ر خوێندكارێكى ئاسایی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.
ده‌شڵێت: له هه‌مان كاتدا بۆ خوێندنى باڵا به‌پێى رێنمایى ژماره 12ـى ساڵى 2024 له ماده‌یی هه‌شته‌م له خاڵى پێنجه‌م به رونى ئاماژه‌ى بهوهكردوه هه‌ر نابینایه‌ك رێژه‌ى نابیناییهكهى له %100 بو یان له %90 بو، له ئه‌گه‌رى پێشكه‌شكردنى بۆ خوێندن بهشیۆهى پارالێڵ ئه‌وه ده‌بێت پشتگیرییه‌ك له وه‌زاره‌تى پهیوهنیدارهوه بهێنێت كه پشت راستى نابیناییهكهى بكاته‌وه و خوێندنه‌كه‌ى بۆ ده‌كرێت به خۆڕایى.
وتیشی: به‌پێى رێنمایى ژماره 11ـى ساڵى 2024 كه وه‌زاره‌ت ده‌ریكردوه بۆ خوێندنى باڵا له خاڵى 2ـى ماده‌ى 1ـدا، ده‌ڵێت: ته‌نها بۆ نابینایان بۆ خوێندن به‌پێى راپۆرتى لیژنه‌ى پزیشكى كه پشتڕاستى بكاته‌وه كه نابینایه، ئه‌وه له مه‌رجى توانستى زمانى ئینگلیزى ده‌به‌خشرێت.
10. سه‌نته‌ره‌كانى ئۆتیزم
به پێى داتا نافه‌رمیه‌كان له سنورى گه‌رمیان زیاتر له 300 مناڵی توشبو به ئۆتیزم بونى هه‌یه، به‌شێك له‌و مناڵانه كه ته‌مه‌نیان ده‌گاته 12 ساڵان له سه‌نته‌ره‌كان وه‌رناگیرێن، ئه‌مه‌ش خێزانهكانیانى نیگه‌ران كردوه، حكومه‌تیش له‌وباره‌یه‌وه رونكردنه‌وه ده‌دات.
سه‌ردار نۆڕێ، باوكى مناڵێكى ته‌مه‌ن 13 ساڵانى ئۆتیزمه له گه‌رمیان، ده‌ڵێت: مناڵانى ئۆتیزم حكومه‌ت هیچ ئاوڕێكى لێ نه‌داونه‌ته‌وه و ساڵانه‌ش رێژه‌كه‌یان زیاتر ده‌بێت، به جۆرێكه نزیكه‌ى 300 مناڵ له گه‌رمیان هه‌ن كه ئه‌و نه‌خۆشیه‌یان هه‌یه.
وتیشى: ئێمه له كێشه‌ى زۆر گه‌وره‌داین و حكومه‌تیش كه‌مته‌رخه‌مه به‌رامبه‌ر به‌و مناڵانه، چونكه پێویستیان به په‌روه‌رده‌ى تایبه‌ته و هیچ نه‌كراوه تاوه‌كو ئێستا، له كاتێكدا چه‌ند ساڵێكه له پارێزگاكان كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ن سه‌نته‌رى تایبه‌ت به خۆیان هه‌بێت كه‌چى گرنگى به قه‌زاكان ناده‌ن.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: له ماوه‌ى 10 ساڵى رابردودا داواى كردنه‌وه‌ى سه‌نته‌رى حكومیمان كرد كه ئێستا كراوه‌ته‌وه، كه‌چى مناڵه‌كه‌مان وه‌رناگرن، چونكه ته‌مه‌نى 13 ساڵه و تاوه‌كو ته‌مه‌نى 11 ساڵان وه‌رده‌گرن.
ئه‌و به نیگه‌رانیه‌وه باسى له‌وه‌كرد: خرپى دۆخى دارایی و موچه وایكردوه نه‌توانن مناڵه‌كه‌یان ببه‌نه سه‌نته‌رى ئۆتیزمى ئه‌هلى و ته‌نها توانیویانه چه‌ند مانگێك به‌رده‌وامبن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى بۆ هه‌ر مانگێك بڕى 250 هه‌زار دینارییان لێ وه‌رگیراوه سه‌ربارى خه‌رجیه‌كانى تر‌ى، وه‌كخۆى ده‌ڵێت: مناڵه‌كه‌مان به‌ره‌و قۆناغى باڵغبون ده‌چێت و شاره‌زاییمان نیه چۆن مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا بكه‌ین، ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین خه‌مى ئێمه‌یه..
