
رادیۆی ده‌نگ
یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، له دواین راپۆرتى خۆیدا تیشكیخستوهته سه‌ر پرسی وشكه‌ساڵی و هه‌وڵی حکومەت بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی.
كلیك له‌م فایله‌ى خواره‌وه بكه بۆ خوێندنه‌وه‌ى راپۆرته‌كه به‌شێوازی PDF
رادیۆی ده‌نگ له‌چوارچێوه‌ى پرۆژه‌یه‌كدا بۆ بره‌ودان به رۆژنامه‌وانى و مافه‌كانى مرۆڤ و چاودێریی حكومه‌ت به پاڵپشتی سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی NED، مانگانه له رێگه‌ى یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیانـى سه‌ر به رادیۆكهوه، راپۆرتێكى ورد و قوڵ له‌بوارى كێشه جیاوازه‌كانى په‌یوه‌ست به حكومه‌ته‌وه له گه‌رمیان به‌رهه‌مده‌هێنێت. بۆ ئه‌م مانگه‌ش راپۆرته‌كه‌ى ته‌رخانكردوه به پرسی وشكه‌ساڵی.
راپۆرته‌كه 7 له دیارترین لێكه‌وته و كێشه‌كانى په‌یوه‌ست به وشكه‌ساڵیی خستوه‌ته به‌ر باس، له‌سه‌ر زاری پسپۆڕ و شاره‌زایان و هاوڵاتیانى په‌یوه‌ندیداره‌وه، باسی له‌و لێكه‌وتانه و ورده‌كارییه‌كانى كردوه.
له به‌شى دوه‌میشی دا، ژماره‌یه‌ك ده‌ره‌نجامى له كۆی باسكردنى كێشه‌كان ده‌ستخستوه و خستونیه‌ته رو، هاوكات چه‌ند راسپاردهیهكیشی بۆ مامه‌ڵه‌كردنێكى دروست له‌گه‌ڵ پرسه‌كه و لێكه‌وته‌كانى پێشكه‌ش كردوه.
له‌خواره‌وه ده‌قی راپۆرته‌كه به‌شێوه‌ى تێكست ده‌خوێننه‌وه.
وشکەساڵی له گه‌رمیان و هه‌وڵی حکومەت بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی
به‌شى یه‌كه‌م: وشكه‌ساڵی و لێكه‌وته‌كانی
1. وشکەساڵی چییە؟
وشکە ساڵی بەیەکێک لەو دیاردە سروشتییانە دادەنرێت کە لە ناوچەیەک بۆ ماوەیەکی دیاریکراو رودەدات لە ئەنجامی کەمبونەوەی رێژەی داهاتی ئاو، کاتێک ناوچەکە توشی کەمبارانی بەردەوام دەبێت بەبەراورد بەڕێژەی سروشتی باران بارینی ناوچەکە، ئه‌مه‌ش کاریگەری گەورە دەکاتە سەر سیستەمی ژینگە و کشتوکاڵ لەناوچەی زیانلێکەوتو.
لە روی زانستییەوە سەرهەڵدانی وشکەساڵی بۆ یەکجار لەماوەی 7 تا 13 ساڵ بە کردارێکی ئاسایی دادەنرێت، دوبارەبونەوەی زیاتر لە 2 جار بەکردارێکی ناسروشتی هەژماردەکرێت.
چەند جۆرێکی وشکەساڵی هەیە، له‌وانه: کشتوکاڵی، هایدرۆلۆجی، کەشناسی، گشتی.
2. کەمبونەوەی سەرچاوەی ئاو
کەمی رێژەی بارانبارین کاریگەرییەکی خراپی کردوەتە سەر سەرچاوەکانی ئاو، بەڕێوبەری ئاوی دەوروبەری گەرمیانیش دەڵێت بەهۆی وشکەساڵییەوە لەچەندین شوێن کێشەی ئاو دروست بوە.
نەوزاد حەمید، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی ئاوی دەوروبەری گەرمیان، دەڵێت: بۆ ئاوی ژێر زەوی ئەمساڵ وشکەساڵییە، کەمی رێژەی بارانبارین کاریکردوەتە سەر دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی، چەندەها کانیمان هەیە وشکی کردوە و لەلایەن هاوڵاتیانەوە ئاگەدار دەکرێینەوە لە وشکبونی سەرچاوەکانی ئاو.
دەشڵێت: ئێستا لە مانگی 6 داین کاریگەرییەکان بەمشێوەیەیە، پێدەچێت لە مانگی (7 و 8)ـدا رێژەی وشکبونی سەرچاوەکانی ئاو رولە زیادبون بکات، لە چەندەها شوێن روبەروی کێشەی ئاو بوینەتەوە بەو هۆیەوە.
هاوکات د. عەبدولموتەڵیب رەفعه‌ت، مامۆستای زانکۆ و توێژەری بواری ژینگه و ئاو، دەڵێت: وشکەساڵی کاریگەریی راستەوخۆی دەبێت لەسەر دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی بەهۆی ئەوەی رێژەی پێویست لە ئاوی باران دزەناکاتە ژێر زەوییەوە و نابێتە هۆی پاراوبونی ئاوی ژێرزەوی.
پشتبەستن بە ئاوی ژێرزەوی وەک سەرچاوەی سەرەکی دابینکردنی ئاو بۆ دانیشتوان، گرفتی دابەزینی ئاوی ژێرزەوی بەرەو ئاستێکی خراپتر بردوە.
د. عه‌بدولموتەڵیب رەفعه‌ت، باسی لەوەکرد: بەشێوەیەکی زۆر خراپ مامەڵە لەگەڵ ئاوی ژێرزەویدا دەکرێت، لە زۆرێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ئاستی ئاوی ژێر زەوی دابەزیوە، چونکە زیاتر لە 90%ـی دانیشتوانی هەرێم پشت بە ئاوی ژێرزەوی دەبەستن و لە بەرانبەردا ئاوی سەرزەوی بەتەواوی پشتگوێخراوە.
لە بەرامبەردا نەوزاد حەمید، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی ئاوی دەوروبەری گەرمیان، پشتڕاستی ئەو قسهیەدەکاتەوە "بۆ دابینکردنی ئاوی ماڵان بەرێژەی 90% پشت بە ئاوی ژێرزەوی دەبەستن بە هۆی نەبونی پرۆژەی ئاوی گەورە لە سەر روباری سیروان، لەرێگەی لێدانی بیری قوڵەوە ئاوی دانیشتوان دابین دەکەین".
بۆ چارەسەرکردنی سەرهەڵدانی گرفتی بێ ئاویی لەو شوێنانەی بەهۆی وشکەساڵییەوە سەرچاوەکانی ئاویان وشکی کردوە، بەڕێوبەرایەتی ئاوی دەوربەری گەرمیان پێویستی بە بودجەی فریاکەوتنە.
نەوزاد حه‌مید، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی ئاوی دەوروبەری گەرمیان، دەڵێت: لەکاتی سەرهەڵدانی وشکەساڵی دا پێویستە بودجەیەکی فریاکەوتنمان لە بەردەستدا بێت بۆ ئەوەی ئەو شوێنانەی سەرچاوەکانی ئاویان وشکدەکات بە زوترین کات لە رێگەی تەنکەرەوە بێت یان به هەڵکەندنی بیر بێت یاخود به راکێشانی بۆڕی ئاو لە شوێنێکی تره‌وه، چارەسەری کێشەی بێ ئاوییان بۆ بکرێت.
لەپێناو کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و مەترسیەکانی دوبارەبونەوەی ئەم دیاردەیە، شارەزایەکی بواری ئاو بەپێویستی دەزانێت بەشێوەیەکی زانستی مامەڵە لەگەڵ ئاوی ژێرزەویدا بکرێت و پلانی پێشوەختە بۆ روبەڕوبونەوەی وشکەساڵی دابنرێت.
