تەندروستی گەرمیان: بڕیاری داخستنی دەرمانخانە ئەهلییەکان لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرچوە
هەواڵ
11:13AM - 2026-08-19 , بینین : 284


رادیۆی دەنگ


لەبەرامبەر ناڕەزایەتی خاوەن دەرمانخانە ئەهلییەکانی گەرمیان بۆ داخستنی دەرمانخانەکانیان، وتەبێژی تەندروستی گەرمیان دەڵێت: بڕیارەکە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی تەندروستییەوە دەرچوە.

دوێنێ ژمارەیەک لە خاوەن دەرمانخانە ئەهلییەکانی گەرمیان، دژ بە بڕیاری داخستنی دەرمانخانەکانیان گردبونەوە. ئەوان بڕیارەکە بە "ناهەقی و زوڵم" دەزانن.

لە بەرامبەردا، ئازاد حەمەفەرەج، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروسی گەرمیان، بە رادیۆی دەنگی وت: ئەم بڕیارە لە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی تەندروستییەوە دەرچوە كە كارمەندی تەندروستی دەبێت نۆڕینگەی هەبێت و پزیشكی دەرمانسازی دەرمانخانە هەبێت.

وتیشی: ئەم لیژنەیەش زۆر دەمێكە دامەزراوە، بەڵام كارا نەكرابو، لەم دواییەدا نوێنەری داواكاری گشتی خرایە لیژنەكەوە و كارا كرایەوە، لە ئێستادا كارەكانی جێبەجێدەكات.

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، نزیکەی ٥٠٠ دەرمانخانە لە گەرمیاندا هەن، کە تەنها کەمتر لە ٥٠ دانەیان لەلایەن پزیشکی دەرمانسازەوە خاوەندارێتی دەکرێت، ئەوانی دیکە لەلایەن کارمەندی تەندروستییەوە بەڕێوەدەبرێت.

بەپێی بڕیارەکە، دەبێت ئەو دەرمانخانانەی کارمەندی تەندروستی بەڕێوەیان دەبات دابخرێن و بکرێنە نۆرینگە، بەوپێیەی دەرمانخانە دەبێت لەلایەن پزیشکی دەرمانسازەوە بەڕێوەببرێت.