بەفەرمانی حکومەت دادوەران ٤۰۰ مەتر زەوییان پێدەدرێت
هەواڵ
09:41PM - 2026-07-18 , بینین : 296


رادیۆی دەنگ

جیاواز لە فەرمانبەران، بڕیارە دادوەران ٤۰۰ مەتر زەوییان پێبدرێت، بەرپرسێکیش لە شارەوانی کەلار دەڵێت: هەمویان لە یەک شوێندا زەوییان بۆ تەرخان دەکرێت.

رۆژی ۱٦ـی ئەم مانگە، شارەوانییەکانی سنوری گەرمیان دەستیان بە دابەشکردنی زەوی کرد، بەشێوەیەک لە سنوری شارەوانی کەلاردا و لە وەجبەی یەکەمدا، بە تیروپشک زیاتر لە ٥۰۰۰ فەرمانبەر زەوییان بۆ دەرچو. هەر فەرمانبەرێکیش زەوییەکی ۲۰۰ مەتری پێدەدرێت.

بەڵام جیاواز لە فەرمانبەران، بەپێی فەرمانێکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، بڕیارە دادوەرەکان یەکی زەوییەکی ٤۰۰ مەترییان پێبدرێت.

بەپێی وتەی بەرپرسێک لەشارەوانی کەلار بۆ رادیۆی دەنگ، تاوەکو ئێستا هیچ پارچە زەوییەک لە قەزاکە دیاریینەکراوە بۆ ئەوەی بدرێت بە دادوەرەکان.

ئاماژەی بەوەشدا هەمویان لە یەک شوێندا زەوییەکەیان پێدەدرێت.

لەبارەی ئەگەری بونی جیاکارییەوە، بەرپرسەکەی شارەوانی کەلار وتی: دڵنیایی بە فەرمانبەران دەدەین شتێک ناکرێت کە جیاکاریی بکرێت، لەوەی دادوەرەکان "شوێنێکی باش" وەربگرن و فەرمانبەری دیکە "شوێنێکی خراپ".

لەبارەی جیاکردنەوەی زۆنی تایبەت بە دادوەران و لەدەرەوەی ئەو تیروپشکەی بۆ فەرمانبەران دەکرێت، سەرچاوەکە وتی: زیاتر بۆ ئەو مەبەستەیە کە نەخشەی زەوییەکان تێکنەچێت، چونکە زۆنەکانی تر لەسەر بنەمای ٢٠٠ مەتری زەوییەکانی دابەشکراوە.