د. عه‌بدولموتەڵیب رەفعه‌ت، مامۆستای زانکۆ و توێژه‌رى پسپۆری ژینگه و ئاو، دەڵێت: پێویستە لەمەبەدوا وادابنرێت هەمو ساڵێک وشکەساڵییە، گرنگە پلانی ساڵانەمان بۆ روبەڕوبونەوەی وشکەساڵی ئامادەبێت، ناوچەی گەرمیان لە ماوەی 25 ساڵی رابردودا زۆرترین ساڵ دوچاری ئەم دیاردەیە بوەتەوە، پێویستە بەشێوەیەکی زانستی ئاوی ژێرزەوی دەربهێنرێت بەپشت بەستن بە تەکنیکی تەناهیکراو کە پشت بە رێژەی باران دەبەستێت.
دەشڵێت: لە بواری کشتوکاڵکردندا سیستەمی نوێ پەیرەو بکرێت بۆ کەمکردنەوەی بەفیرۆدانی ئاو، دانانی پێوەر بۆ هەمو ئەو بیرانەی کە هەیە بۆ رێگریکردن لە بە هەدەردانی ئاو، بەپێچەوانەشەوە مەترسی لە سەر ئایندەی ئاو دروست دەبێت، پێویستە هەوڵی جدی بدرێت بۆ رێگریکردن لە لێدانی بیری بێ مۆڵەت و سزادانی توندی ئەو کەسانەی هەڵدەستن بە لێدانی بیر لە دەرەوەی یاسا.
3. ئاوی ژێرزه‌وی
دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی کاریکردوەتە سەر وشکبونی ئاوی ژێرزه‌وی، حکومەت لەرێگەی پێدانی مۆڵەتی بیری بەدیلەوە چارەسەری گرفتی وشکبونی ئاوی بیرەکان دەکات.
حامد جومعە، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی ئاوی ژێرزه‌وی گەرمیان، دەڵێت: لەساڵانی رابردودا بیرێکی زۆر لێدراوە کە قوڵییان لە 50 بۆ 60 مەترە، بەنەمانی ئاو لەو بیرانە لە کاتی وشکە ساڵیدا، پێویستە داوای بیری بەدیل بکرێت بۆ چارەسەرکردنی گرفتی وشکبونیان.
دەشڵێت: حکومەت بە رێگەی یاسایی رێگەپێدان دەکات بۆ ئەو بیرانەی سەرچاوەی ئاویان وشكی کردوە، بیرێک ئاوی وشکی کردبێت ئەبێت مۆڵەتی بیری بەدیلی پێبدرێت پاش پڕکردنەوەی بیری یەکەم، ئەمە ئەو بیرانە ناگرێتەوە بە نایاسایی هەڵکەندراون.
هاوکات ئارام سابر، لێپرسراوی بەشی کشتوکاڵی سەرقەڵا، دەڵێت: رۆژانە لەلایەن جوتیارانەوە بە رێژەیەکی بەرچاو داواکاری بۆ پێدانی مۆڵەتی بیری بەدیل دێتە لامان کە بەهۆی وشکبونی بیرەکانیان و دابەزینی ئاستی ئاوەوە داوای مۆڵەتی بیری دیکە دەکەن.
رۆژگار سالار، جوتیارێکی دانیشتوی گوندی حاجی عەوادی سەر بە ناحیەی سەرقەڵایە، بەمەبەستی پێدانی مۆڵەتی بیری بەدیل سەردانی بەشی کشتوکاڵی ناحیەی سەرقەڵای کردوە، دەڵێت: دو بیرمان هەیە كه لە ساڵی 2010ـەوە بەقوڵی 150م دروستمان کردوە هەریەکەیان دو بۆ سێ ئینج ئاوی هەبوە، به‌ڵام ئەمساڵ کێشەی کەمی ئاوی بۆ دروستبوە.
دەشڵێت: مامەڵەی بیری بەدیلمان کردوە پاش پرکردنەوەی بیرەکە بیرێکی دیکە هەڵکەنین، دەبێت قوڵی بیرەکانمان 200 تا نزیکەی 300 مەتربێت ئەوکاتە دەگەیەتە ئاوێکی باش.
شێرزاد حه‌مید، جوتیارێکی دانیشتوی گوندی سەی جەژنییە، دەڵێت: بیری گوندەکەمان بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوەکەیەوە رێژەیەکی کەم ئاوی هەیە و نیوەی هەوایە، ئاوەکەی لێڵ بوە و پێویستی ئاوی گوندەکە پرناکاتەوە "کە ئاو دابەزێت لێڵ ئەبێت و بەکەڵکی خواردنەوە نایەت".
دەشڵێت: بەهۆی وشکەساڵییەوە 4 ناعورم وشکی کردوە کە ساڵانی پێش‌و هه‌ریه‌كه‌یان 4 ئینج ئاویان هەبو و بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی سودێکی زۆرمان لێدەبینی، "ئێستا یەک قەترە ئاوی تیادا نەماوە".
بەپێی ئامارێکی بەڕێوبەرایەتی ئاوی ژێر زەوی گەرمیان، زۆرترین بیری بەکاربردنی ئاوی ژێرزەوی لە گەرمیان بەرێگای کشتوکاڵییەوەیە کە 1222 بیری کشتوکاڵی لە سنورەکەدا تۆمارکراون، سەرباری بونی سەدان بیری نایاسایی کە تۆمارنەکراون.
ئاماری رێژەی دابارینی پێنج ناوچەی سنوری ئیدارەی گەرمیان بۆ 5 ساڵ بە پێی داتاكانى بەشی کەشناسی له بەرێوبەرایەتی گشتى کشتوکاڵی گەرمیان بە پێوەری (ملم)

4. کەرتی کشتوکاڵ
جوتیاران لە بەرهەمی گەنمی ئەمساڵدا بەهۆی کەمبارانییەوە روبەڕوی زیان بونەتەوە، وەکخۆیان دەڵێن: ئەو پارەیەشیان دەست ناکەوێتەوە کە لەچاندنی گەنمدا خەرجیان کردوە بەهۆی ئەوەی بەروبومەکەی وەکو پێویست نەبوە.
ئیبراهیم مه‌حمود، جوتیارێکی دانیشتوی گوندی نازێی سەر بە قەزای کەلارە، دەڵێت: بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ جگە لەزیان سودێکی ئەو تۆی نەبو بۆمان، بڕی 5 تەن گەنمم وەشاند 8 ملیۆن دینارم تیادا خەرج کرد، بەرهەمەکەی بەو شێوەیەنەبو کە تەنها ئەو تێچوه‌ی تیایدا خەرجم کرد دەریبکاتەوە.
دەشڵێت: جوتیار په‌ین و بنەتۆوی بەقەرزهێناوە، لە ئەنجامی ئەو زیانەی لەبەرهەمی ئەمساڵ کردویەتی توانای دانەوەی ئەو قەرزەی نیە.
بورهان حه‌سه‌ن، جوتیارێکی گوندی زەردی حەمەی سەربە ناحیەی رزگارییە، دەڵێت: لە دو تۆن گەنمی وەشیندراو تەنها بنەتوەکەی بۆ دەرکردم، بەشێکی ئەو تۆوەی وەشاندم بەهۆی بێ بارانییەوە سەوز نەبو.
"رێژەی باران بارین لەنێوان 250 بۆ 400 ملم کەمتربێت، کێشە بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دروستدەکات، بەتایبەتی بەروبومە کشتوکاڵییە باوەکانی وەکو گەنم، کاتێک بڕی پێویست باران نابارێت کاردەکاتە سەر کەمبونەوەی رێژەی بەروبومهكهى". د. هەڵگورد نەسرەدین، مامۆستا له زانكۆی پۆلیته‌كنیكی گه‌رمیان وای وت.
هاوکات شادیە حسێن، بەڕێوبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیان، دەڵێت: پێشبینیمان دەکرد بەرهەمهێنانی گەنم ئەمساڵ لە سنوری گەرمیان لە سەروی 100 هه‌زار تەن گەنم بێت، بەڵام لەئەنجامی رودانی وشکەساڵیهوه، پێشبینی نیوەی ئەوە دەکەین کە لە نێوان (40-50) هەزار تۆن گەنم بەرهەمهاتبێت.
