هاوڵاتییەکی رزگاریی: باخچەی ئێمە روخێنراوە کەچی باخچەی ماڵی بەرپرسەکان نەڕوخێنراون
هەواڵ
08:21PM - 2026-09-14 , بینین : 162


رادیۆی دەنگ

هاوڵاتییەکی دانیشتوی قەزای رزگاریی دەڵێت: باخچەکەی بەردەم ماڵی ئێمەیان تێکداوە، بەڵام باخچەکەی بەردەم ماڵی ژمارەیەک بەرپرسی حکومی تێکنەدراوە کە تەنها ٥۰۰ مەتر نێوانمانە، سەرۆکی شارەوانی قەزاکەش رونکردنەوە لەسەر بابەتەکە دەدات و دەڵێت: بەردەوام دەبین لە هەڵمەتەکە.

عەلی بەدر، هاوڵاتییەکی دانیشتوی قەزای رزگارییە، بە رادیۆی دەنگی راگەیاند: پێش دەرگای ئێمە لەساڵی ۲۰۱٥ـەوە شەهید عەباسی برام کە شەهیدی شەڕی داعشە خۆی بونیادی باخچەیەکی ناوە، دەستمان کرد بەجوانکاریی بۆ باخچەکە وتمان مادام خۆی بونیادی ناوە بەجوانترین شێوە رازاندومانەتەوە، بەڵام تێکیاندا.

وتیشی: ئەوان بڕیارەکەیان وابوە کە شوێنی پەلەوەر دەڕوخێنن، بەڵام من پەلەوەرم نەبوە لەژیانمدا، هاتن و دراوسێکانی منیان ئاگادار کردەوە و منیان ئاگادار نەکردەوە، بەڵکو ڤیدیۆیان گرت و وتیان شتێ جوانت کردوە، شایەنی دەستخۆشییە، کەچی دواتر روخاندیان.

دەشڵێت: دواتر باوکم بردە نەخۆشخانە و تا هاتمەوە باخچەکەمیان روخاند، وتم بۆ روخاندوتانە، وتی فەرمانی سەرۆکی شارەوانییە، منیش وتم ئەگەر فەرمان بۆ گشتی بێت و هەر من نەبم زۆر ئاساییە، کەچی دواتر پێیان وتم ئەمرەکە گۆڕاوە و تەنها ئەو باخچانە دەڕوخێنن کە هێلانەی پەلەوەر و ئاژەڵی تێدایە.

بەپێی وتەی ئەو هاوڵاتییە، هەریەک لە سەرۆکی شارەوانی ئێستای رزگاریی ماڵی باوکی و سەرۆکی لیژنەی زیادەڕەویی ماڵی خۆیان یەکی باخچەیەک لەپێش ماڵەکانیانە، بەڵام ماڵی من و ماڵی سەرۆکی شارەوانی تەنها ٥۰۰ مەتری فەرقە، بۆچی هی من روخێنراوە و هی ئەوانیش وەکخۆی ماوەتەوە.

وتیشی: سەرۆکی پێشوی شارەوانی فەرمانی دەرکردوە هەمو باخچە زیادەڕەوییەکان تێکبدرێت، بەڵام باخچەکەی بەردەم ماڵی باوکی سەرۆکی شارەوانی و سەرۆکی لیژنەی زیادەڕەویی وەکخۆی ماوەتەوە و تێکنەدراوە.

دەشڵێت: ئەمڕۆ سکاڵام لێکراوە لەلایەن سەرۆکی لیژنەکەوە بەتۆمەتی تەشهیرکردن و هێزە ئەمنییەکان هاتوەتە ماڵمان و ماڵەکەمان گەڕاون.

لەبەرامبەردا سەرۆکی شارەوانی رزگاریی رونکردنەوە لەسەر بابەتەکە دەدات.

رێباز حەمید، سەرۆکی شارەوانی رزگاریی، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: ئەو فەرمانە بۆ تێکدانی باخچە زیادەڕەوییەکان لەلایەن سەرۆکی پێشوی شارەوانی رزگارییەوە دەرکرا و زیاتر بۆ ئەو باخچانە بوە کە ببونە هۆی بێزارکردنی هاوڵاتیان کە مریشک و کۆتر و ئاژەڵی تێدا بوە.

وتیشی: هەڵمەتەکە بەردەوامە، ئەوەشی ئێستاش ماوە و یەک بەیەکی ئەو باخچە زیادەڕەویانە تێکدەدرێت کە بوەتە هۆی بێزارکردنی هاوڵاتیان، بەڵام بەهۆکاری ئامادەکاریی بۆ روبەڕوبونەوەی لافاو جارێک کارەکانی وەستێنراوە.

دەشڵێت: ئەو باخچەیە بەردەم ماڵی باوکمە، هیچ شتێکی تێدا نییە بوبێتە هۆی بێزاریی هاوڵاتیان، هەتا ئێستاش دەستمان بە سەوزایی نەبردوە، هەرشوێنێکیش لە نەخشەدا سەوزایی بێت دەستی لێنادەین، بەڵام ماڵی ئەو بەڕێزە رەنگە شوێنی خزمەتگوزاریی بێت بۆیە دەبێت لابرابێت.

بەپێی وتەی سەرۆکی شارەوانی رزگاریی: "ئەو شوێنە بەر ئەو هەڵمەتە کەوتوە کە شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵ و پەلەوەر دەبێت تێکبدرێت، بۆیە تێکدراوە".

وتیشی: بۆ بابەتی بەردەم ماڵی سەرۆکی لیژنەی زیادەڕۆیش، شەقامێکە کە لەساڵی ۲۰۱٥ـەوە کارەکانی راگیراوە، ئەو ریزە ماڵە بۆخۆیان سەوزیان کردوە، سەوزییەکەش لەناو پردە ناوەندییەکەیە، واتا بەم دیو و ئەو دیوی ئۆتۆمبێل دەڕوات بەبێ گرفت.

لەبارەی ئەوەی بۆ بەردەم ماڵی ژمارەیەک بەرپرس تێکنەدراوە؟ سەرۆکی شارەوانی دەڵێت: ئێمە هەڵمەتەکەمان بەردەوام دەبێت لەدوای ئامادەکارییەکان بۆ روبەروبونەوەی لافاو، کە دەستیشمانپێکرد، جیاکاریی ناکەین لەنێوان کەس.