سه‌ردار، وتیشى: ئه‌م مناڵانه په‌روه‌رده‌ى تایبه‌ت و راهێنه‌رى تایبه‌تیان پێویسته له‌لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه كه له بواره‌كه‌دا شاره‌زا بن، قوتابخانه‌یه‌كى تایبه‌ت نیه به‌م مناڵانه بتوانن له روى په‌روه‌رده‌وه سود ببینن، ئه‌مه جگه له‌وه‌ى له روى ته‌ندروستیشه‌وه هیچ نه‌كراوه و ئه‌م مناڵانه به‌رده‌وام پێویستیان به پشكنینى جه‌سته‌یى و مێشك و ده‌مار هه‌یه، ئێمه‌ش ناتوانین بیبه‌ینه دكتۆر و توانا‌مان نیه، بۆیه پێویسته حكومه‌ت له‌و روه‌وه هه‌نگاوێك بنێت.
له به‌رامبه‌ردا، ژیلوان عادل، به‌ڕێوبه‌رى گشتى چاودێرى و گه‌شه‌پێدانى كۆمه‌ڵایه‌تى گه‌رمیان، وتى: له ماوه‌ى شه‌ش مانگدا توانیومانه 2 سه‌نته‌رى ئۆتیزم له قه‌زاى كه‌لار و كفرى بكه‌ینه‌وه و مناڵان له‌و دو سه‌نته‌ره‌دا راهێنانى تایبه‌ت وه‌رده‌گرن.
وتیشى: له ماوه‌ى 2 ساڵى رابردوش ته‌نها 1 سه‌نته‌رى ئۆتیزمى ناحكومى هه‌بو له ئێستادا بوه به 4 سه‌نته‌ر و خزمه‌ت ده‌كه‌ن.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر مناڵێك رۆژانه 1 هه‌زار دینارى بۆ ته‌رخان كراوه بۆ خواردن و خواردنه‌وه له سه‌نته‌ردا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بڕى 1 هه‌زار دیناریش بۆ گیرفانى ئه‌و مناڵانه، له ماوه‌ى چه‌ند رۆژى رابردو بۆ 5 مانگ بڕى 150 هه‌زار دینار دراوه به هه‌ر مناڵێك له قه‌زاى كفرى ئه‌مه‌ش بۆ كه‌لار هه‌ر راسته.
سه‌باره‌ت به‌و مناڵانهشى كه ته‌مه‌نیان سه‌روى 12 ساڵه تاچه‌ند له سه‌نته‌ره‌كان وه‌رده‌گیرێن، به‌ڕێوبه‌رى گشتى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى چاودێرى گه‌شه‌پێدانى كۆمه‌ڵایه‌تى گه‌رمیان وتى باسى له‌وه‌كرد: ئه‌و مناڵانه‌ى ته‌مه‌نیان سه‌روى 12 ساڵه به‌پێى رێنماى وه‌زاره‌ت ناتوانرێن له سه‌نته‌ره‌كان وه‌ربگیرێن، هۆكاره‌كه‌شى ئه‌وه‌یه ته‌مه‌نیان ئه‌چێته سه‌ره‌وه و پێویستیان به په‌روه‌رده‌ى تایبه‌ت و مامۆستاى تایبه‌ته، له ئێستاشدا سه‌رقاڵى ئه‌وه‌ین داتایه‌ك وه‌ربگرن بزانین چه‌ند مناڵمان هه‌یه له‌و ته‌مه‌نه به‌سه‌ره‌وه بۆ ئه‌وه‌ى سه‌نته‌رێكى تایبه‌تمه‌ند بكه‌ینه‌وه بۆیان.
ئه‌مه له كاتێكدایه به‌پێى ئامارێكى نافهرى زیاتر له 300 مناڵى ئۆتیزم له گه‌رمیان هه‌یه، به‌پێى وته‌ى به‌ڕێوبه‌رى گشتى چاودێرى و گه‌شه‌پێدانى كۆمه‌ڵایه‌تى گه‌رمیان پێده‌چێت رێژه‌كه له‌وه زیاتر بێت و هێشتا به فه‌رمی تۆمار نه‌كراوه.