زۆربەی جوتیاران زیانیان لەبەرهەمە کشتوکاڵیەکانیان کردوە، بەهۆی وشکەساڵی و نەبارینی بڕی پێویستی باران، تەنانەت بەهۆی شین نەبونی بەروبومەکانیان بەشێکیان وازیان لێهێناوە و نەیاندوریوەتەوە.
ئازاد محه‌مه‌د، جوتیارێکی دانیشتوی قەزای کەلارە، لە گوندی تەنورە گەنمی چاندوە، باس لەوەدەکات: لەسەر روبەری 40 دۆنم زەوی بری 2 تۆن گەنمم وەشاند، پشتم بە ئاوی باران بەست، بەڵام بەهۆی وشکەساڵییەوە بەرهەمەکەی باش نەبو، بۆئەوەی تێچوی زیاترم لەسەر نەکەوێت و کرێی دورینەوەی بێتەسەر، هەمویم نەدورییەوە.
هەروەک ئیبراهیم مه‌حمود، جوتیارێکی دانیشتوی گوندی نازێیە، دەڵێت: بەهۆی نەبارینی بڕی پێویستی بارانه‌وه، ئەو گەنمەی بەرهەمهاتوە گەنمێکی لاوازە و گەشەی تەواوی نەکردوە، هەندێک لەو گەنمەی وەشاندم بە کەڵکی دورینەوە نەهات دام بەدەم مەڕوماڵاتەوە بیخوات.
دوبارەبونەوەی وشکەساڵی لەساڵانی رابردودا و نەبارینی باران لەکاتی خۆیدا، وایکردوە بەشێک لە جوتیاران پشت بە ئاودانی دەستکرد ببەستن بۆ چاندی دانەوێڵە؛ بەڕێوبەری کشتوکاڵی گەرمیانیش باس لەوەدەکات وشکەساڵی وایکردوە داواکاری لێدانی بیر زۆر بێت.
شادیە حسێن، وتیشی: رێژەی ئەو روبەرەی بۆ لێدانی بیر دانراوە 20 دۆنمە، بەلێدانی بیر لەسەر روبەری زەوییەکی 20 دۆنمی، دەتوانرێت لەرێگەی کارکردن بەسیستمی نوێی کشتوکاڵی، بەشی کشوکاڵکردنێکی جوان و رێکوپێک بکات.
دەشڵێت: لە ئێستادا داواکارییەکی زۆر دێتە لامان لە لایەن جوتیارانەوە بەمەبەستی لێدانی بیر، ئەمساڵ روبەری 22 هەزار دۆنم زەوی كراوه بە مەرەشە "ئاوپرژێن"، ئەمەش هەواڵێکی دڵخۆشکەرە، چونكه بەکارهێنانی مەرەشە بەهەدەردانی ئاو کەم دەکاتەوە.
حه‌سه‌ن فەتاح، دانیشتوی گوندی سەیدەی سەر بەناحیەی سەرقەڵا، وتی: ساڵانە لەگەرمیان وشکەساڵی رودەدات، هەربۆیە بۆ کشتوکاڵکردن بیرمان لێداوە و پشت بە ئاوی ژێر زەوی دەبەستین.
وتیشی: ماوەی دو ساڵە لەرێگەی سیستەمی مەرەشەوە گەنم دەکەم، روبەری 22 دۆنم زەویم کردوە بە کشتوکاڵ، سەرەڕای ئەوەی تێچویەکی زۆری هەیە، بەڵام زەرەرمەند نەبوم کردومە بەو سیستەمە و بەرهەمی ئەمساڵمان یه‌ك به 20 بڕیویەتی.
"بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی، پێویستە جوتیاران گۆڕانکاریی لە شێوازی کشتوکاڵکردنیاندا بکەن، بەشێوەیەک کە بگونجێت لەگەڵ کەشوهەوای ناوچەکە، ئه‌مه‌ش لەرێگەی بەکارهێنانی سیستمی ئاوپرژاندن". ستار عه‌لی، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی توێژینەوەی کشتوکاڵی گەرمیان وای وت.
تێکچونی کات و وەرزی باران بارین، درەنگ کەوتن و ناڕێکی باران، کاردەکاتە سەر گەشەی بەروبومە کشوکاڵییەکان، ئەمەش بە وشکەساڵی کشتوکاڵی دادەنرێت.
د. هەڵگورد نەسرەدین، مامۆستای زانکۆی پۆلەتەکنیکی گەرمیان، دەڵێت: لە ئەنجامی ئەو گۆڕانکاریانەی بەسەر سیستەمی کەشوهەوادا هاتوە، باران لە هەمو مانگەکاندا نابارێت، هەندێکجار لە ماوەی دو رۆژدا بڕى 100 ملم باران دەبارێت، بەڵام دواتر بۆ ماوەی مانگێك بۆ دو مانگ نابارێت، ئەم ناڕێکییە لە ریتمی باراندا کاریگەری خراپی بۆ سەر کشتوکاڵ هەیە، بەتایبەتی لەماوەی گوڵکردندا نەبارینی باران کاردەکاتە سەر گەشەی روەکەکە.
دەشڵێت: ئەم سیفەتەی کەشوهەوا و نەبارینی باران لەکاتی پێویستدا، بە وشکەساڵیی کشتوکاڵیی دادەنرێت.
هاوکات ستار عه‌لی، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی توێژینەوەی کشتوکاڵی گەرمیان، دەڵێت: مانگه‌كانی شوبات و ئادار (2 و 3) مانگێلێكى هەستیارن بۆ گەنم، چونكه ئەو ماوەیە ماوەی گوڵکردنیانه، ئەگەر توشی وشکەساڵی ببێت کاردەکاتە سەر بەرهەمەکەی و وەک پێویست نابێت، به‌شێوه‌یه‌ك ئەو تایبەتمەندیانەی لە گەنمێکی پێگەیشتودا هەیە لە شێواز و هەیکەلی و قورسایی دەنکە گەنمەکەدا، بەباشی دەست ناکەوێت.
جگه له نه‌بارینی باران، سه‌رماش كاریگه‌ریی و لێكه‌وته‌ى خۆی هه‌بوه.
ئەنوەر عه‌بدولعه‌زیز، ئەندازیاری کشتوکاڵی، وتی: جگە لەو ناهاوسەنگییەی لە باران بارینی ئەمساڵدا رویدا، دابەزینی پلەی گەرمی لە مانگی 2ـى ئەمساڵدا بۆ ژێر سفر، بەرهەمی کشتوکاڵی دەیمی روبەڕی نەخۆشی کردەوە، ئەمەش وایکردوە زیانی زیاتر بە جوتیاران بگەیەنێت.
بۆ روبەڕوبونەوەی دیاردەی وشکەساڵی و کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ، شارەزایانی کشتوکال بەپێویستی دەزانن حکومەت بیر لە رێگاچارەسەر بکاتەوە و بەو ئەرکە هەستێت.
د. هەڵگورد نەسرەدین، مامۆستا له زانكۆی پۆله‌ته‌كنیكی گه‌رمیان، دەڵێت: به‌هۆی دوبارەبونەوەی دیاردەی وشکەساڵی لەماوەی چەند ساڵێکی کەمدا، پێویستە حکومەت کار بۆ چارەسەر و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی لەسەر کشتوکاڵ بکات.
دەشڵێت: یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی حکومەت دەبێت بیر لە جێگرەوە بکاتەوە بۆ چارەسەری ئەم دۆخە، ئەویش هێنانی تەرزی نوێی گەنمە کە بەرگەی وشکە ساڵی بگرێت، له‌گه‌ڵ پەیرەوکردنی شێوازی نوێ لە کەم کێڵانی خاک‌دا به‌شێوه‌یه‌ك بەکەمترین بەکارهێنانی ئاو بەروبوم بدورێتەوە.
