رادیۆی ده‌نگ- حه‌مزه سه‌ردار
لەو کاتەدا كه زۆربەمان گلەیی لە خراپی رێگا و بانەکان دەکەین،گه‌نجێك لە قەزای کفری گله‌ییه‌كانى گۆڕیوه بۆ كردار، ئه‌و به‌شێكى كاته‌كانى خۆی ته‌رخانكردوه بۆ چاره‌سه‌ركردنى كه‌موكورتییه‌كانى رێگاوبانه‌كان، كاره‌كه‌ش به ئه‌رك ده‌زانێت نه‌ك منه‌ت.
هەردی عەبدولعەزیز، ئەو گه‌نجه‌یه كه له بۆشایی گرنگیپێدانى حكومه‌ت به خزمه‌تگوزارییه‌كان، به‌پێی تواناى خۆی، فریای چاڵ و چۆڵیی شه‌قامه‌كانی شاره‌كه‌ى "كفری" كه‌وتوه.
ئیلهامێک لە ئاین و مرۆڤایەتییەوە
بۆ هەردی، ئەم کارە تەنها پڕکردنەوەی چاڵێک نیە، بەڵکو وه‌كخۆی ئاماژه‌ى بۆ ده‌كات، جێبەجێکردنی فەرمودەیەکی پێغەمبەرە (د.خ) کە دەفەرموێت: "لادانی ئازار لە رێگای خەڵک چاكه‌یه". ئەو دەڵێت: "خوای گەورە هەر توانایەکی پێ بەخشیبیت، دەبێتە ئەرک بەسەر شانتەوە".
ئەو کاتانەی دەبینێت پیرەپیاوێک بە پاسکیلەکەیەوە یان مناڵێک بە دڵخۆشییەوە لەو شەقامە وێرانانەوە تێدەپەڕن و ئازار دەچێژن، دەبێتە گەورەترین پاڵنەر بۆ ئەوەی جانتای ئامێرەکانی هەڵگرێت و بچێتە مەیدانەکە.
کارگە گەڕۆکەکەی هەردی
هەردی چاوەڕێی بودجەی حکومەت و تەرخانکردنی پارە ناکات. ئەو خۆی وەستای داروتەختە و كۆنكرێته، بۆیە هەمو کەرەستەیەکی هەیە؛ لە ئۆتۆمبیل و مۆلیدەوە تا خەباتە و کەتەری بڕینی قیر. هه‌ربۆیه هه‌ر چاڵێك به‌دیی ده‌كات له رێگاوبانه‌كان، ده‌ستبه‌جێ و له‌وكاتانه‌ى كه كاری نییه، ده‌ستده‌كات به پڕكردنه‌وه‌ى.
سەبارەت بە مادە سەرەتاییەکانیش، چیرۆکەکەی هه‌ردی سادە و جوانە. جار هەیە خاوەن ماڵێک زیخ و چیمەنتۆی لێ دەمێنێتەوە و پێی دەبەخشێت، یان لە کاتی پڕۆژە گەورەکاندا کاتێک نیو مەتر كۆنكرێتى "مەرکەزی" زیاد دەبێت، خێرا هەردی دەیکاتە "مەرهەم" بۆ برینی شەقامەکان.
روبەڕوبونەوە لەگەڵ "یاسا" و "بێ ئومێدیی"
سه‌رباری ئه‌وه‌ى كاره‌كه‌ى بۆ چاكه‌ى گشتییه، به‌ڵام هێشتا هه‌ر گرفتی دێته‌پێش. هەردی باس لە جارێك ده‌كات كه له كاتى كاركردنى بۆ پڕكردنه‌وه‌ى چاڵێك، بەرپرسانی شار هاتونه‌ته سه‌ری و لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ كردوه.
نەک تەنها حکومەت، بەڵکو هەندێکجار خەڵکیش دەبنە بەربەست. ئەو دەڵێت: "خەڵک هەبوە وایزانیوە ئەمە ئیشی حکومەتە، هەتوەتە سەرم و دنیایه‌ك بۆڵەبۆڵی کردوە کە بۆچی رێگاکەمان گرتوە، دوای چەند رۆژێک کە زانیویەتی خۆبەخشم، هاتوەتەوە بۆ داوای لێبوردن".
"رۆشنبیریی واتا رێزگرتن و ئیشكردن"
هه‌ردى بۆ ئه‌م كاره‌ى سود له ژماره‌یه‌ك له هاوڕێكانى ده‌بینێت، گه‌رچی ئه‌وانیش به‌هۆی كاروبار و ده‌وامه‌وه هه‌مو كات به‌رده‌ست نین، به‌ڵام ئه‌مه نه‌بوه‌ته رێگر له‌به‌رده‌م وره‌ى ئه‌و گه‌نجه‌دا.
ئه‌و پێیوایه ئیش‌کردن و رێزگرتن لەو شوێنەی تێیدا دەژیت، رۆشنبیریی مرۆڤ ده‌رده‌خه‌ن، هه‌ربۆیه پێداگیرانه به‌رده‌وامه له خزمه‌ته‌كه‌ى.
هه‌ربۆیه ئەمڕۆ، هەردی عەبدولعەزیز نەک تەنها شەقامەکانی کفری رێک دەخاتەوە، بەڵکو وانەیەک بە هەمو لایەک دەدات، وانه‌یه‌ك كه ده‌ڵێت: بۆ ئاوەدانکردنەوەی شار و نیشتمان، پێویستت بە پۆست و پلە نیە، تەنها دڵێکی به‌خشنده و ویستێکی پۆڵایینت گه‌ره‌كه.
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵکوڕی ئەو ژنە بەساڵاچوەی خۆی خنکاند: "کۆمێنت و قسە نەشیاوەکان ئەوەندەی تر برینەکەی قوڵتر کردینەوە"
-
-
هەواڵدەویسترێت بە پارەی پرۆژەکان نەخۆشخانە ١٠٠ قەرەوێڵەییەکە تەواوبکرێت
-
-
هەواڵتەرمی گەنجێک لە ماڵەکەی خۆیدا لەکەلار دۆزرایەوە
-
-
هەواڵلێپرسراوی بەشی باخچەکانی شارەوانی کەلار لە پۆستەکەی لادەبرێت
-
-
هەواڵفەرمانبەرانی گردەگۆزینە لەمافێکی خۆیان بێبەش دەکرێن؛ نە لەلای خۆتان زەوییان پێدەدرێت نە لەکەلا
-
زۆرترین بینراوەکان