به‌شى دوه‌م: ده‌ره‌نجام و راسپارده‌كان
یه‌كه‌م: دەرەنجام
1. کەلێنی گەورە لەنێوان یاسا و جێبەجێکردندا:
سەرەڕای بونی یاسای ژمارە (22)ـی ساڵی 2011 کە مافە تەندروستی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم توێژەی مسۆگەر کردوە، بەڵام لە واقیعدا جێبەجێکردنی ئەم یاسایە زۆر لاوازە. حکومەت لە دابینکردنی چارەسەری بێبەرامبەر و پێداویستیی پزیشکی، تەنها بە نوسراو و ئاراستەکردنی فەرمی وەستاوە و هیچ میکانیزمێکی کاریگەری بۆ ناچارکردنی دامەزراوەکان بە پابەندبون نییە.
2. لاوازیی ئاسایشی ئابوری و کۆمەڵایەتی:
سیستەمی پشتیوانیی دارایی ئەم توێژە ناجێگیر و لاوازە. راگرتنی تۆمارکردنی ناوی نوێ لە ساڵی 2014ـه‌وه، کەمیی بڕی موچە (150 هەزار دینار) و دواکەوتنی بەردەوامی، وایکردوە ئەم موچەیە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر باشترکردنی گوزەرانیان نەبێت. ئەمە جگە لەوەی هیچ سیاسەتێکی نیشتەجێبونی گونجاو نییە کە توانای دارایی ئەوان لەبەرچاو بگرێت.
3. پەراوێزخستنی پەروەردەیی و فێرکاری:
سیستەمی پەروەردە لە گەرمیان نەیتوانیوە ژینگەیەکی گونجاو و یەکسان بۆ خوێندنی خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان بڕەخسێنێت. کەمیی قوتابخانە و مامۆستای تایبەتمەند، نەبونی پرۆگرامی خوێندنی گونجاو و نەبونی ئاسانکاری لە خوێندنی باڵادا، وایکردوە بەشێکی زۆریان لە خوێندن داببڕێن یان نەتوانن تواناکانیان گەشە پێبدەن.
4. نەگونجاوی ژێرخانی شارسازی و ژینگەی گشتی:
زۆربەی دامەزراوە حکومییەکان، شوێنە گشتییەکان، بازاڕ و شەقامەکان لەڕوی ئەندازەییەوە بۆ هاتوچۆ و بەکارهێنانی کەسانی خاوەنپێداویستی تایبەت گونجاو نین. ئەمەش بوەتە هۆی دابڕانیان لە کۆمەڵگە و سنوردارکردنی بەشداریکردنیان لە ژیانی رۆژانەدا.
5. بۆشایی لە خزمەتگوزارییە تایبەتمەندەکاندا:
کەمی و نەبونی سەنتەری تایبەتمەند، بەتایبەت بۆ حاڵەتەکانی وەک ئۆتیزم (بۆ تەمەنی سەرو 12 ساڵ)، کێشەیەکی گەورەی بۆ خێزانەکان دروستکردوە. حکومەت لەبری داڕشتنی پلانێکی ستراتیژیی درێژخایەن، زیاتر کاردانەوەی کاتیی هەبوە.
6. بێبه‌ش بون له موچه و تۆماركردن
جگه له‌وه‌ى موچه‌ى كه‌سانى خاوه‌نپێداویستی كه‌م و سنورداره، هاوكات به‌شێك له‌وانه‌ش تائێستا تۆمار نه‌كراون و بێبه‌شن له‌هه‌ر موچه‌یه‌ك. هاوكات بێبه‌شیش بون له سودمه‌ندبون له وه‌رگرتنى زه‌وی و یه‌كه‌ى نیشته‌جێبون به بێبه‌رامبه‌ر یان نرخی كه‌م و گونجاو.
