هێشتا "بەنزینی ٨٥٠ دیناریی" نەگەیشتوەتە گەرمیان
هەواڵ
08:19PM - 2026-07-21 , بینین : 52


رادیۆی دەنگ

دوای ئەوەی حکومەتی هەرێم بڕیاریدا بەنزینی نۆرماڵ بە نرخی ٨٥٠ دینار بۆ یەک لیتر بفرۆشرێت، هێشتا لە گەرمیان بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم، دوێنێ بڕیارێکی دەرکرد کە وێستگەکانی سوتەمەنی پابەند دەکات بەوەی بەنزینی نۆرماڵ بە نرخی ٨٥٠ دینار بۆ یەک لیتر بفرۆشن. بەڵام لە سنوری گەرمیاندا هێشتا بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە.

بەوتەی خاوەن وێستگەیەکی سوتەمەنی لە گەرمیان کە بۆ رادیۆی دەنگ قسەی کردوە، ئەوان ئامادەن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە ئەگەر حکومەت لە پاڵاوگەکانەوە بەنزینیان بە نرخی گونجاو بۆ دابین بکات.

وتیشی: "ئێمە خۆمان بەنزینی نۆرماڵ بەشێوەی بازرگانیی دەکڕین و لەسەر خۆمان ١١٠٠ دینار دەکەوێت، کەچی دەیانەوێت بیدەین بە ٨٥٠ دینار".

لایخۆشییەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رادیۆی دەنگی وت: داواکراوە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رۆژانە تانکەرێک تا دو تانکەر بەنزینی نۆرماڵ بە نرخی گونجاو دابین بکات (کەمتر لە ٨٥٠ دینار)، بۆ ئەوەی وێستگەکان بە نرخی ٨٥٠ دینار بیفرۆشنەوە، بەڵام تائێستا بڕیارەکە نەدراوە و چاوەڕێی بڕیاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانین.

لەلایەکی ترەوە و دەربارەی ئەو بەنزینە پاڵپشتیکراوەی کە بە ٧٥٠ دینار دەفرۆشرێت بۆچی لەگەرمیاندا نییە؟ خاوەنی وێستگە سوتەمەنییەکە لەگەرمیان وتی: ئەو بەنزینە پێشتر نەهێنراوە، چونکە سودێکی ئەوتۆی بۆمان نەبوە و ئەوکاتیش نرخی بەنزینی نۆرماڵی خۆمان نزیک بو لەو نرخەوە، بەڵام ئێستا کە نرخ بەرز بوەتەوە، ئامادەین بیهێنین، بەڵام دەبێت حکومەت بۆمان دابینبکات و ئێمەش بیفرۆشینەوە بەو نرخەی حکومەت دیارییکردوە (واتا ٧٥٠ دینار بۆ لیترێک).

ئەو بەنزینە پاڵپشتیکراوە کە نرخەکەی ٧٥٠ دینارە، حکومەتی عێراقی رۆژانە دەیداتە حکومەتی هەرێم و بڕەکەی ٥٠ هەزار بەرمیلە.

بە بۆچونی سەرۆکی پێشوی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، حکومەتی هەرێم بەرپرسە لەم دۆخەی هاتوەتە ئاراوە.

کەریم عەلی، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: کۆمپانیاکان بە ویستی خۆیان و بەبێ چاودێریی، نرخەکان دیاریی دەکەن.

ئەم پێشهاتانەش لەکاتێکدایە کە نرخی بەنزین بە بەرزیی ماوەتەوە، ئەمەش بارگرانی زۆری لەسەر شانی هاوڵاتیان دروستکردوە.