گەرمیان لەژێر باری گرانی سوتەمەنیدا؛ نرخی بەنزین لوتکە دەشکێنێت
هەواڵ
08:44PM - 2026-07-20 , بینین : 102


رادیۆی دەنگ

لەکاتێکدا نرخی بەنزین لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا رو لە هەڵکشانێکی بێوێنەیە، بەڕێوبەرایەتی چاودێریی بازرگانی هۆکارەکەی نازانێت و بەرپرسێکی پێشوش ئاماژە بە نەبونی چاودێریی دەکات کە بەوتەی خۆی وایکردوە کۆمپانیاکان بە ئارەزوی خۆیان نرخ دانێن.

تا کاتژمێر (٨:٣٠)ـی ئێوارەی ئەمڕۆ، لە سنوری گەرمیان نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ ١١٥٠ دینار بوە، یەک لیتر بەنزینی "موحەسەن"ـیش ١٣٠٠ دینار و بەنزینی "سوپەر"ـیش ١٥٠٠ دیناری تێپەڕاندوە. 

ئەم گرانبونە نیگەرانی زۆری لای هاوڵاتیان دروستکردوە و تائێستاش هۆکارە راستەقینەکانی بە ناڕونی ماونەتەوە.

حیکمەت ئەحمەد، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی چاودێریی بازرگانی گەرمیان، بە رادیۆی دەنگی وت: "بەنزینەکە لە سەرچاوە سەرەکییەکەیەوە لە سلێمانی گران بوە و تەواوی ئەو سوتەمەنییەش کە لە گەرمیان ساغ دەکرێتەوە بازرگانییە"، بەبێ ئەوەی هۆکارێکی رونی بۆ ئەو بەرزبونەوەیە لەبەردەستدا بێت.

لە لایەکی دیکەوە، کەریم عەلی، سەرۆکی پێشوی لیژنەی پیشەسازیی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، پەردە لەسەر هۆکارە بنەڕەتییەکان لادەدات.

ئەو بۆ رادیۆی دەنگ وتی: حکومەت لە ساڵی ٢٠١٤ـوە هەمو پاڵپشتییەکی دارایی بۆ کەرتی سوتەمەنی راگرتوە، ئەمەش وایکردووە کۆمپانیاکان بە ویستی خۆیان و بەبێ چاودێریی نرخەکان دیاری بکەن.

وتیشی: ئەو بەنزینەی لە ناوخۆدا ساخ دەکرێتەوە هەموی بازرگانیە و بازرگانیەکەش ئەوەنیە لە دەرەوە هاوردە بکرێت، بەڵکو ناوخۆییە و کۆمپانیاکان بە ویستی خۆیان نرخ دادەنێن و بەو نرخە بەرزە دەیفرۆشنەوە.

کەریم عەلی، جەختی لەوەشکردەوە: لە کاتێکدا رۆژانە ٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لە عێراق وەرگیراوە بۆ ناوخۆی هەرێم، بەڵام هیچ سودێکی بۆ هاوڵاتیان نەبوە.