فەرمانێکی وەزیری ناوخۆ لە گەرمیان جێبەجێ ناکرێت
هەواڵ
08:22PM - 2026-09-03 , بینین : 441


رادیۆی دەنگ

زیاتر لە دو ساڵە وەزیری ناوخۆ فەرمانێکی دەکردوە کە بڵاوکردنەوەی وێنە بەجلی سەربازییەوە جگە لە ئەرکی فەرمی قەدەغەیە، بەڵام لەگەرمیان ئەو فەرمانە جێبەجێ ناکرێت لەلایەن ئەفسەرانەوە.

بەپێی نوسراوێکی وەزارەتی ناوخۆ کە رۆژی ۲٦ـی ۲ـی ۲۰۲٤ دەرچوەو ئاماژەی بەوەداوە: قەدەغەیە بە جلوبەرگی سەربازیی بۆ هیچ مەبەستێک جگە لە ئەرکی فەرمی، ئەفسەران و کارمەندان وێنەیان لە تۆڕە کۆمەڵاییەتییەکان بڵاوبێتەوە.

ئەوەش هاتوە: بەشداری هەر چالاکییەک بکەن پێویست بێت و لەدەرەوەی کاتی دەوام بێت، ئەو چالاکیە لە کەناڵێکی میدیایی یان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پیشان بدرێت، پێویستە رەزامەندی سەروی خۆیان وەربگرن، بەپێچەوانەشەوە هەر کەسێک بۆ هەر مەبەستێک جلوبەرگی فەرمی لەبەر بکات و لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان خۆی نمایش بکات، لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵدا ئەنجام دەدرێت.

زیاتر لە دو ساڵە وەزیری ناوخۆ واژوی لەسەر ئەم نوسراوە کردوە، بەڵام بەپێچەوانەوە لەگەرمیان چەندین ئەفسەر هەن وێنە و ڤیدیۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا پۆست دەکرێت و وەکو نمایش "شۆ" بڵاودەکرێنەوە، بەتایبەتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تیکتۆک، ئەمە جگە لەوەی لە چەندین بۆنەی نافەرمی و حیزبی دا بەجلی سەربازییەوە بەشدار دەبن.

بەپێی ئامارێک کە دەست رادیۆی دەنگ کەوتوە، ژمارەی ئەو ئەفسەرانەی سەر بە وەزارەتی ناوخۆن و لە سنوری گەرمیانن، زیاترن لە ۲۰۰ ئەفسەر.