لە بەرامبەردا شادیە حسێن، بەڕێوبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیان وتی: وەکو به‌شى توێژینەوەمان، (5) جۆر دانه‌وێڵه‌مان كه توێژینه‌وه‌مان له‌سه‌رى كردوه پەسەندکراوە لە عێراقدا، دوانیان جۆیە و سیانیان گەنمە، ساڵانە خۆمان دابەشیدەکەین بەسەر ژمارەیەکی کەمی جوتیاردا، چونکە سەرەتا کە گەنمێک پەسەند دەکەیت رێژەیەکی زۆرت بەردەست نیە بۆ ئەوەی زیادی بکەیت، دەبێت چەند جوتیارێک هەڵبژێریت بۆ چاندنى.
وتیشی: جوتیارانمان ساڵانە گەنمی توێژینەوە له‌سه‌ركراو بەکاردەهێنن، کە بەرگەی کەمبارانی و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا ده‌گرێت، ئەو جوتیارانەی کە لە کەمبارانی تێگەیشتون، هانایان بۆ ئێمە هێناوە و ئەو بەرهەمانە بەکاردەهێنن کە بەرگەی وشکەساڵیی دەگرێت.
ئەوەشی خستەڕو: لە رێگەی رێکخراوی IOMـه‌وه ئامێری کێڵانی سفریمان بۆ دابینکراوە بە سود بینین لەو ئامێرە توانیومانە شێوازی کشتوکاڵی پارێزراو ئەنجام بدەین، گرنگی ئەم ئامێرە لەوەدایە تاڕادەیەکی باش توانای بەرەنگاربونەوەی وشکەساڵی و کەمبارانی دەبێتەوە لە زیاتر لە شێوازه کشتوکاڵە تەقلیدییەکە، هەروەها سود لە هەمو دڵۆپێکی ئاو دەبینێت کە لەو ناوچەیە ببارێت.
هێمای بەوەشکرد: لە لایەن 15 بۆ 20 جوتیارەوە ئامێرەکە تاقیکراوەتەوە و لە تاقیکردنەوە دەرچوە و جێگەی متمانەی جوتیارانە "هەربۆیە دەتوانم بڵێم بۆ ساڵی داهاتو لەوەڕزی چاندندا كه‌ڵه‌كه‌بون دروست دەبێت لەسەر ئەو دو ئامێرەی هەمانە و داواكاریان له‌سه‌ر زۆر ده‌بێت".
بەڕێوبەرایەتی کشتوکاڵی گەرمیان پێویستی بە نزبكهى 7 ملیار دینارە بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی وشکەساڵی و ئەو زیانانەی بەر کەرتی کشتوکاڵ کەوتوە.
شادیە حسێن، بەڕێوبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیان، وتی: لەلایەن ئیدارەی گەرمیان و وەزارەتەوە پێمان راگەیەنراوە داواکارییەکانمان چییە بۆ ئەم دۆخەی رویداوە، داوای بودجەیەکمان کردوە بەبڕی 3 ملیاردینار بۆ ئالیک و نزیکەی 3 ملیار و 85 ملیۆن دینار بۆ بنەتۆی جوتیاران.
وتیشی: داوای دابینکردنی ئامێری کێڵانی سفریمان کردوە بۆ ئەوەی جوتیاران لەرێگەیەوە کشتوکاڵ بکەن کە رێژەی سەرکەوتنی کشتوکاڵ بەم ئامێرە 99%ـه، کۆی بودجەی داوکراومان نزیکەی 7 ملیار دینارە و ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدارمانکردوە و چاوەرێی وەڵامدانەوەین.
تائێستا لە هەرێمی کوردستان یاسایەک نییە بۆ پاراستنی بەرهەمی کشتوکاڵی کاتێک توشی ئافات دەبێت بۆ قەرەبوکردنەوەی جوتیاران.
لەوبارەیەوە شادیە حسێن بەڕێوبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیان، دەڵێت: نەخێر یاسایەک نیە، بەڵام وەکو ئەنجومەنی وەزیران سندوقێکیان هەبو کە سندوقی زیانە سروشتیەکانە بۆ هەمو زیانەکان، بەڵام بەهیچ شێوەیەک لە ماوەی کارکردنمدا ئەو قەرەبوەم نەبینیوە.
ئاماری پێشبینی کراوی بەرهەمی دانەوێڵە (گەنم) لە ماوەی (5) ساڵی رابردودا بەنزیکەیی

5. کەمبونەوەی لەوەڕگا
سەرچاوەی سەرەکی خۆراکی ئاژەڵ لەوەڕگا سروشتییەکانە، کەمی رێژەی باران بارین کاریگەری کردوەتە سەر نەبونی لەوەڕگا، ئەمەش ئاژەڵدارانی روبەڕوی گرفتی نەبونی لەوەڕ بۆ ئاژەڵەکانیان کردوەتەوە.
بەختیار ئەحمهد، لێپرسراوی سامانی ئاژەڵ لە بەڕێوبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی گەرمیان، دەڵێت: وشکەساڵی کاریگەری خراپی لەسەر سامانی ئاژەڵ هەیە، لەسنوری گەرمیان ئاژەڵداران بۆ دابینکردنی ئالیک بۆ ئاژەڵەکانیان پشت بە لەوەڕگا سروشتیەکان دەبەستن.
دەشڵێت: سەرهەڵدانی وشکەساڵی کاردەکاتە سەر نەبونی لەوەڕگا، بەم هۆیەوە ئاژەڵداران ناتوانن خۆراک بۆ ئاژەڵەکانیان دابین بکەن.
هاوکات رەشید به‌کر، بەڕێوبەری به‌ڕێوبه‌رایه‌تى دارستان و پاوانی گەرمیان، دەڵێت: بونی لەوەڕگا پەیوەستە بە بونی بارانەوە، نەبونی بارانیش بەهۆی وشکەساڵییەوە کاریگەریی راستەوخۆی هەیە لەسەر نەبونی لەوەڕگا و کەمبونەوەی ئەو پێداویستییانەی خاوەن ئاژەڵ بۆ لەوەڕاندن و بەخێوکردنی ئاژەڵەکانیان پێویستیانە وەکو پاوان.
ئاژەڵدارانی گوندەکان به‌هۆی نه‌بونى له‌وه‌ڕگا و لە پێناو دابینکردنی خۆراک بۆ ئاژەڵەکانیان، رولە ناوچە کوێستانییەکان دەکەن، تێچوی گواستنەوەی ئاژەڵەکانیان بارگرانییەکی زۆری لەسەر دروستکردون.
دارا محه‌مه‌د، دانیشتوی گوندی نازێ، دەڵێت: ژمارەی مەڕوماڵاتمان زۆرە، نەبونی لەوەڕ وایکردوە توانای ئیدارەدانیمان نەبو لەگوند، هەربۆیە بۆ دابینکردنی لەوەڕ لەمانگی 4ـى ئەمساڵه‌وه مه‌ڕوماڵاتمان گواستەوە بۆ ناوچەی پێنجوێن.
عادل عه‌لی، ئاژەڵدارێکی کۆچەرییە، دەڵێت: ئێمە کۆچەرین گەرمیان و کوێستان دەکەین بژێوی ژیانمان لەسەر ئاژەڵدارییە، نەبونی لەوەڕ کاریگەری زۆری لەسەر ژیانمان دروستکردوە.
دەشڵێت: بەهۆی نەبونی لەوەڕگا و گواستنەوەی ئاژەڵەکانمان لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر، لەروی ئابورییەوە قورساییەکی زۆری لەسەر دروستکردوین، هەر گواستنەوەیەکی ئاژەڵەکانمان یەک ملیۆن دینار خەرجیمان لەسەر دەکەوێت، ئەچینە شوێنێک بۆ دابینکردنی لەوەڕ 3 بۆ 4 ملیۆن دینارمان لێ وەردەگرن ئەمەش وادەکات "لەو سەرەوە لایەکی ئاژه‌ڵه‌كانمان بدەینەوە و شتێکی ئەو تۆمان بۆ نامێنێتەوە".