دوه‌م: راسپاردەکان
1. پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای بەدواداچون:
پێویستە لەسەر ئاستی ئیدارەی گەرمیان بە سەرپەرشتیی ئیدارە و بە ئەندامێتیی نوێنەری بەڕێوبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان (تەندروستی، پەروەردە، شارەوانی، چاودێریی کۆمەڵایەتی) و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، لیژنەیەکی باڵا پێکبهێنرێت. ئەرکی ئەم لیژنەیە چاودێریکردنی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە (22) و پێشکەشکردنی راپۆرتی وەرزی بێت بۆ لایەنی پەیوەندیدار له‌سه‌ر دۆخی ئه‌م توێژه.
2. پێداچونەوەی بەپەلە بە سیستەمی موچە و تۆمارکردن:
ا. کردنەوەی دەرگای تۆمارکردن: پرۆسەی تۆمارکردنی ئەو کەسانەی شایستەن بەردەوام و کراوە بێت و دانەخرێت.
ب. زیادکردنی موچە: پێداچونەوە بە بڕی موچەی مانگانەدا بکرێت بەشێوەیەک کە لەگەڵ پێداویستییەکانی گوزەرانی ئێستادا بگونجێت و بکرێتە بڕێکی مانگانەی جێگیر.
3. سەپاندنی یاسای دامەزراندن
پێویسته حكومه‌ت هه‌ڵسه‌نگاندێك بكات بۆ هه‌مو كه‌سانى خاوه‌نپێداویستی تایبه‌ت له روى شیاوییان بۆ بازاڕى كار (گشتى و تایبه‌ت)، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه هه‌ستێت به جێبه‌جێكردنى رێژه‌ى 5%ـى دامه‌زراندنه‌كان بۆ كه‌سانى خاوه‌نپێداویستی تایبه‌ت. دەبێت ئەمە بکرێتە مەرجێکی سەرەکی لە کاتی راگەیاندنی هەر میلاک و هەلی کارێکی نوێ‌دا له هه‌ردو كه‌رته‌كه‌دا.
4. دابینكردنى یه‌كه‌ى نیشتەجێبون:
ا. هەموارکردنی رێنماییەکانی دابەشکردنی زەوی بەشێوەیەک کە خاوەنپێداویستی تایبەت (بەبێ مەرجی فەرمانبەر بون) بگرێتەوە.
ب. دیاریکردنی پشکێکی دیاریکراو لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبونی وەبەرهێنان بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆیان.
ت. راسپاردنى بانكه‌كان (حكومی یان ئه‌هلی) بۆ ئه‌وه‌ى قه‌رز به زیاده‌ى كه‌م و ماوه‌ى درێژ بده‌ن به‌م توێژه، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن یه‌كه و خان‌و دروست بكه‌ن. یاخود لێكتێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانى بوارى بیناسازیی بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ره‌سته‌یان پێبفرۆشن به نرخی كه‌م و قیستی درێژخایه‌ن، وه‌كو به‌شدارییه‌كى ئه‌وان له چاكه‌ى گشتى، یان له‌به‌رامبه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ى باجى ساڵانه‌ى سه‌ریان.
5. دانانی "کۆدی نیشتمانی بۆ دەستڕاگەیشتن (Accessibility Code)".
ا. پێویستە شارەوانییەکان و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، کۆمەڵێک ستانداردی ئەندازەیی ناچاری (کۆد) بۆ هەمو باڵەخانە و پڕۆژە نوێیەکان دەربکەن کە ئاسانکاریی تەواو بۆ هاتوچۆی ئەم توێژە لەخۆ بگرێت (رێڕەوی تایبەت، رەمپە، مەسعەد، تابلۆی رێنمایی).
ب. دانانی پلانێکی کاتی بۆ گونجاندنی باڵەخانە کۆن و گرنگەکانی حکومەت و گۆڕانكاریی تێداكردنیان به‌ئاڕاسته‌ى خاڵی یه‌كه‌م.
6. پەرەپێدانی پەروەردەی گشتگیر
ا. پێویستە وەزارەتی پەروەردە پۆل و بەشی تایبەت لەناو قوتابخانە ئاساییەکاندا لە هەمو قەزا و ناحیەکان بکاتەوە بۆ تێکەڵکردنیان و دابینکردنی مامۆستای راهێنراو.
