قەدەغەکرا نەوت بهێنرێت لە ناوچە دابڕێنراوەکانەوە
هەواڵ
06:49PM - 2026-11-28 , بینین : 611


رادیۆی دەنگ

بەهۆی گرانی نرخی نەوتەوە بەشێک لە هاوڵاتیانی گەرمیان پەنایان دەبردە بەر ناوچە کێشە لەسەرەکان و لەوێ دەیانکڕی، بەپێی زانیارییەکان لەئێستادا فەرماندراوە بە بازگەکان بەهیچ شێوەیەک نەوت و شتومەکی دیکە نەهێڵرێت بهێنرێت بۆ کوردستان.

نرخی بەرمیلێک نەوت نزیک دەبێتەوە لە ٤۰۰ هەزار دینار لە هەرێم، هاوڵاتیان دەڵێن نرخەکەی گرانەو لەکڕین نایە، بۆیە لە ناوچە جێناکۆکەکانی وەک خانەقین و دوزخورماتو دەیکڕین.

ئەحمەد عەلی، هاوڵاتییەکی دانیشتوی کەلارە، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: چەند رۆژێک کارم هەبو لە کەرکوک، لەکاتی گەڕانەوەمدا ٨ جلیکانە نەوتم کڕی لە دوزخورماتو و ویستم بیهێنماوە، بەڵام لە یەکێک لە بازگەکانی حکومەتی عێراق لە نێوان دوز و کفری رێگەم لێگیراو گەڕێندرامەوە.

بەپێی وتی سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی لەو سنورە بۆ رادیۆی دەنگ: پێشتر ئەگەر چەند جلیکانەیەکت بۆ خۆت بکڕیایە ئاسایی بو و کارئاسانی دەکرا، بەڵام لەدوای بڕیارەکانی زەیدی و کۆنترۆڵکردنی سنورەکان، تەنانەت ئێستا ناتوانیت دەبەیەک نەوت بۆخۆت بێنیت.

وتیشی: لە دوێنێوە ژمارەیەک ئۆتۆمبێل کە نەوتیان پێبوە گەڕێندراونەتەوە ناوچەکانی خۆیان.

دەشڵێت: تەنها ئەو کەسانە بۆیان هەیە نەوت بهێنن کە فۆرمی خۆراکیان ماددەی ۱٤۰ـە.

ئەو نەوتەی کەبە هەرزان دەکڕدرێت لە ناوچەکانی خوارو ئەو نەوتەیە کە بە فۆرمی خۆراک دابەش دەرکرێت و دانیشتوانی ئەو شوێنانە بەنرخێکی رەمزی وەریدەگرن و بەگران دەیفرۆشنەوە بە هاوڵاتیانی هەرێم.

بەپێی وتەی ئەحمەد، هەرچەندە نەوتەکە بەگران دەفرۆشنەوە، بەڵام هێشتا نرخەکەی لە نرخی کوردستان زۆر هەرزانترە.

↑