"بە هۆی ئەو کاریگەرییەی وشکەساڵی دەیکاتە سەر سەرچاوەی خۆراکی ئاژەڵ لەگەرمیان، خاوەن ئاژەڵەکان ناچارن بۆ دابنیکردنی خۆراک بۆ ئاژەڵەکانیان گەرمیان و کوێستان بکەن ئەمەش لەروی ئابوری و گواستنەوە و رێگا‌و بانەوە کاریگەری خۆی بەجێدەهێڵێت" د. محه‌مه‌د عه‌بدولکه‌ریم، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی پۆلەتەکنیکی گەرمیان، وای وت.
وتیشی: لای خۆمان وەک وڵاتانی پێشکەوتو نییە خواردنی ئالیک و خوارده‌مه‌نی پێچراوە ئامادەبکرێت بۆ ئاژەڵ بۆ هەمو کاتێک، چونکە لای خۆمان وڵاتێکی تاڕادەیەک تازەپێگەیشتوە و زۆر پەیوەست نییە بە دروستکردنی ئالیکی ئامادەکراوەوه.
ئەو ئاژەڵدارانەی لە گوندەکان دەمێننەوە بۆ دابینکردنی خۆراکی ئاژەڵەکانیان، ناچارن بەشێک لە ئاژەڵەکانیان بفرۆشن، ئەوان جگە لە خەمی کۆکردنه‌وەی ئالیک بۆ زستان، بۆ وەرزی هاوین و پایزیش دەبێت خەرجی دابینکردنی ئالیک و لەوەڕراندنی ئاژەڵەکانیان لە ئەستۆ بگرن.
ئەکبهر ئەحمهد، ئەنجومەنی گوندی پیازەجاڕ له گه‌رمیان، دەڵێت: لە پێناو دابینکردنی خۆراک بۆ ئاژەڵەکان، ئاژەڵدار هەیە بەروبومی ئەو ساڵەی چەند بەرخ بێت ئەیفرۆشێت بۆ کڕینی دەغڵودان "پێی ئێژن قایمە، قایمەی بۆ ئەکات بۆ ئه‌وه‌ى ئەمساڵی پێی بخاتەڕێ".
دەشڵێت: ئاژەڵداران لە ئێستاوە لە هەوڵدان بۆ کرینی خۆراک بۆ ئاژەڵەکانیان لە بازاڕی رەشدا، ئەم خۆراکە تا مانگی 9 و 10 بیانبات، دوای ئەوە چاوەڕوانی باران و پەڵەین "ئەگەر پەڵە نەدات، هەر ساڵێک توانای بەرگە گرتنی هەیە دوای ئەوە ئاژه‌ڵدار ناچارە ئاژه‌ڵه‌كانى بفرۆشێ".
بەختیار حەمەخان، لە گوندی توکن لە گەرمیان، دەڵێت: لە ماوەی 12 مانگا تەنها 2 مانگ تێچوی خۆراکیی ئاژەڵمان لەسەر نییە، لەوەڕزی زستان بە ئالیک و کا بەخێویان دەکەین لە هاوینیشدا گەنمیان بۆ ئەکڕین.
دەشڵێت: 200 سەر ئاژەڵم هەیە لەئێستادا بە بڕی 3 ملیۆن دینار جاڕم بۆ کڕیوە "جاڕ: خەلەی گەنمه به دروێنە ناکراویی"، نەبونی لەوەڕ وایکردوە ئێستاش وەکو زستان وابێت بۆ ئاژەڵەکانمان.
هاوکات بەختیار ئەحمهد، لێپرسراوی سامانی ئاژەڵ لە بەڕێوبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی گەرمیان، دەڵێت: وشکەساڵی و نەبونی لەوەڕ ئەرکی سەرشانی خاوەن ئاژەڵانی قورس کردوە، گرنگترین شت بۆ ئاژەڵ ئالیکە کە ئالیک نەبو ناچارە بیکڕێت، ئەمەش وایکردوە لە ئێستاوە (کا) دەستنەکەوێت.
لە بەرامبەردا، دارا محه‌مه‌د- ئاژەڵدار، دەڵێت: "لە ئێستادا کە هاوینە نرخی کا و جۆ بەرزبوەتەوە، ئاوا بروات بۆ زستان بەرزتر دەبێتەوە، بەهۆی وشکەساڵییەوە تێچوی خەرجی ئاژەڵەکانمان زیاتر لەسەر دەکەوێت".
کارەکانی حکومەت بۆکەمکردنەوەی لێکەوتەکانی وشکەساڵی لەسەر کەرتی ئاژەڵداری، هاوکاری کردنی ئەو پرۆژانەیە وەکو جێگرەوەی پاوانی سروشتی سودی لێ ببینرێت، ئەمەش پێویستی بە بودجەیەکە بۆ جێبە جێکردنی.
لەمبارەیەوە رەشید به‌کر، بەڕێوبەری به‌ڕێوبه‌رایه‌تى دارستان و پاوانی گەرمیان، دەڵێت: داوای پێویستییەکانی پاوانی دەستکردمان کردوە، بۆ خاوەن ئاژەڵان و ئەو جوتیارانەی کە خاوەن بیری ئیرتیوازین پاوانی دەستکرد بۆ ئاژڵەکانیان پەرەپێبدەن.
دەشڵێت: لە رێگەی دەرخستەیەکەوە داومانە بە حکومەت داوای دابینکردنی تۆوی وێنجە و سەماد و ئامێری دورینەوەی وێنجەمانکردوە، ساڵانی رابردوش کە وشکەساڵی بو، دەرخستەمان داوە بە حکومەت بەهۆی نەبونی بودجەوە هیچ نەکراوە.
"دەرئەنجامەکانی وشکەساڵی لەسەر سامانی ئاژەڵ تا بڵێی خراپە، لەبەرئەوەی گەرمیان کاریگەریی وشکەساڵی زیاتر لەسەره لەچاو ناوچەکانی دیکە، هیوادارین حکومەت هاوکاری خاوەن ئاژەڵ و جوتیارانی سنوری گەرمیان بکات". بەختیار ئەحمهد، لێپرسراوی سامانی ئاژەڵ لە بهڕێوبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی گەرمیان وای وت.
هاوکات شادیە حسێن، بەڕێوبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیان، دەڵێت: بەپێی پێشبینیەکانمان لەماوەی پێج ساڵی رابردودا زیاتر لە (700) هەزار سەر ئاژەڵ لە گەرمیاندا هەبوە، بەڵام بۆ ئەمساڵ لەنێوان (500-550) هەزار سەر ئاژەڵ دەخەمڵێنرێت.
6. ڤێتەرنەریی
سەرباری کاریگەرییە خراپەکانی وشکەساڵی بۆ سەرنەمانی لەوەڕگا، پسپۆرانی بواری ڤێتەرنەری باس لەوەدەکەن وشکەساڵی هۆکارە بۆ بڵاوبونەوەی نەخۆشی لەناو ئاژەڵاندا.
د. ئاریان ئیبراهیم، بەڕێوبەری به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێتەرنەری گەرمیان، وتی: وشکەساڵی دەبێتە هۆی زۆربونی گەنە و ئەسپێ و کێچ کە زیان بە ئاژەڵ دەگەیەنن و سه‌ره‌نجام توشبونیان بە نەخۆشی لێده‌كه‌وێته‌وه "بەتایبەتی ئێستا نەخۆشی تای خوێبەربون بڵاوبوەتەوە، کە وشکەساڵی بو گەنە زۆر دەبێت، ئەم نەخۆشییەش لە رێگەی گەنەوە دەگوازرێتەوە".
وتیشی: نەبونی باران هۆکارە بۆ بڵاوبونەوەی نەخۆشی گەنە و ئەسپێ و چەند نەخۆشییەک کە زۆر زیان بە ئاژەڵ دەگەیەنێت.
هاوکات د. محه‌مه‌د عه‌بدولکه‌ریم، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی پۆلەتەکنیکی گەرمیان، دەڵێت: گەرمیان و کوێستانکردنی ئاژەڵداران کار دەکاتە سەر گواستنەوەی نەخۆشی لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە، کۆمەڵێک نەخۆشی هەیە کە پێیان دەگوترێت نەخۆشییە ناوچییەکان، ئه‌مانه له ناوچه‌یه‌ك هه‌ن و لە شوێنێکی تردا نییە.
