کاسبکارانی عەلوەی کەلار: بەناچاریی قەپان بۆ بارەکانمان دەکرێت و پارەمان لێوەردەگیرێت
هەواڵ
12:31PM - 2026-09-16 , بینین : 77


رادیۆی دەنگ

کاسبکارێک لە عەلوەی کەلار باس لەوەدەکات هەر بارێک سەوزە و میوە دەهێننە عەلوەکە، بەناچاریی دەبێت قەپانی بکەن و بیکێشن و پارەش بدەن بە کۆمپانیا لەبەرامبەرییدا.

ئەو کاسبکارە کە نەیویست ئاماژە بە ناوی بکرێت، بۆ رادیۆی دەنگ رونیکردەوە: ئۆتۆمبیلە بارهەڵگرەکان کە دێنە عەلوە پێشتر ئەگەر لە وڵات و ناوچەی ترەوە هاتبن کێشانیان بۆ دەکرێت، کەچی ئێستا ناچارکراون لەکاتی هاتنەناو عەلوەی کەلار قەپان بکەن.

وتیشی: نازانین ئەم قەپانە بۆچییە و چ سودێکی هەیە، چونکە من کە بارئەهێنمە عەلوە کەی کێشەی ئیدارەی عەلوە یان کۆمپانیایە کە چەند کیلۆیە؟!

جەختیشیکردەوە: لە هیچ عەلوەیەکی تردا ئەمە بونی نییە و زوڵمە کە لە کاسبکاران دەکرێت.

بەوتەی ئەو کاسبکارە، بۆ هەر قەپانێک بڕی پێنج هەزار دیناریان لێوەردەگیرێت و بابەتەکەش ناچارییە.