رادیۆی دەنگ
ئەو دەرمانخانانەی کە لەلایەن کارمەندی تەندروستییەوە خاوەندارێتیی دەکران لەناو بازاڕی شاری کەلار، هەمویان داخراون، ئەمەش بەپێی فەرمانێک کە دادگا دەریکردوە و لایەنە حکومییەکان جێبەجێیان کردوە.
ماوەی چەند رۆژێکە سەرجەم ئەو دەرمانخانانەی ناو بازاڕی کەلار کە لەلایەن کارمەندانی تەندروستییەوە خاوەندارێتیی دەکرێن، داخراون؛ بەو هۆکارەی کە دەرمانخانە دەبێت تەنها لەلایەن پزیشکی دەرمانسازەوە خاوەندارێتیی بکرێت.
ئازاد حەمەفەرەج، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان، جەختی لە هەواڵەکە کردەوە و بۆ رادیۆی دەنگ وتی: لەمانگی حوزەیراندا لیژنەکانمان رۆشتنە ناو بازاڕ و ٢٤ دەرمانخانەیان داخست بەبڕیاری دادوەر و بەو پاساوەی ئەم دەرمانخانانە مۆڵەتی سەندیکای پزیشکانی دەرمانسازانیان نییە.
وتیشی: بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی دەبێت کارمەندی تەندروستی لە نۆرینگەی کارمەندی تەندروستی کاربکات، نەک لە دەرمانخانە، بۆیە ئێستا بڕیارەکە رۆشتوەتە بواری جێبەجێکردنەوە و هەمویان داخراون.
دەشڵێت: بەپێی رێنماییەکان پێویستە هەر دەرمانخانەیەک ۳۰ مەتر لە دەرمانخانەیەکی دیکەی فەرمییەوە دوربێت و پزیشکی دەرمانساز بەڕێوەی ببات.
بەپێی زانیارییەکانی رادیۆی دەنگ، دوای جێبەجێکردنی بڕیارەکە، چەند دەرمانخانەیەکی کەم لەناوبازاڕدا بە کراوەیی ماونەتەوە، ئەوانیش خاوەنەکانیان پزیشکی دەرمانسازن، بەڵام جگە لە ناوبازاڕ، لە شوێنەکانی تر دەرمانخانەی کارمەندانی تەندروستی دانەخراون.