بەنداوێکی گەرمیان ٣٪ـی کارەکانی ماوە و تەواوناکرێت
هەواڵ
12:41PM - 2026-08-06 , بینین : 176


رادیۆی دەنگ

بەنداوی خۆرنەوەزان ٩٧٪ـی کارەکانی تەواو بوە، سەرپەرشتیاری بەنداوەکانی گەرمیانیش دەڵێت: نەبونی پارە لە بانک رێگرە لە تەواوکردنی یەکجارەکیی.

جەبار مەحمود، سەرپەرشتیاری بەنداوەکانی گەرمیان، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: کارکردن لە بەنداوی خۆرنەوەزان بەردەوامی هەیە و ٩٧٪ـی کارەکانی تەواو بوە، بەڵام کارەکان بەسستی دەڕوات.

دەشڵێت: لە ئێستادا کار لە سەر سەرڕێژەکە دەکەن، هاوکات حەوزێکمان هەیە لە خوارەوەی سەرڕێژەکەیە هی هێوەرکردنەوەی ئاوەکەیە لەگەڵ دانانی بۆری و قوفڵکردنەکەی، ئەمانە ماونەتەوە کاری لەسەربکرێت.

هێمای بۆ ئەوەشکرد: بەهۆی نەبونی پارەی پێویستەوە، پرۆژەکە زۆر بە سستی بەڕێوەدەچێت.

لەبارەی ئەوەی بودجەی پرۆژەکە چەندە وا خەرج ناکرێت، جەبار مەحمود رونیکردەوە: ئەو بودجەیەی کە پێویستە بۆی خەرجبکرێت، خۆی لە ٧٥٠ ملیۆن دیناردا دەبینێتەوە، بەڵام ئەوەی کە بڕیارە بۆی خەرجبکرێت ١٠٠ ملیۆن دینارە.

ئەمەش لەکاتێکدایە بەنداوەکە دوای تەواوبونی، توانای گلدانەوەی حەوت ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە و سودی بەرچاوی دەبێت بۆ کۆگاکردنی ئاو و دابینکردنی ئاو بۆ دانیشتوانی سنورەکە و هەروەها زیادکردنی ئاوی ژێر زەوی.