ب. پێویستە وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕێژەیەکی دیاریکراو (کورسی) لە پلانی وەرگرتنی ساڵانەدا بۆیان تەرخان بکات لەگەڵ داشکاندنی کرێی خوێندن لە زانکۆ حكومى و ئەهلییهكاندا.
7. پڕکردنەوەی بۆشایی خزمەتگوزارییە تایبەتمەندەکان:
ا. دامەزراندنی سەنتەری حکومیی تایبەت بە راهێنان و فێرکردنی پیشەیی بۆ كه‌سانى خاوه‌نپێداویستی تایبه‌ت، یاخود كردنه‌وه‌ى پۆل و هۆڵی تایبه‌ت به‌و توێژه له‌و سه‌نته‌ره حكومییانه‌ى كه هه‌ن "له‌نمونه‌ى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى به‌كارخستن و راهێنانى پیشه‌یی".
هه‌روه‌ك هیچ سه‌نته‌رێكیش نییه چ بۆ بره‌ودان به به‌هره و ئاره‌زوه گشتییه‌كانى كه‌سانى خاوه‌نپێداویستی تایبه‌ت، له‌نمونه‌ى هونه‌ره جوانه‌كان (وێنه‌كێشان و میوزیك و..هتد).
ب. هیچ خوێندنگه‌یه‌ك نییه بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى نابینان، بۆیه پێویسته هاوشێوه‌ى كه‌سانى نابیست، خوێندنگه‌ى تایبه‌ت بۆ نابینایانیش بكرێته‌وه و فێری شێوازی خوێندنه‌وه‌ى "برێل" بكرێن كه تایبه‌ته به كه‌سانى نابینا.
ت. بۆ كه‌سانى توشبوى ئۆتیزم كه له سه‌روى 12 ساڵه‌وه‌ن، ده‌بێت خه‌میان بخورێت و هاوشێوه‌ى مناڵانى توشبوى نه‌خۆشییه‌كه، ئه‌وانیش به‌هره‌مه‌ند بن له بونى سه‌نته‌رى تایبه‌ت.
پ. تەرخانکردنی بودجەیەکی ساڵانەی جێگیر بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک عەرەبانەی کارەبایی و ئاسایی، بیستۆک (سەماعه) و کەرەستەی پزیشکیی دیکە. بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته حكومه‌ت بودجه‌ى هه‌بێت، یان ساڵانه هه‌ڵمه‌تى كۆكردنه‌وه‌ى پیتاك بكرێت به هاوكاری رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و به‌پشتبه‌ستن به شایان بون "أستحقاق" و له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كى شه‌فاف و ئاشكرا پێویستییه‌كان دابه‌ش بكرێن به‌سه‌ر ئه‌و خاوه‌نپێداویستییه تایبه‌تانه‌ى كه پێویستیان پێیه‌تى.
ج. ده‌بێت رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نى له بوارى خزمه‌تكردنى كه‌سانى خاوه‌نپێداویستی تایبه‌تدا كارابن و رۆڵی خۆیان بگێڕن و به‌شێك له كار و چالاكییه‌كانیان تایبه‌ت بكه‌ن به‌م توێژه. هه‌روه‌ك گرنگه حكومه‌تیش ته‌نسیق و ئاماده‌كاریی بكات له‌گه‌ڵ ئه‌و رێكخراوانه و پرۆژه و چالاكیی بۆ خزمه‌تى ئه‌م توێژه ئه‌نجام بده‌ن. ئەم تەنسیق و کاری هاوبەشە لەنێوان دامودەزگا حکومی و پەروەردەییەکانیشدا هەر راستە و گرنگە.
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵقەرەتەپە کرایە قەزا و کۆکسی نەخراوەتە سەر
-
-
هەواڵشارەوانی کفری سکاڵا لەسەر رۆژنامەنوس: محەمەد عەدنان تۆماردەکات
-
-
هەواڵهاوردەکردنی پەتاتە بە "قاچاخی" بەردەوامە
-
-
راپۆرتدڵپاک ئه‌حمه‌د؛ بە زانست پاسەوانیی ژینگە دەکات
-
-
وتاررۆڵی حكومه‌تی خۆجێی گه‌رمیان له پاراستنی ئاسایش و ته‌ندروستی و ئارامی گشتی
-
زۆرترین بینراوەکان