رادیۆی دەنگ- محەمەد مەحمود
د. رەشا راید، زیاتر لە دو ساڵە راگری کۆلێجی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکانی زانکۆی گەرمیانە. ئەو نەک تەنها ئەرکێکی کارگێڕیی، بەڵکو جەنگێکی مەدەنی بۆ سەلماندنی تواناکانی ژن بەرێوە دەبات.
چیرۆکی ئەم ژنە، جیاواز و تایبەتە؛ چونکە هەم رێگاکەی پڕ ئالەنگاریی بوە، هەمیش بەردەوامییدان بە دەستکەوتەکانی هەوڵی زۆری ویستوە.
هاوسەنگی لەنێوان کارکردن و ماڵەوە
د. رەشا راید، ئاماژە بەوەدەدات کە راگرتنی باڵانسی نێوان ئەرک و کاری ماڵەوە و دەرەوە، دیارترین ئالەنگارییە.
ئەو بۆ رادیۆی دەنگ وتی: گەورەترین ئاڵەنگاری بەردەم ژنان لە کاتی کارکردندا، دروستکردنی هاوسەنگییە لە نێوان ئەرکەکانی وەزیفە و بەرپرسیارێتی قورسی خێزاندا، چونکە کۆمەڵگە بەڕێوەبردنی ماڵ و پەروەردەکرنی مناڵ، بە ئەرکی تاقانەی ژن دەزانێت.
وتیشی: لە پاڵ ئەمەشدا کۆسپێکی دیکە ئەوەیە، کە زۆرجار لە ژینگەی کاردا، لە ڕوانگەی مێینەبوونەوە تەماشای ژنان دەکرێت، نەک وەک خاوەن توانایەکی پیشەیی، ئەم کێشەیە وادەکات، متمانەکردن بە بڕیار و بە سەرکردایەتی ژنان، هەمیشە پێویستی بە ماندوبون و سەلماندنی زیاتر هەبێت، بەراورد بە پیاوان.
وەزیفە بۆ پیاوان ئاسانترە یان بۆ ژنان؟
د. رەشا باس لەوەدەکات گرتنە دەستی بەرپرسیارێتی بۆ ژنان کارێکی سەختە.
دەڵێت: بێگومان لەسەر ئاستی واقیع قسە بکەین، گرتنەدەستی وەزیفە بۆ ژنان هاوشێوەی پیاوان ئاسان نییە و ئەم دۆخەش راستییەکی حاشاهەڵنەگرە، چونکە پیاوان کات و وزەی تەواویان بۆ کارەکەیان هەیە، بەڵام ژنان هەمیشە لە ژێر فشاری دو ئەرکی گەورەدان.
وتیشی: چ لە ماڵ بێت یان لە دەرەوە، ژنان ناچارن لە کاتی پشوی خۆیان و کاتی خێزانەکەیان کەمبکەنەوە بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکانیان، ئەمەش بارگرانییەکی دەرونی قورسی لێدەکەوێتەوە.
ململانێی خۆسەلماندن
خۆسەلماندن و پشتڕاستکردنەوەی چییەتی خود، ئالەنگارییەکی گەورەی ژنانە لە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکاندا، ئەمەش بۆ د. رەشا راستە.
ئەو دەڵێت: لە ماوەی کارکردنمدا وەکو راگر، گەورەترین ئالەنگاریی، ململانێی بەردەوامە بۆ سەلماندنی شایستەیی، چونکە ناچارم زیاتر خۆم ماندوبکەم بۆ ئەوەی بیسەلمێنم کە بڕیارە کارگێڕییەکانم، لەسەر بنەمای لۆژیک و یاسادا دەدرێن، نەک لایەنی سۆزداریی.
وتیشی: لە پاڵ ئەمەشدا دابەشکردنی کات و وزە لە نێوان کاروباری فەرمی کۆلێژ و راپەڕاندنی ئەرکە کەسییەکانمدا، ئاڵەنگارییەکی رۆژانەی بەردەوامە، کە هەمیشە فشارێکی زۆر دروستدەکات.
گرنگی بونی ژنان لە پۆستەکاندا
د. رەشا وایدەبینێت پێدانی پۆست و بەرپرسیارێتی بە ژنان، لە زانکۆ و فەرمانگەکاندا، کارێکی زۆر گرنگە.
دەڵێت: بەداخەوە تێگەیشتنێکی هەڵە هەیە، کە دەڵێت ژنان ناتوانن بەرپرسیارێتی گەورە هەڵبگرن، بەڵام ئەمە تەواو پێچەوانەی واقیعە.
وتیشی: ژن پێش ئەوەی بۆ کارکردن لە ماڵ بێتە دەرەوە، خۆی وەک سەرکردە و بەڕێوەبەر دێتە دەرەوە، بەو پێیەی ماڵی بەڕێوەبردوە و مناڵی پەروەردە کردوە، تەنانەت ئەو پیاوانەش کە ئێستا لە لوتکەی بەرپرسیارێتیدان، بەرهەمی دەستی ژنێکن کە بەڕێوەبەری سەرەکی ماڵ بوە.
نمونەیەک بۆ نەوەکانی ئایندە
بەبڕوای د. رەشا، بونی ئەوان لە پۆستەکاندا، هاندەرە بۆ کچانی دیکە، بەتایبەت بۆ نەوەکانی داهاتو.
دەڵێت: کاتێک کچانی خوێندکار دەبینن ژنی سەرکەوتو هەیە و لوتکەی بەڕێوەبردنی زانکۆیان گرتوە، متمانەیان بەخۆیان زیاددەکات.
وتیشی: ئەوکات تێدەگەن کە بەڕێوەبردنی دامەزراوەکان تەنها لەلایەن یەک رەگەزەوە، بەمانای پەکخستنی نیوەی تواناکانی کۆمەڵگە دێت.
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵشارەزایەکی بواری خانوبەرە: با فەرمانبەرانی گەرمیان زەوییەکانیان هەرزانفرۆش نەکەن
-
-
هەواڵشارەوانی کفری لەبارەی زەوی ناوچەی "قەسابخانەکە": هیچ کێشەیەکی نییە
-
-
هەواڵدەستدەکرێت بە فراوانکردنی رێڕەوی روباری سیروان
-
-
وتارکەموکوڕییە ئاسایشییەکانی قەزای رزگاریی؛ هەڵکشانی تاوان و مەترسییەکانی تاکە بنکەیەکی پۆلیس
-
-
هەواڵژمارەیەکی زۆری کارمەندانی پۆلیس دەوام ناکەن و لای فەرمانگەکان و بەرپرسانن
-
زۆرترین بینراوەکان