رادیۆی دەنگ
راگر و ستافی کارگێڕیی کۆلێجی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکەش دەکەن و لەلایەن سەرۆکایەتی زانکۆوە پەسەند دەکرێت، بەشێوەیەکی کاتییش یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ دەکرێتە سەرپەرشتیاری کۆلێجەکە.
بەپێی ئەو نوسراوانەی وێنەیان دەست رادیۆی دەنگ کەوتوە، هەریەکە لە: د. شیرکۆ نەریمان- راگری کۆلێجی پزیشکی، د. زەید جەعفەر- یاریدەدەری راگر، د. ئومێد ئەحمەد- سەرۆکی بەشی فێرکاریی پزیشکیی، د. سیروان محەمەدئەمین- سەرۆکی بەشی زانستە بنەڕەتییەکان و د. هیوا مەحمود- سەرۆکی بەشی زانستە کلینکییەکان، لە کۆنوسێکدا دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش بە سەرۆکایەتی زانکۆکەیان کردوە.
لە کۆنوسەکەدا کە ٢٦ـی ئاداری ٢٠٢٥ ئاراستەیان کردوە، پێنج خاڵیان دەستنیشانکردوە وەکو هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەیان، کە بریتین لە: هاوکارنەبونی سەرۆکایەتی زانکۆ لە پرۆسەی داننان (اعتراف) بە کۆلێجەکە، دابیننەکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنی بۆ داخلکردنی نمرەی خوێندکاران، دەرنەکردنی فەرمانی بە کەوتن هەژمارکردنی ئەو خوێندکارانەی غیاباتیان هەیە و ناوەکانیان لەلایەن کۆلێجەکەوە دەنێردرێت، بڕینی دەرماڵەی مامۆستایانی کۆلێج و دەستوەردانی (تداخلی) کارگێڕی و وەرگرتنی خوێندکار بەبێ هێنانی بڕوانامە.
لەدوای ئاراستەکردنی ئەم داوایە بە نوسراوێک بۆ سەرۆکی زانکۆ، ئەویش بە نوسراوێک دەستلەکارکێشانەوەکەیانی پەسەند کردوە.
هاوکات بە نوسراوێکی دیکەی سەرۆکایەتی زانکۆ کە ئەمڕۆ (٦ـی نیسانی ٢٠٢٥) دەریکردوە، د. محەمەد ئیبراهیم- یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی، بەشێوەیەکی کاتیی بە سەرپەرشتیاری کۆلێجەکە داناوە، هەتا ئەوکاتەی وەک لە نوسراوەکەدا هاتوە پۆستەکە "لە رێگەی بانگەواز و چاوپێکەوتنەوە بەشێوەی (اصیل) پڕدەکرێتەوە".
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵنازانرێت كهى سایلۆى گهرمیان بهڕوى گەنمی ئەمساڵدا دهكرێتهوه
-
-
هەواڵحکومەتی هەرێم: لە ١٠ مانگدا ٨٢ پرۆژەی رێگاوبانمان لەگەرمیان ئەنجامداوە
-
-
هەواڵبانكى گهرمیان: دانانى ئامێرى ATM ئهركى ئێمه نییە
-
-
راپۆرتحەوت ساڵ لە لوتکە؛ گروپی شاخەوانی گەرمیان چۆن بوە ناسنامەی تەندروستی و بەردەوامی؟
-
-
هەواڵبازاڕی مێژویی قەیسەری کفری مەترسی لەناوچونی یەکجاریی لەسەرە
-
زۆرترین بینراوەکان