باوکی ئەو گەنجەی لە خانەقین دەستگیرکراوە: پێدەچێت کوڕەکەم لەسەر بە کوردیی نوسین دەستگیرکرابێت
هەواڵ
03:15PM - 2026-08-31 , بینین : 124


رادیۆی دەنگ

هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی عێراق لە قەزای خانەقین، گەنجێکی تەمەن ٢٩ ساڵیان بەناوی (رێبین ستار) ناسراو بە "رێبینی ئاسنگەر" دەستگیرکرد و تائێستاش چارەنوسی نادیارە، باوکیشی باس لەوەدەکات پێدەچێت هۆکاری دەستگیرکردنەکەی تەنها گۆڕینی ناوی دوکانەکەی بێت بۆ زمانی کوردیی.

ستار عەبدوڵڵا، باوکی رێبین، لە لێدوانێکی بۆ رادیۆی دەنگ ئاماژەی بەوە کرد:  پێدەچێت هۆکاری دەستگیرکردنی کوڕەکەم تەنها بۆ بەکارهێنانی زمانی کوردی بگەڕێتەوە، چونکە ناوی دوکانەکەی کردوە بە کوردیی و هاوکاری خاوەن دوکانەکانی دیکەشی کردوە تاوەکو تابلۆی شوێنکارەکانیان بە زمانی کوردی بنووسن. 

ناوبراو جەختی کردەوە کە ئەمە مافێکی سەرەتایی و ئاسایی هەر هاوڵاتییەکی کوردە کە لە شارەکەی خۆیدا زمانی دایکی بۆ ناو و نیشانی کارەکەی بەکاربهێنێت.

سەبارەت بە شێوازی دەستگیرکردن و شوێنی کوڕەکەی، باوکی رێبین رایگەیاند کە هێزەکە لە شاری باقوبەوە هاتون و کوڕەکەیان بۆ ئەوێ گواستوەتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ فەرمانێکی دادوەرییان پیشانبدەن یان هیچ رونکردنەوەیەکیان پێ بدەن. 

ئاماژەی بەوەشکرد بەهۆی شێوازی دۆسیەکە و مامەڵەی هێزەکەوە، ئێستا لە دۆخێکی نائاسودەدان و مەترسی ئەوەش هەیە کە فشاری زیاتریان بخرێتە سەر و خۆیشی دەستگیربکرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە چەند رۆژێکە هەڵمەتێک لە خانەقین سەرپێخراوە دژ بە تەعریبکردنی قەزاکە، بڕیاریش بو ئەمڕۆ خۆپیشاندانێک لەوبارەوە ئەنجام بدرێت، بەڵام هەڵوەشێنرایەوە.