نرخی وەستانی ئۆتۆمبیلی سەرشەقامەکانی کەلار ٥٠٠ دینارە کەچی هەزار دینار وەردەگیرێت
هەواڵ
09:34PM - 2026-07-28 , بینین : 94


رادیۆی دەنگ

کرێی وەستانی ئۆتۆمبیل لەسەر شەقامەکانی کەلار بەپێی پسولەکە دەبێت ٥۰۰ دینار بێت بۆ ۳ کاتژمێر، بەڵام لەئێستادا ۱۰۰۰ دینار لە شۆفێران وەردەگیرێت، سەرۆکی شارەوانی کەلاریش دەڵێت: هەرکەسێک پارەی زیاتری لێوەرگراوە سکاڵا تۆمار بکات، ئێمەش غەرامەیان دەکەین.

بەپێی ئەو پسولەیەی هاوڵاتییەک بۆ رادیۆی دەنگی ناردوە، بۆ کاتژمێرێک وەستان لەسەر شەقامە بەکرێدراوەکانی نزیک بازاڕی کەلار، دەبێت بۆ ۳ کاتژمێر ٥۰۰ دینار لە شۆفێران وەربگرێت، بەڵام لەئێستادا دو هێندە لەشۆفێران وەردەگیرێت.

بەپێی بەدواداچونێکی رادیۆی دەنگ لەئێستادا بۆ وەستانی ئۆتۆمبیل هەزار دینار وەردەگیرێت لە شۆفێران، واتا دو هێندەی نرخی سەر پسولەکە.

لەوبارەیەوە سامان رەحیم، سەرۆکی شارەوانی کەلار بە رادیۆی دەنگی راگەیاند: نرخی وەستانی ئۆتۆمبێل پێشتر هەزار دینار بوە بۆ کاتژمێرێک، بەڵام ئێستا دوای نوێکردنەوەی گرێبەستەکە ٥۰۰ دینارە بۆ ۳ کاتژمێر.

وتیشی: داوا لە هاوڵاتیان دەکەن لەو نرخەی کە دیاریکراوە و ٥۰۰ دینارە بۆ ۳ کاتژمێر وەستان، زیاتر نەدەن.

دەشڵێت: هەرکەسێک سکاڵایەکی هەیە لەوەی پارەی زیاتری لێسەنراوە، بابێت سکاڵا تۆمار بکات، ئەوکات لەسەر هەر سکاڵایەک پەنجا هەزار غەرامەی کۆمپانیاکە دەکەین.