ژمارەیەکی زۆری کارمەندانی پۆلیس دەوام ناکەن و لای فەرمانگەکان و بەرپرسانن
هەواڵ
12:50PM - 2026-07-22 , بینین : 220


رادیۆی دەنگ

بەشێک لەکارمەندانی پۆلیسی گەرمیان دەوامی فەرمی خۆیان ناکەن، یان لە بارەگا حیزبییەکان، یاخود لەفەرمانگەکانی دیکەن، یان لای بەرپرسانن؛ ئەمەش لەکاتێکدایە بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان دەڵێت: کەمی میلاک یەکێکە لەگرفتەکانمان.

بەپێی بەدواداچونێکی رادیۆی دەنگ، نزیکەی ۱٥۰ کارمەندی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان دەوامی فەرمی خۆیان ناکەن و لەشوێنی دیکە کاری دیکە دەکەن.

بەپێی بەدواداچونەکە، ئەو کارمەندانە بەشێکیان لەبارەگا حیزبییەکانن و بەشێکی دیکەیان لەگەڵ ئەفسەران و بەشێکی دیکەیان لەگەڵ بەڕێوبەرانی سنورەکەن و بەشێکیان لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتاری ئێستا و خولەکانی پێشون لە پەرلەمانی عێراق و کوردستان، گومانیش دەکرێت هەندێک لەوانە دەوامی پێویست نەکەن و "بندیوار" بن.

ئەمەش لەکاتێکدایە بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان گرفتی کەمی میلاکی هەیە.

سۆران محەمەدغەریب، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: لەبەر ئەوەی رێژەی دانیشتوان زیادیکردوە و گەرمیان و بەتایبەت کەلار گەورە بوە، پێویستمان بە زیادکردنی کارمەندی پۆلیس و بنکەی پۆلیس هەیە، بۆ ئەوەی بتوانین بەباشی ناوچەکە کۆنترۆڵ بکەین.

وتیشی: ئەگەر نەشتوانین بنکە بکەینەوە، لەئێستادا دەتوانین خۆمان رێکبخەینەوە، ئەمەش پێویستی بە پشتیوانیی دارایی و دامەزراندن هەیە.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە حکومەت بە فەرمی دامەزراندنی راگرتوە و ساڵانەش ژمارەیەک کارمەند خانەنشین دەبن.