بە ئۆنلاینکردنی دابەشکردنی بەشەناوخۆییەکان ناڕەزایەتی لە زانکۆی گەرمیان دروستدەکات
هەواڵ
08:12PM - 2026-09-18 , بینین : 103


رادیۆی دەنگ

پەیڕەوکردنی سیستەمێکی نوێی ئەلیکترۆنی بۆ دابەشکردنی ژورەکانی بەشەناوخۆیی لە زانکۆی گەرمیان، شەپۆلێک لە ناڕەزایەتی خوێندکارانی لێکەوتوەتەوە و هەڕەشەی خۆپیشاندان دەکەن؛ لە بەرامبەردا سەرۆکایەتی زانکۆ دەڵێت سیستەمەکە بۆ رێگریکردنە لە واستەکاریی و داوا لە خوێندکاران دەکات سەردانیان بکەن بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگە تەکنیکییەکان.

ژمارەیەک لە خوێندکارانی بەشەناوخۆییەکانی زانکۆی گەرمیان لە گازندەنامەیەکدا بۆ رادیۆی دەنگ، دەربارەی شێوازی نوێی تۆمارکردنیان لە بەشەناوخۆیی، رایانگەیاند نزیکەی %95ـی خوێندکاران نەیانتوانیوە لەگەڵ هاوڕێکانیان لە یەک ژوردا جێگیر ببن. 

ئاماژەیان بەوەکرد کە سیستەمە ئەلیکترۆنییەکە توشی وەستان و سستبون بوە، بەو هۆیەوە زۆربەی خوێندکارانی شارەکانی دیکە باندبون یان لە هەڵبژاردنی ژور بێبەش بون.

بەپێی وتەی خوێندکاران، کێشەی سەرەکی لەوەدایە کە رێگە نەدراوە سێ هاوڕێ بە یەک کۆد ژور بگرن، بەڵکو هەر خوێندکارێک بەجیا کۆدی بەکارهێناوە، ئەمەش بوەتە هۆی پەلەپەل و پچڕانی هاوڕێکان لە یەکتری. 

هەروەها جەختیان لەوە کردەوە کە خوێندکارانی قۆناغە بەرزەکان خراونەتە شوێنی نەگونجاو یان ژوریان پێنەدراوە، لەهەمان کاتدا خوێندکارانی ئێواران و ناوچە و گوندەکانی دەوروبەری گەرمیان لە مانەوە لە بەشەناوخۆیی بێبەش کراون لە کاتێکدا هۆکاری گواستنەوەش (پاس) بەردەست نییە.

خوێندکاران جەخت دەکەنەوە بە هەمو شێوازێک ئەم سیستەمە رەتدەکەنەوە و هۆشیاری دەدەن ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن.

لە بەرامبەردا، سەرۆکایەتی زانکۆی گەرمیان  دەڵێت ئامانجی سەرەکی لەم سیستەمە ئەلیکترۆنییە ئەوە بوە کە سەرەتا ئەو خوێندکارانە وەربگیرێن کە خەڵکی ناوچە دورەکان و دەرەوەی گەرمیانن.

زانکۆکە لە رونکردنەوەیەکدا کە تایبەت بۆ رادیۆی دەنگیان ناردوە، رونیدەکاتەوە: تاوەکو ئێستا نزیکەی ۱٥۰ خوێندکار ژوریان وەرگرتوە و لە ئێستادا لەنێوان خۆیاندا سەرقالی گۆڕینەوەی ژورەکانن تا بچنە لای هاوڕێکانیان.

دەربارەی ئاستەنگەکان، ئاماژەیان بەوەکرد کە دەستپێکی هەر پرۆسەیەک ئاسان نییە و بەشێک لە فشارەکان بەهۆی ئەوەوە دروستبووە کە خوێندکارانی ناوچەکانی گەرمیان (وەک رزگاری، کفری و گوندەکان) دەیانەوێت بچنە لای خوێندکارانی دەرەوەی گەرمیان.

جەختیان لەوەشکردەوە کە لەم سیستەمە نوێیەدا هیچ جۆرە واستە و ناسیاوییەک قبوڵ ناکرێت و هەمو ژورەکان بە رونی بەردەستن.

لەبارەی گازندە و نیگەرانییەکانیشەوە، زانکۆی گەرمیان داوای لە خوێندکاران کرد کە سبەی شەمە دوای گەڕانەوەیان بۆ دەوام، سەردانی زانکۆ بکەن، تاوەکو لەنزیکەوە لەگەڵیان دانیشن و چارەسەری گونجاو بۆ گرفتەکانیان بدۆزنەوە.