پۆلیسی گەرمیان: تەنها بە کۆنترۆڵکردنی چەکی بێ مۆڵەت تاوان کەمناکرێتەوە
هەواڵ
08:30PM - 2026-07-29 , بینین : 58


رادیۆی دەنگ

ماوەی هەفتەیەکە روداوەکانی کوشتن لە گەرمیان بوەتە سەردێڕی یەکەمی هەواڵی میدیاکان، بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیانیش دەڵێت تەنها بە کۆنترۆڵکردنی چەکی بێ مۆڵەت حاڵەتەکە کۆنترۆڵ ناکرێت.

تەنها لەم ٤ رۆژەدا ٤ روداوی کوشتن لە گەرمیان رویانداوە، تێیدا قوربانییەکان سێ دانەیان بە چەکی کڵاشینکۆف و دانەیەکیان بە چەقۆ کوژراون، ئەمەش دڵەراوکێی لای هاوڵاتیان دروست کردوە.

عەقید سۆران محەمەد غەریب، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: حکومەت رێکاری گرتوەتەبەر بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکی بێمۆڵەت و لە نزیکەی دوساڵدا ژمارەیەکی بەرچاو لە گەرمیان تۆمارکران.

وتیشی: تەنها بە تۆمارکردنی چەکی بێمۆڵەت روداوەکانی کوشتن کەم ناکرێتەوە، چونکە تەواوی هێزە چەکدارەکان چەکی پێییە، مەرجیش نییە ئەوەی تاوانێک بکات هەر هاوڵاتی بێت، کەسێکی سەربازییش رێتێچوە تاوان بکات یان هەڵەیەک بکات.

دەشڵێت: ناوچەکەمان شوێنی شەڕە بەدرێژایی مێژو، بۆیە زۆرێک لە ماڵەکان چەکیان هەیە.

بەپێی وتەی وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان: "ئێمە هەڵمەتەکانمان بەردەوامە، ئەو کاتانەی مەفرەزەکانمان پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلەکان دەکەن، هەرکەسێک چەکی بێمۆڵەتی پێبێت دەستی بەسەردا دەگیرێت".

وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان وایدەبینێت کە بۆ کۆنترۆڵکردنی حاڵەتەکە، جگە لەلایەنە ئەمنییەکان، پێویستە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، راگەیاندنەکان، لایەکانی دیکە کە پەیوەندیدارن بە کۆمەڵگاوە هاوکاربن و خەڵک وشیار بکەنەوە.

دەشڵێت: دڵنیایی دەدەینە هاوڵاتیان ئەگەر هەر کات تاوانێکیان بەرامبەر کرا، رێکاری یاسایی بگرنەبەر، ئەوا هەم خۆیان سەلامەت دەبن و هەم یاساش مافەکانیان پارێزراو دەکات.