دەشڵێت: لە ئەنجامی وشکەساڵی و نەبونی لەوەڕگا، ئاژەڵدارانی خۆمان کە ئاژەڵەکانیان دەگوازنەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە لە پێناو پەیداکردنی خۆراک، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کۆمەڵێک نەخۆشی لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر بگوازرێتەوە.
لە بەرامبەردا عادل عه‌لی، ئاژەڵدارێکی کۆچەرییە، دەڵێت: ئاژەڵەکانمان لە گەرمیان پاکبون لەروی نەخۆشییەوە، گواستمانەوە بۆ ناوچەیەکی تر کە ئاژەڵی تیادابو لەوێ مەڕوماڵاتەکەمان نەخۆشی تێکەوت، هەندێکجار لەکاتی لەوەڕ و ئاوێکەوە نەخۆشییان بۆ دەگوازرێتەوە.
"بۆ رێگریکردن لە بڵاوبونەوەی نەخۆشی لەناو ئاژەڵاندا بەهۆی وشکەساڵییەوە، لە ئێستادا سەرقاڵی شۆرینەوە و ده‌رمانكردنى لەوەڕگاکانین، توانیومانە کۆنترۆڵی بکەین". د. ئاریان ئیبراهیم بەڕێوبەری ڤێتەرنەری گەرمیان وای وت.
وتیشی: بەڵام ئەگەر توانای رەشکردنی لەوەڕگا و شۆرینی ئاژەڵمان نەبێت کێشەی گەورەمان بۆ دروست دەبێت وەکو لایەنی دروستی ئاژەڵ، هەبونی دەرمان کارئاسانیی بۆ کردوین و خۆشبەختانە بەشی هەمو گەرمیان دەکات.
7. بە بیابانبون
ئەو وشکەساڵی و کەم بارانیەی لەماوەی چەند ساڵێکی رابردودا روبەڕوی ناوچەی گەرمیان بوەتەوە، بەشێوەیەکی راستەوخۆ کاریگەری کردوەتە سەر خاکی ناوچەکە ، بەڕای شارەزایانی بواری ژینگە، بەدەرکەوتنی نیشانەکان ئاماژەی بۆ بەرەو بەبیابان بون چون.
بەرهەم ساڵح، بەکالۆریۆس لە زانستەکانی ژینگە و لێپرسراوی هۆبەی گۆرانی کەشوهەوا و ژینگەی سروشتی له فەرمانگەی ژینگەی گه‌رمیان، دەڵێت: رودانی دیاردەکانی وشکەساڵی لەماوەی چەند ساڵێکی کەمدا کە هەندێک جار رێژەکەی کەم بوە و هەندێکجاریش زۆر، بەتایبەتی ئەگەر وشکەساڵییەکە سەختر بوبێت سەرجەم سێکتەرەکانی گرتوەتەوە، ئه‌مه‌ش کاریگەرییەکی خراپ دەکاتە سەر پێکهاتە ژینگەییەکانی (زەوی، کشتوکاڵ و ئاو) هەیە.
دەشڵێت: ئەو هۆکارە سروشتیانەی بونەتەهۆی بەدەرکەوتنی بەبیابانبون لەم ناوچەیەدا، رودانی تێکچونی خاکە لە ئەنجامی نەبونی شێ بۆ ماوەیەکی زۆر، كه ئه‌مه‌ش رزینی خاکی لێدەکەوێتەوە "لەم چەند ساڵەدا لە هەندێک شوێن پێدەچێت رویدابێت بەم هۆیەوە گژوگیای تیادا سەوزنابێت و خاکەکە وردەوردە توشی راماڵین دەبێت، بەهۆی بایەکی کەم تۆز و خۆڵێکی زۆر هەڵدەکات کە لە ئێستادا روبەڕومان بوەتەوە.
ئاماژە بەوەشدەکات: هەمو ئەم هۆکارانە وادەکات خاکی ناوچەکە بەتایبەتی ناوچە گەرمەکان وەک گه‌رمیان و به‌تایبه‌تیش خواروی گەرمیان، بەرەو بەبیابانبون هەنگاودەنێت.
هاوکات خالد سلێمان، رۆژنامەنوس و راهێنه‌رى بوارى رۆژنامه‌وانیی ژینگەیی، دەڵێت: هۆکاری سەرەکی بەبیابانبون کەمی رێژەی دابارینە، ئەم کەمی دابارینەش دەرئەنجامە خراپەکانی لە سەر خاک چەندین رەنگدانەوەی هەیە، لەوانە: بونی ژمارەیەکی زۆر مەڕوماڵات کە پێویستییان بە خۆراکە، ئەمەش کاریگەریی زۆر دەکاتە سەر روتەڵکردنی خاک.
دەشڵێت: لە ئەنجامی وشکبونی خاک کە هۆکارە بۆ نەمانی شێ، کاردەکاتە سەر سیستەمی وردیلەکانی خاک کە سەرچاوەی بەپیتی خاکن، ئەمەش وادەکات خاکی ناوچەکە چیتر بەکەڵک نەیەت بۆ کشتوکاڵکردن.
جەختی لەوەشکردەوە: یەکێک لەو شوێنانەی مه‌ترسی له‌سه‌ره بۆ بەبیابانبون، گەرمیانە.
رونیكرده‌وه: بەبیابانبون مەبەست ئەوەنیە شوێنک تەختایی و تەنها لم بێت، به‌ڵكو کاتێک تەنانەت تەپۆڵکە و دۆڵەکان و چیا نزمەکان توشی بێ بارانی دەبن و وشکبونی خاکی لێدەکەوێتەوە، بەو وشکبونه خاک روپۆشی روەکی نامێنێت، بە نەمانی روپۆشی روەکییش خەسڵەتی بیابان وەردەگرێت.
بۆ روبەڕوبونەوەی دیاردەی بەبیابانبون ئەو رێگاچارانەی پێویستە بگیرێتەبەر پێویستی بە هەوڵی پێکەوەییە لە رێگەی مامەڵەکردنی هۆشیارانەوە.
خالد سلێمان، دەڵێت: چارەسەرێکی سحری نییە بۆبەرەنگاربونەوەی بەبیابانبون، بەڵام ئەو رێژەی دابارینەی کە هەیە بەشێوەیەکی بەردەوام بەکاربهێنرێت و ئاوی ژێرزەوی دەستی پێوەبگیرێت، چونکە ئاوی ژێرزەوی کاریگەرییەکی زۆری هەیە بۆ مانەوەی شێ لە خاک‌دا، بە نەمانی ئاوی ژێر زەوی شێ کەمدەبێتەوە لەناو خاک‌دا.
ئاماژەش بەوەدەکات: پێویستە حکومەت و کۆمەڵگەی مەدەنی و جوتیاران بە لێزانییەوە مامەڵە لەگەڵ ئاوی ژێر زەوی بکەن، كار بۆ گلدانەوەی ئاو بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ دارێژراو و به بەردەوامی بكه‌ن.
"داوای زیادکردنی رێژەی سەوزایمان کردوە، بەهۆی ئەوەی ناوچەی گەرمیان کاریگەری وشکەساڵی ناوچەکانی خواروی عێراقی لەسەرە، هەڵکردنی تۆز و خۆڵ و با لە سەر ناوچەکە بەزەقی دەردەکەوێت، ئەرکی حکومەتە کاری جدی لەسەر دروستکردنی پشتێنەی سەوزایی بکاتەوە بەتایبەتی لە وشوێنانەی کە رێگر دەبێت لە هاتنی تۆز و خۆڵ بۆ ناو سەنتەری شار". بەرهەم ساڵح، بەکالۆریۆس لە زانستەکانی ژینگە و لێپرسراوی هۆبەی گۆرانی کەشوهەوا و ژینگەی سروشتی لە فەرمانگەی ژینگەی گه‌رمیان، وای وت.
لە بەرامبەردا خالد سلێمان، جەخت لەوە دەکاتەوە: یەکێک لە فاکتەرە گرنگەکانی پاراستنی خاک و کۆی سیستەمی ژینگەیی زیادکردنی رێژەی سەوزاییە، ئاودانیان بەرێگەی دڵۆپەکردن، گرنگیدان بە ناشتنی ئەو روەکانەی بەرگەی بارودۆخی کەشوهەوای گەرمی ناوچەکە دەگرن.
