بۆچی بانزینی ۷٥۰ دیناری لە کەلار دابەش ناکرێت بەسەر چەند بەنزینخانەیەکدا؟
هەواڵ
08:26PM - 2026-08-10 , بینین : 236


رادیۆی دەنگ

لەبارەی پرۆسەی دابەشکردنی بەنزینی ۷٥۰ دیناریی، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی نەوت و کانزاکانی گەرمیان بە چەند خاڵێک رونکردنەوە دەدات و باس لەوە دەکات رۆژانە زیاتر لە ٩٠٠ ئۆتۆمبیل لەو بەنزینە سودمەند دەبێت.

یادگار فەتاح، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی نەوت و کانزاکانی گەرمیان، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: ناتوانین ئەو بانزینە ٧٥٠ دینارییە دابەش بکەین بەسەر چەند بەنزینخانەیەکی جیاوازدا، چونکە ئەو بڕەی بۆمان دێت کەمە و تەنها یەک تانکەری رۆژانەیە.

وتیشی: هەر تانکەرێک نزیکەی ۳٦ هەزار لیترە و لە بەنزینخانەکە بە ٨ ئامێری بژمێر "عەداد" دابەش دەکرێت، بەو شێوەیەش قەرەباڵغە، چونکە لەگەڵ هەر دابەشکردنێکدا نزیکەی ۹۰۰ ئۆتۆمبێل بەرەو سەرەوە بانزین وەردەگرێت.

لەبارەی دروستبونی قەرەباڵەغی لە نۆرەی وەرگرتنی بەنزینەکەدا، یادگار فەتاح باسی لەوەکرد کە نۆرەگرتنەکە "بەشێوەیەکی شارستانی دەڕوات و سەرەبڕی تێدا نییە".

لەبارەی مەرجەکانی وەرگرتنیشەوە وتی: هەر ئۆتۆمبێلێک وەریبگرێت نابێت تا چوار رۆژ وەریبگرێتەوە، جارجارە حاڵەتی وا رودەدات کەسێک دەیەوێت جارێکی تر وەریبگرێت، بەڵام لە بەنزینخانەکان کۆدەکە لێدەدەنەوە و کە دەرکەوت وەریگرتوە، بەنزینی پێ نادرێت.

بەپێی وتەی بەڕێوبەری نەوت و کانزاکانی گەرمیان، توێژی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان داوایان کردوە هێڵێکی تایبەت بەوان بکرێتەوە و کەمتر نۆرە بگرن، بەڵام وەکخۆی وتی: جارێک نەمانکردوەتەوە و لەهەوڵداین رێکیانبخەین.

هاوکات لە هەندێک قەزای دیکە، ئافرەتان ناخرێنە نۆرەوە و راستەوخۆ بەنزینەکە وەردەگرن. بەڵام یادگار فەتاح لەوبارەوە وتی: ژن و پیاو جیاوازیان نییە لای ئێمە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ژمارەی شۆفێرانی ژن کەمترن، کاتێک دەچنە نۆرە، شۆفێرانی پیاو رێگەیان پێدەدەن و دەیانخەنە پێش خۆیانەوە.

بەپێی داتاکانی بەڕێوبەرایەتی نەوت و کانزاکانی گەرمیان، هەفتانە ۷ تانکەر بەنزینی ٧٥٠ دیناریی دێتە گەرمیان، ٥ تانکەری لە قەزای کەلار دابەش دەکرێت و تانکەرێک بۆ قەزای رزگاریی و تانکەرێکیش بۆ قەزای کفری.

لەبارەی ئەم دابەشکارییەوە لەنێوان قەزاکان، یادگار فەتاح وتی: دابەشکردنی بەنزین لە قەزاکان بەپێی فۆرمی خۆراکە، قەزای کەلار زۆرترین خێزانی تێدایە و دواتر قەزاکانی دیکە.

دەشڵێت: قەزای کفری یەک تانکەری بۆ دابین کراوە، رەنگە بیکەینە تانکەر و نیوێک، بەڵام ناتوانین بیکەینە دو تانکەر.

هەفتەی رابردو چالاکوانانی قەزای کفری نیگەرانییان دەربڕی لەوەی بەنزینەکە لە شارەکەیان دابەش ناکرێت. بەڕێوبەری نەوت و کانزاکانی گەرمیان، لەوبارەوە وتی: هیچ قەزایەک پشتگوێ ناخەین و هەمو قەزاکان مافی خۆی پێدەدرێت.

بەوتەی ناوبراو، لەرۆژانی داهاتوشدا هەوڵدەدەن دەستکاریی رێژەکان بکەن.

وتیشی: بەپێی بارودۆخ بڕیار دەدەین، چونکە ئێمە کە ئیدارەی پرۆسەکە دەدەین، بەپێی بارودۆخەکە بڕیارەکان دەگۆڕێت.