رادیۆی دەنگ
دۆخێکی هەستیار لە خانەقین هاتوەتە ئاراوە دوای بڕیاری ئەنجامدان و دواتر هەڵوەشاندنەوەی خۆپیشاندانێک، هاوکات دەستگیرکردنی هاوڵاتیان.
لەم راپۆرتەدا دواین پێشهاتەکان دەخەینەڕو.
* خۆپیشاندەکە هەڵوەشێنرایەوە
بڕیار وابو ئەمڕۆ خۆپیشاندانێکی جەماوەریی لە قەزای خانەقین ئەنجام بدرێت، بەڵام هەڵوەشایەوە.
هۆکاری سەرەکی هەڵوەشاندنەوەکە دەگەڕێتەوە بۆ دەستوەردانی لایەنە سیاسییە باڵاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان.
ئەگەرچی لەراگەیەنراوی هەڵوەشاندنەوەی خۆپیشاندانەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە سەرۆک کۆمار هاتوەتە نێو پرسەکە و بڕیارە هەر ئەمڕۆ چاویان پێی بکەوێت، وەکخۆشیان دەڵێن: خۆپیشاندانەکە هەڵپەسێردراوە و هەڵنەوەشاوەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی دەنگ، لایەنە سیاسییەکان پێیانوایە دۆخی ناوخۆیی عێراق و ناوچەکە (بە تایبەت ململانێی ئێران و ئەمریکا) ناسکە و نایانەوێت خۆپیشاندانەکان ببێتە هۆی ئاڵۆزیی زیاتر.
خۆپیشاندانەکە دژی پڕۆسەی "تەعریب" لە خانەقین رێکخرابو.
ناڕەزایەتییەکان لەسەر کڕینی موڵک و خانو، زەوی و بازرگانییکردن بو لەلایەن هاوڵاتیانی عەرەب لە شارەکەدا.
هەروەها کێشەی زەویوزاری جوتیارانی کورد لە چوارچێوەی ماددەی ١٤٠ کە تائێستا یەکلایی نەکراوەتەوە، یەکێکی تر بو لە هۆکارەکان.
بەپێی زانیارییەکانی رادیۆی دەنگ، لە ئاستی باڵای کوردستانییدا دەستوەردان کراوە و خۆپیشاندانەکە راگیراوە، بەوهۆیەی مەترسی ئەوە هەبوە سەربکێشێت بۆ روداوی دیکەی نەخوازراو.
* دەستگیرکردنی چالاکوانان و کەسایەتییەکان
هاوکات بەم پێشهاتانە، دوێنێ ئەبو مونتەزر، بەرپرسی پێشوتری رێکخراوی بەدر و بەرپرسی پێشوی عەسائیبی ئەهلی حەق لە خانەقین، کە ماوەیەکە پەیوەندی بە یەکێتیی نیشتمانییەوە کردوە، لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە دەستگیرکراوە و رەوانەی باقوبە کراوە.
هاوکات هەر شەوی رابردو، بەتۆمەتی "هەوڵدان بۆ نانەوەی پشێویی"، رێبینی ئاسنگەر "رێبین حەداد" کە چالاکوانێکی قەزاکەیە و پیشەی ئاسنگەرە، دەستگیرکراوە. ئەم کەسە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چالاکە و داکۆکی لە کوردستانییەتی خانەقین دەکات و لەم رۆژانەشدا تابلۆی دوکانەکەی کردە زمانی کوردیی کە کاردانەوەی زۆری لێکەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە زانیاریی هەیە لەبارەی ئەوەی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ چەند چالاکوانێکی تریش دەرچوە بە هەمان تۆمەت، بەڵام تائێستا جێبەجێ نەکراون و زانیارییەکانیش پشتڕاست نەکراونەتەوە.
- دوایین بابەتەکان
-
وتاركاتێك راگهیاندن دهبێته بكوژ!
-
-
هەواڵپێدانى مۆڵهت به پرۆژهى نیشتهجێبون له گهرمیان راگیراوه
-
-
هەواڵپێشنوێژ و ئیمامی ١٨٨ مزگەوتی گەرمیان خۆبەخشن
-
-
هەواڵلە کەلار نزیکەی ٥ ملیار دیناری پارەی کرێی بینا لای بازرگانەکانە
-
-
هەواڵبەتۆمەتی راوکردنی ماسی بە ژەهر ٦ کەس لە گەرمیان دەستگیر کران
-