رادیۆی دەنگ
بۆ کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک و دوبارە بەکارهێنانەوەی، بڕیارە لە کەلار پرۆژەیەک دابمەزرێت، بەڕێوبەری وەبەرهێنانی گەرمیان و سەرۆکی شارەوانی کەلار رونکردنەوەی لەبارەوە دەدەن.
هونەر مەحمود، بەڕێوبەری گشتی وەبەرهێنانی گەرمیان، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: هاوڵاتییەک سەردانی کردین و پرۆژەیەکی پێشکەشکردوە بۆ جیاکردنەوەی خۆڵ و خاشاک و دوبارە بەکارهێنانەوە "ریسایکلین".
وتیشی: لەئێستادا پرۆژەکە لە رێکارەکاندایە و مامەڵەکەمان ناردوە بۆ شارەوانی کەلار بۆ ئەوەی کاری پێویستی بۆ بکرێت.
لایخۆشییەوە سەرۆکی شارەوانی کەلار باس لەوەدەکات کە داوای دابینکردنی زەوییان بۆ پرۆژەکە کردوە.
سامان رەحیم، سەرۆکی شارەوانی کەلار، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: دوای گەیشتنی مامەڵە و داواکە، داوامان لە بەڕێوبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی گەرمیان کردوە بۆ ئەوەی زەوی بۆ پرۆژەکە تەرخان بکات، بەوپێیەی شارەوانی زەوی ئیفرازکراوی نییە بۆ ئەو مەبەستە.
وتیشی: کاری ئەم پرۆژەیە جیاکردنەوەی پاشماوەکانە لەیەکتری و دوبارە بەکارهێنانەوەیەتی.
دەشڵێت: دەبێت کارەکە بەهەماهەنگی کۆمپانیای کۆکەرەوەی خۆڵ و خاشاک بڕوات بەڕێوە.
بەپێی وتەی سەرۆکی شارەوانی کەلار، چەند مەرجێکیشیان بەسەردا سەپاندون، لەوانە خاشەکەکان بە ئۆتۆمبێلی کەپس ببرێنە جێگەی مەبەست، هەروەک داواشیان لە کۆمپانیا کردوە ئەو کەسانە بخاتە کارەوە کە رۆژانە لەناو ماڵان و بازاڕدا کاری کۆکردنەوەی پاشماوە و خاشاک دەکەن.