دانیشتوانی گەڕەکێکی کەلار: ئاوەڕۆی ژمارەیەک کارگە هەراسانی کردوین
هەواڵ
08:43PM - 2026-08-26 , بینین : 48


رادیۆی دەنگ

دانیشتوانی گەڕەکی 'مەطارەکەی' نزیک لە ناوچەی پیشەسازیی کەلار دەڵێن ئاوەڕۆی کارگەکانی نزیک لەگەڕەکەمان هەراسانی کردوین، سەرۆکی شارەوانی کەلاریش دەڵێت: لەماوەی هەفتەیەکدا چارەسەری نەکەن رێکاری یاسایی بەرامبەر کارگەکان دەگرینەبەر.

گەڕەکی "مەطارەکە"، نزیکە لەناوچەی پیشەسازیی کەلار لەنێوان ئیدارەی گەرمیان و یاریگای 'رزگار مەشەی'ـیە، ژمارەیان نزیکەی ٤۰۰ ماڵ و بە زیادەرۆ دروستکراون. نزیکەی ٦ کارگە لە خواروی گەڕەکەکە هەن و بەهۆی نەبونی سیستەمی ئاوەڕۆوە پاشماوەکان لە قەراغی گەڕەکە کۆبوەتەوە.

محەمەد جەمال، نیشتەجێی ئەو گەڕەکەیە، بۆ رادیۆی دەنگ رایگەیاند: "بە بیانوی ئەوەی خانوەکانمان لەسەر زەوی زیادەڕۆ دروستکراون، حکومەت ئاوەڕۆی بۆ نەکردوین، لەلایەکی تریشەوە، کارگەکانی دەوروبەرمان بەبێ رەچاوکردنی هیچ مەرجێکی تەندروستی، ئاستی زەوییەکەیان بەرزکردوەتەوە و ئاوەڕۆکانیان روکردوەتە ماڵەکانی ئێمە.

ئاماژەی بەوەشکرد خاوەنی کارگەکان وەڵامی داواکارییەکانیان بەمجۆرە داوەتەوە و وتویانە : "نە حکومەت و نە سەرۆکوەزیرانیش ناتوانن کارگەکانمان دابخەن".

بەوتەی خۆیشی، سەرەڕای سەردانی چەندینجارەیان بۆ شارەوانی و قایمقامیەت، بەڵام تائێستا کێشەکەیان چارەسەرنەکراوە.

لەبەرامبەردا سەرۆکی شارەوانی کەلار هۆشداریی دەداتە کارگەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.

سامان رەحیم، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: لەرێگای پۆلیسی شارەوانییەوە ئاگاداری ئەو کارگانەمان کردوەتەوە کە لەماوەی هەفتەیەکدا چارەسەری کێشەی ئاوەڕۆکانیان بکەن.

وتیشی: ئەگەر لەماوەی هەفتەیەکدا چارەسەری نەکەن، بەدڵنیاییەوە رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.