دابەشکردنی زەویی ١٨٠ مەتری لە کفری هەڵوەشایەوە
هەواڵ
09:46AM - 2026-08-09 , بینین : 71


رادیۆی دەنگ


دوای ئەوەی ناڕەزایەتی دروستبو لەبارەی ئەوەی بەشێک لەو زەوییانەی بە فەرمانبەرانی کفری دراون ١٨٠ مەتریین، سەرۆکی رێکخراوی پاڵپشتی کفری رایدەگەیەنێت بڕیارەکە هەڵوەشایەوە و زەوی دیکە بەو فەرمانبەرانە دەدرێت.

قادر قەرەداغی، سەرۆکی رێکخراوی پاڵپشتی کفری، بە رادیۆی دەنگی وت: دوێنێ لەگەڵ بەڕێوبەری گشتی شارەوانییەکانی گەرمیان و قایمقامی کفری کۆبوینەوە سەبارەت بە هەندێک کێشە و گرفتی خزمەتگوزاریی شارەکەمان.

وتیشی: بڕیاردرا بەدواداچون بۆ ئەو کێشانە بکرێت و بەزویی چارەسەر بکرێن.

ئاماژەی بەوەشدا یەکێک لەو خاڵانەی لە کۆبونەوەکەیاندا بڕیاری لێدراوە، هەڵوەشاندنەوەی دابەشکردنی زەویی بوە لەو زۆنانەی کە پارچەکانی ١٨٠ مەترین.

رونیکردەوە: بڕیارە ئەو فەرمانبەرانەی زەوی ١٨٠ مەتریان بەرکەوتوە، دوبارە ناویان بگەڕێتەوە بۆ تیروپشک و لە وەجبەی دوەمدا زەوی دیکەیان پێبدرێتەوە.

ئەمەش دوای ئەوە هات کە ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی کفری نیگەرانی خۆیان لەوە دەربڕیبو کە لە کاتێکدا حکومەت بڕیاریداوە هەر فەرمانبەرەی ٢٠٠ مەتر زەوی پێبدرێت، کەچی لە کفری هەندێک لە فەرمانبەران زەویی ١٨٠ مەتریان پێدراوە.