وەستایەکی میکانیک لە کەلار: خراپی کوالێتی بانزین مەترسی لەسەر گڕتێبەربونی ئۆتۆمبێلەکان هەیە
هەواڵ
08:51PM - 2026-07-30 , بینین : 38


رادیۆی دەنگ

وەستایەکی شارەزای فیولپەمپی ئۆتۆمبیل لە کەلار، جەخت لە خراپیی کوالێتی بەنزین لەم ماوانەی دواییدا دەکاتەوە، دەشڵێت: مەترسی گڕتێبەربونی ئۆتۆمبێلەکان هەیە.

ئەرکان ئەڵمانی، وەستای میکانیک کە پسپۆڕە لەبواری فیولپەمپ و پارچەکانی دیکەی ئەو بوارە لەکەلار، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: ئەو بانزینەی ئێستا هەیە ئۆکتانی خراپە، ماددەی قوڕقۆشمی زۆر تێدایە، ئەم ماددەیە لە نەفتاوە، مۆم و تێزابی تێکەڵ دەکرێت و دەبێت بەم بانزینە.

وتیشی: خۆم قاعیدەی فیولپەمپم کردوەتەوە بانزینەکە قوڵی داوە، جگە لەوەی فیولپەمپ خراپ دەکات، نۆزڵ و بزوێنەری ئۆتۆمبێلەکەش تێکدەدات.

دەشڵێت: لە نزیکەی ۱۰۰ فیولپەمپ کە کردومانەتەوە، یان خۆی تواوەتەوە، یان قاعیدەکەی، یاخود فیشەی سوتاوە، ئەمەش مەترسی هەیە لەسەر گڕتێبەربونی ئۆتۆمبێلەکان.

بەپێی وتەی ئەو، لەم ماوەیەدا زۆرینەی سەردانیکەرانیکەرانیان ئەو شۆفێرانە بون کە فیولپەمپی ئۆتۆمبیلەکانیان تێکچوە، یان لاواز بوە.

لەبارەی رێنماییەکانیانەوە بۆ پاراستنی فیولپەمپی ئۆتۆمبیلەکان، ئەو وەستا میکانیکە وتی: با تانکی بانزینی ئۆتۆمبێلەکانیان لە نیوە کەمتر نەبێت، بۆ ئەوەی فیولپەمپەکە بەفێنکی بمێنێتەوە، هەروەها تادەتوانن لە نیوەڕواندا ئۆتۆمبێل لێنەخوڕن بەتایبەت بۆ رێگای دور.