رادیۆی دەنگ
چالاکوانێک لە قەزای کفری داوا دەکات بەشی پەرستاریی لە پەیمانگا یان کۆلێج، بهێنرێتە شارەکەیان، زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیانیش جەخت لەوە دەکاتەوە کردنەوەی بەش پێویستی بە ژێرخان و فەرمانی وەزارەت هەیە.
هاشم ساڵح، چالاکوان لە قەزای کفری، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: کاتێک زانکۆی پۆلیتەکنیک کرایەوە و بڕیاردرا سەرۆکایەتی زانکۆکە لە قەزای کفری بێت، رێککەوتنێک کرا کە ئەو کۆلێجەی بڕیارە لە قەزای کفری بێت دەبێت پەیمانگاکەی لە کەلار بێت، هاوکات هەر کۆلێجێک لە قەزای کەلار بێت دەبێت پەیمانگاکەی لە کفری بێت.
وتیشی: کۆلێجی پەرستاریی لە کەلار کرایەوە، لەکاتێکدا دەبوایە کۆلێجەکە لەکفری بێت، چونکە پەیمانگای پەرستاریی لەکەلارە.
دەشڵێت: بەشێکی گرنگی وەک پەرستاریی کە خواستی زۆر لەسەرە پەیمانگا و کۆلێجەکەی دەخرێتە کەلار، بەڵام ئەو بەشانەی کە خوێندکار خواستی لەسەر نییە دەیهێننە کفری، بۆیە بەمشێوەیە بڕوات لە داهاتودا جگە لەسەرۆکایەتییەکە هەمو بەشەکانی پەیمانگاکە و زانکۆکە لە قەزای کفری فەشەل دێنێت.
لە بەرامبەردا، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان باس لەوەدەکات کردنەوەی بەش و کۆلێج لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە.
د. چیا محەمەد، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: کردنەوەی بەش و کۆلێج لەدەسەڵاتی ئێمە نییە و لەدەسەڵاتی وەزارەتە، هاوکات کۆمەڵێک پێویستی هەیە لەوانە: 'ستاف، تاقیگە، هۆڵی خوێندن'، ئەمانە سێ بنەمای کردنەوەی بەشی زانستین.
وتیشی: لە هەر شوێنێک بزانین کە ئەو سێ بنەمایەمان هەبو پرۆپۆزەڵ پێشکەش دەکرێت و وەزارەت بڕیاری لەسەر دەدات و دەکرێتەوە.
دەشڵێت: زانکۆ هەر زانکۆیە ئیتر لە کفری یان کەلار یان رزگاریی بێت، بەڵام ئەگەر ژێرخانمان نەبێت چۆن بیکەینەوە؟
بەپێی وتەی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان، لەو ساتەوەی زانکۆکەیان دامەزراوە، یەک بەش لەکەلار کراوەتەوە و ئەوەی هەیە هەموی بەشە کۆنەکانە، بەڵام بەوتەی خۆی ئەوانەی کفری و رزگاریی بەکۆلێج و پەیمانگاوە نوێن. جەختیشیکردەوە: "بۆیە هیچ جیاوازییەک نییە لای ئێمە لەنێوان کەلار و کفری و رزگارییدا".
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵتەندروستی گەرمیان: کێشەی دەرمان لە ناوەندە تەندروستییەکان چارەسەر بوە
-
-
هەواڵوەبەرهێنانی گەرمیان: تەنها لە ٢ پرۆژەی نیشتەجێبوندا سیستەمی "غازی مەرکەزیی" جێبەجێ کراوە
-
-
هەواڵلە گەرمیان تەنها ٦ کاژمێر کارەبای نیشتیمانی دەدرێت
-
-
هەواڵبەڕێوبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری گەرمیان: داهاتی پرۆژە گەشتیارییەکانی گەرمیان لە کفری خەرج دەکەین
-
-
هەواڵئەو مامۆستایەی لە گردەگۆزینەوە گوازرایەوە بۆ کەلار رونکردنەوە دەدات؛ "بەپێی ریزبەندیی پەروەردەی کەلار و بەشایستەبونی خۆم تەنسیب کراوم"
-