به‌شى دوه‌م: ده‌ره‌نجام و راسپارده‌كان
یه‌كه‌م: ده‌ره‌نجام
1. وشكه‌ساڵیی بوه‌ته مهترسیهكى گه‌وره له‌سه‌ر ژینگه و ژیانى ناوچه‌ى گه‌رمیان، به‌شێوه‌یه‌ك له‌ماوه‌ى 5 ساڵدا 3 جار وشكه‌ساڵیی رویداوه.
2. ئه‌م حاڵه‌تانه كێشه و لێكه‌وته‌ى جیاوازى دروستكردوه له‌سه‌ر كۆی ژیانى ناوچه‌كه، ئیتر چ له روى ژینگه و دابینكردنى ئاوه‌وه بێت، یان له روى لێكه‌وته و زیانى ئابوری له‌نمونه‌ى له‌ناوبردن و كه‌مكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مى كشتوكاڵ و سامانى ئاژه‌ڵه‌وه.
3. له روى كشتوكاڵییه‌وه بوه‌ته هۆی له‌ناوبردنى به‌رهه‌مى كشتوكاڵیی، یاخود نه‌بونى به‌رهه‌می باش، ئیتر چ له روى بڕ و چ له روى كوالێتییه‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك به‌رهه‌مى كشتوكاڵی (دانه‌وێڵه) بۆ وه‌رزێكى وه‌كو ئه‌مساڵ (2024-2025) پێشبینی سه‌روى 100 هه‌زار ته‌ن به‌رهه‌م كرابو، كه‌چى 40 هه‌زار ته‌ن دوراوه‌ته‌وه.
4. له روى ئاژه‌ڵدارییه‌وه بوه‌ته هۆی كه‌مبونه‌وه‌ى پاوان و گژوگیای سروشتى كه سه‌رچاوه‌ى سه‌ره‌كیی ئالیكی ئاژه‌ڵانن، ئه‌مه‌ش واده‌كات ئاژه‌ڵی ناوچه‌كه كه‌م بكه‌ن چ به‌هۆی له‌ناوچونیان یاخود به‌هۆی فرۆشتنیان به ناچارى یان گواستنه‌وه‌یان بۆ ناوچه‌ى دیكه بۆ له‌وه‌ڕاندنیان.
5. له‌ڕوى نه‌خۆشی و ئافاتیشهوه رۆڵی هه‌بوه له زیادبونى نه‌خۆشی كشتوكاڵی و ئاژه‌ڵى.
6. دوباره‌بونه‌وه‌ى حاڵه‌ته‌كان و نه‌بونى هیچ گه‌ره‌نتییه‌ك بۆ هه‌مدیس دوبارهنهبونهوهیان له داهاتودا، واده‌كات چاره‌نوسی ئه‌م ناوچه‌یه بخاته ژێر مه‌ترسی و دودڵییهكى زۆره‌وه، لانیكه‌م له بوارى كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵدارییه‌وه.
7. ئه‌مه‌ش به‌پێی پێدراوه‌كان دوباره‌بونه‌وه‌ى ئه‌م حاڵه‌ته وایكردوه ناوچه‌كه له‌ژێر مه‌ترسی به بیابانبوندا بێت، له زۆربونى زه‌وی روتهنى و كه‌مبونه‌وه‌ى زه‌وی شیاو بۆ چاندنى كشتوكاڵییدا ده‌رده‌كه‌وێت.
8. به‌هۆی ئه‌م حاڵه‌ته‌وه، ئاوی ژێرزه‌وی زیانى پێگه‌یشتوه، به‌وه‌ى له‌لایه‌ك ئاسته‌كه‌ى كه‌مبوه‌ته‌وه، له‌لایه‌كیش ده‌بێته هۆی زیاتربونى پشتبه‌ستن به ئاوی ژێرزه‌وی، كه ئه‌مه‌ش بۆ بانه‌ڕۆژ كاریگه‌ریی و لێكه‌وته‌ى خراپتری ده‌بێت.
9. وشكه‌ساڵی بوه‌ته مایه‌ى دروستكردنى مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانى گوندنشینان كه خۆی له ساڵانى رابردودا ژماره‌یان زۆر كه‌مبوه‌ته‌وه، به‌وهۆیه‌ى بێبه‌ش بون له سه‌رچاوه‌ى ئاو و به‌تایبه‌تى له وه‌رزه گه‌رمه‌كاندا روبه‌ڕوى كێشه‌ى زۆر ده‌بنه‌وه له ده‌ستڕاگه‌یشتنیان به سه‌رچاوه‌ى ئاوى خواردنه‌وه.
10. ئاستى به‌ده‌مه‌وه‌هاتنى حكومه‌ت بۆ ئه‌م پرسه لاوازه، به‌شێوه‌یه‌ك جوتیار و ئاژه‌ڵداران به‌ته‌نیا به‌جێهێڵراون و هه‌ر خۆیان ده‌بێت بارگرانى زیانه‌كان له ئه‌ستۆ بگرن. ئه‌گه‌رچی حكومه‌ت هه‌ندێك هه‌نگاوى هه‌بوه به‌تایبه‌تى به هاوكاری و پاڵپشتی رێكخراوه‌كان، به‌ڵام سنوردار و رێژه‌یین.
دوه‌م: راسپارده‌كان
1. ده‌بێت حكومه‌ت پرسی وشكه‌ساڵی به هه‌ند وه‌ربگرێت، نه‌ك ئه‌وه‌ى چاوه‌ڕێی زیاتر بكات، هه‌مو پێدراوه‌كان بۆ ئه‌وه ده‌چن كه وشكه‌ساڵی بوه‌ته ئاله‌نگارییه‌كى گه‌وره له گه‌رمیان و نابێت له‌وه زیاتر پشتگوێ بخرێت.
له‌مڕوه‌وه پێشنیاز بۆ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كه‌ین، له ئاستى هه‌رێم دا (پارله‌مانى كوردستان، حكومه‌تى هه‌رێم، وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ، ده‌سته‌ى ژینگه، وه‌زاره‌تى شاره‌وانى)، له ئاستى ناوچه‌ییشدا (ئیداره‌ى گه‌رمیان، به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى كشتوكاڵی گه‌رمیان، به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوی ده‌وروبه‌رى گه‌رمیان، به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوی ژێرزه‌وی گه‌رمیان، به‌ڕێوبه‌رایه‌تى دارستان و پاوانى گه‌رمیان، به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێتێرنه‌ریی گه‌رمیان، به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاودێریی گه‌رمیان و فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى گه‌رمیان) له‌گه‌ڵ هه‌ر وه‌زاره‌ت و ده‌سته و بهڕێوبهرایهتییهكى دیكه كه په‌یوه‌ندیدار بێت به‌م پرسه، كۆنفرانسێك ئه‌نجام بده‌ن و كه‌سانى شاره‌زا و پسپۆڕ و خاوه‌ن دید و روئیا بانگهێشت بكرێن بۆ ئه‌وه‌ى تاوتوێی ئه‌م مه‌ترسییه بكرێت و كۆمه‌ڵێك ده‌ره‌نجام و راسپارده بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیدا گه‌ڵاڵه بكرێت.
2. پێشنیاز ده‌كه‌ین له‌سه‌ر ئاستى ئیداره‌ى گه‌رمیان، ئه‌نجومه‌ن یان بۆردێك بۆ وشكه‌ساڵی پێكبهێنرێت، كارى ئه‌م بۆرده بریتی بێت له به‌دواداچون كردن بۆ ئه‌م پرسه، به‌شێوه‌یه‌ك پێشتر پلانه‌كان ئاماده‌بكات بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ى و دواتریش زیان و لێكهوتهكان به وردیی راپۆرت بكات.
