فەرمانبەرێک: تەنها لە کفری زەوی ١٨٠ مەتری دەدرێت بە فەرمانبەران
هەواڵ
12:39PM - 2026-08-04 , بینین : 80


رادیۆی دەنگ

فەرمانبەرانی کفری نیگەرانن لەوەی کە جیاواز لە ناوچەکانی دیکە لە قەزاکەیان چەندین پارچە زەوی بە فەرمانبەران دراوە کە روبەرەکانیان ١٨٠ مەترن، سەرۆکی شارەوانییش دەڵێت: بەپێی رێنماییەکان رێگەپێدراوە.

محەمەد ئەحمەد، فەرمانبەر لە قەزای کفری، بە رادیۆی دەنگی وت: لە هەمو کوردستان فەرمانبەران زەوی ٢٠٠ مەترییان وەرگرتوە، 

تەنها لە کفری نەبێت کە لە کۆی ٥ زۆندا دو زۆنییان روبەری زەوییەکان تیایدا ١٨٠ مەترە.

لەبەرامبەردا، عەلی خورشید، سەرۆکی شارەوانی کفری، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: بەپێی رێنمایی ژمارە ٥٠٩ لە رێکەوتی ١٤ـی ٥ـی ٢٠٢٤ لە مادەی چوار لە بڕگەی چوار، شارەوانی پابەندنابێت بەو روبەرانەی کە لە رەزامەندیی تەرخانکراوی زەوی دیارییکراوە.

وتیشی: بەڵکو شارەوانی بەپێی پێوەری هونەریی و بونی زەوی نیشتەجێبون پابەند دەبێت بەدابەشکردنی ئەو روبەرە زەوییە، بۆ نمونە زەویمان هەیە لە قەزاکە ١٨٠ مەترە و دابەشمان کردوە.

هێمای بۆ ئەوەشکرد: ئەو زەوییەی کە هەمانە لە شوێنی قەسابخانەکەیە و لە ساڵی ٢٠١٤ ئیفرازکراوە بۆ شارەوانی.

جەختی لەوەشکردەوە: هەر بەپێی رێنماییەکە خاوەنەکەی مافی داواکردنی جیاوازی روبەری نیە، واتا بەپێی رێنماییەکانی وەزارەت ئەو روبەرە دابەشکردنی زەوییە رێگەپێدراوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو روبەرەی کە ماوەتەوە، لە کاتی تۆمارکردندا جیاواز مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، هەر فەرمانبەرێکی دەوڵەت بۆ یەکجار دەتوانێت سودمەندبێت لە وەرگرتنی زەوی کە روبەرەکەی ٢٠٠ مەترە.