3. هه‌مان پێشنیاز ده‌كه‌ین بۆ پێكهێنانى بۆردێك به‌مه‌به‌ستى به‌دواداچونى پرسی به بیابانبون، چونكه هه‌مو پێدراوه‌كان جه‌خت له‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه ناوچه‌ى گه‌رمیان به ته‌واوى یان به‌رێژه‌یی توشی به بیابانبون ده‌بێت ئه‌گه‌ر هه‌نگاوی پێویستی بۆ نه‌گیرێته‌به‌ر. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته بونى بۆردێك كه به‌دواداچون بۆ ئه‌م پرسه بكات و به‌رنامه‌ی پێویست بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ى دابنێت، به گرنگ و پێویست ده‌زانین.
4. هانى هه‌ردو زانكۆ حكومییه‌كانى سنورى گه‌رمیان (زانكۆی گه‌رمیان و زانكۆی پۆلیته‌كنیكی گه‌رمیان) ده‌ده‌ین كه كارى زانستى بكه‌ن و هاوكاریی حكومه‌ت بكه‌ن له دانانى پلان و ستراتیژ بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ى پرسی وشكه‌ساڵیی، به‌تایبه‌تى كه هه‌ردو زانكۆكه كه‌سانى ئه‌كادیمی به ئه‌زمونیان له‌باره‌ى پرسه ژینگه‌یی و كشتوكاڵییه‌كانه‌وه تێدایه.
5. پرسی ئاو و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئاو، پرسێكى یه‌كجار گرنگ و هه‌ستیاره و راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیی هه‌یه به پرسی وشكه‌ساڵییه‌وه، به‌ڵام له ئه‌رزی واقیعدا هیچ هه‌نگاوێكى جیدی ئه‌وتۆ نابینرێت. به‌هه‌ده‌ردانێكى یه‌كجار زۆر له ئاوى ناوچه‌كه‌دا هه‌یه، به‌شێكى زۆری ئه‌م بهههدهردانانهش ئاوی ژێرزهویین.
پێویسته حكومه‌ت ئه‌م بابه‌ته به هه‌ند وه‌ربگرێت، رێگری بكات له به‌هه‌ده‌ردان، به‌كارهێنانى ئاوی ژێرزه‌وی رێك بخاته‌وه و سنورداری بكات و به‌پێی پێوه‌رى زانستى مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا بكات، نه‌ك به‌م بێسه‌روبه‌رییه‌ى كه هه‌یه.
6. به ده‌ستخۆشییه‌وه هه‌ندێك هه‌نگاو گیراونه‌ته‌به‌ر بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ وشكه‌ساڵیی ئه‌گه‌رچی بچوك و سه‌ره‌تایین، به‌ڵام سود و لێكه‌وته‌ی باشیان هه‌بوه، له‌نمونه‌ى به‌رهه‌مهێنانى بنه‌تۆی نوێ كه زیاتر به‌رگه‌ى كه‌مئاویی و وشكه‌ساڵیی ده‌گرێت، له‌گه‌ڵ به‌كارهێنانى ئامێری جوتكردنى نوێ كه به‌هۆیه‌وه دانه‌وێڵه كه‌متر ئاوى پێویست ده‌بێت. ئه‌م كارانه كه له‌لایه‌ن به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى كشتوكاڵه‌وه و هه‌ندێكى به‌هاوكاری رێكخراوه‌كان كراوه، ده‌ره‌نجامى باشیان هه‌بوه، بۆیه پێویسته گشتاندنى بۆ بكرێت و بره‌وى زیاتریان پێبدرێت، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌م كشتوكاڵی سنوره‌كه به‌رهه‌مى زیاد بكات، هه‌میش پارێزگاری له به‌هه‌ده‌ردانى داهاتى ئاوی ناوچه‌كه بكرێت.
7. ئه‌گه‌رچی له‌ماوه‌كانى رابردودا ژماره‌یه‌ك پۆند دروستكراون، به‌ڵام ناوچه‌كه زیاتر له‌وه‌ى هه‌یه پێویستی به رێگاى كۆكردنه‌وه‌ى باران و داهاتى ئاوه، ئیتر چی به دروستكردنى به‌نداو بێت یان پۆند یاخود گۆماوی بچوك و هاوشێوه‌كانى.
هانى حكومه‌ت ده‌ده‌ین كه له‌مڕوه‌وه هه‌نگاوى جیدی هه‌ڵهێنێت، بشتوانێت كه‌رتى تایبه‌ت تێكه‌ڵ به‌م بواره بكات و وابكات ئه‌وانیش پرۆژه‌ى هاوشێوه بونیاد بنێن به‌تایبه‌تى بۆ پرۆژه كشتوكاڵی و ئاژه‌ڵدارییه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌مو هه‌وڵێك بدرێت بۆ گلدانه‌وه‌ى ئاوی زیاتر و پاراستنى ئه‌و داهاته ئاوییانه.
8. بونى هاوكاریی دارایی و قه‌رز و دابینكردنى بنه‌تۆ و پێداویستی دیكه بۆ جوتیاران و ئاژه‌ڵداران زۆر گرنگه، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن له‌سه‌ر پێی خۆیان بوه‌ستن و له‌كاتى زیانپێگه‌یاندنیان به‌هۆی وشكه‌ساڵییه‌وه مایه‌پوچ نه‌بن و بتوانن جارێكى تر ده‌ست به كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداریی بكه‌نه‌وه. له‌مڕوه‌شه‌وه گرنگه له‌گه‌ڵ بانكه ئه‌هلییه‌كانیشدا رێكه‌وتن بكرێت و به‌شێك له وه‌به‌رهێنانه‌كانیان له بوارى كشتوكاڵیی و قه‌رزى كشتوكاڵییدا بێت.
9. هه‌ندێك له جوتیاران رێگاى نوێی كشتوكاڵییان گرتوه‌ته‌به‌ر بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى كاریگه‌رییه‌كانى وشكه‌ساڵیی، له‌نمونه‌ى دانانى سیسته‌مى دڵۆپه "قه‌تره" و ئاوپرژاندن "مه‌ره‌شه". گرنگه بره‌و به‌م رێگا به‌دیلانه بدرێت، به‌ڵام له‌وه‌ش گرنگتر چاودێریی بكرێن و به‌رێگاى پیشه‌یی و زانستی بكرێن، به‌شێوه‌یه‌ك نه‌بنه هۆی زیانگه‌یاندنی زۆر به داهاتى ئاویی و به‌تایبه‌تى ئاوی ژێرزه‌وی.
10. پاوانه‌كان بڕبڕه‌ى پشتى ئاژهڵداریین له‌ناوچه‌كه، بۆیه گرنگه له‌لایه‌كه‌وه پارێزگاری‌یان لێبكرێت و رێگه به كێڵان و به‌كارهێنانیان نه‌درێت، له‌لایه‌كى دیكه‌وه بتوانرێت بنه‌تۆوی ئه‌وتۆ بچێنرێت كه به‌سودبن بۆ كشتوكاڵ و زۆرتر پێبگه‌ن و زياتر به‌رگه‌ى وشكه‌ساڵیی بگرن، ئه‌مه له‌پاڵ به‌رده‌وامبون له پرۆسه‌ى ده‌رمانڕشتن به‌مه‌به‌ستى قه‌ڵاچۆكردنى مێرو و گه‌نه‌ى زیانبه‌خش و گوێزه‌ره‌وه‌ى نه‌خۆشیی.
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵسەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم: هیچ لەیەک تێگەیشتنێک لەگەڵ بەغدا نییە بۆ پرسی موچە
-
-
هەواڵبازنهى بایكۆتكردن له گه‌رمیان تا دێت فراونتر ده‌بێت
-
-
هەواڵئهو بڕه كاره‌با زیادهیەی ده‌درا به گه‌رمیان ئه‌مساڵ نادرێت
-
-
راپۆرتئێران چۆن توانی "قوبە ئاسنینەکەی ئیسرائیل" ببڕێت؟
-
-
هەواڵئهو هاوڵاتیانه‌ى كارتى نیشتیمانیان نییە ده‌توانن فۆرمی ئۆنلاینی خۆراک تۆمار بكه‌ن
-
زۆرترین بینراوەکان