رادیۆی دەنگ- زریان محەمەد
یەکێک لەو کێشانەی ژنان لە گوندەکانی گەرمیاندا روبەڕوی دەبنەوە، نەبونی خزمەتگوزاریی تەندروستی تایبەت بەوانە. ئەوان کە بەهۆی سروشتی جەستەییانەوە پێویستیان بە بینین و راوێژکاریی پزیشکیی هەیە، بێبەشن لەو خزمەتگوزارییە پێویستە.
ژنانی گوندنشین باس لەوەدەکەن، نەبونی ئەم خزمەتگوزارییە لەپاڵ دوریی گوندەکانیان لەشار و دۆخی دارایی نالەباریان، وایکردوە زۆرجار و بۆماوەی چەندین رۆژ بە ئازاری نەخۆشییەوە بتلێنەوە.
کێبڕکێ لەگەڵ کات
ئەسرا ئیسماعیل، دانیشتوی گوندی بەرلوتی سەر بە قەزای کەلار، بە خەمبارییەوە باس لەو واقیعە تاڵە دەکات کە ژنانی ناوچەکە تێیدا دەژین.
ئەو دەڵێت: لە نێو گوندەکاندا بنکەی تەندروستی وەکپێویست نییە، چەندین حاڵەتی نەخوازراو و مەترسیدار هەبوە کە توشی ژنان بوە، بەڵام نەبونی شوێنێکی چارەسەر، ژیانیانی خستوەتە مەترسییەوە.
بۆ ژنانی ئەم ناوچەیە، هەر چرکەیەک لە کاتی نەخۆشیدا وەک تەمەنێک وایە.
دوریی رێگاوبان و نەبونی بنکەی تەندروستی، وایکردوە هەر حاڵەتێکی کتوپڕی وەک مناڵبون یان نەخۆشییەکی کتوپڕ، ببێتە کێبڕکێیەکی توند لەگەڵ مردن.
ئاوات عەبدولکەریم، دانیشتوی گوندی ژاڵەی سەفەر، دەڵێت: ناچارین بۆ بچوکترین چارەسەر بێینە سەنتەری قەزاکان، جاری هەبوە نیوەشەو لە خەو هەستاوین و رومان کردوەتە کەلار، تەنها بۆ ئەوەی دەرزییەک یان چارەسەرێکی سەرەتایی وەربگرین.
١٥ ساڵ بێدەنگی و چاوەڕوانی
چالاکوانانی ناوچەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم کێشەیە رەگێکی مێژویی هەیە و کەمتەرخەمییەکی گەورە لە ئارادایە.
لەیلا ئەحمەد، چالاکوانی بواری ژنان و مناڵان لە گوندەکانی گەرمیان، لەمبارەیەوە رەخنەی توند لە حکومەت و بەڕێوبەرایەتی تەندروستی ناوچەکە دەگرێت.
دەڵێت: لە ماوەی ١٥ ساڵی رابردودا، نەتوانراوە خزمەتگوزارییەکی شایستە پێشکەش بە ژنانی گوندەکان بکرێت، تەنانەت پلانێکیش نەبوە بۆ دروستکردنی تیمێکی تەندروستی گەڕۆک کە فریای ئەو ناوچانە بکەون.
بە وتەی لەیلا، نەبونی پلانێکی زانستی و تەندروستی، وایکردوە ژنان ببنە قوربانی یەکەمی ئەم بۆشاییە ئیدارییە.
ئامارەکان دەدوێن؛ ٤٣٥ گوند و تەنها ٥١ بنکە!
کاتێک سەیری ژمارەکان دەکەین، قەبارەی کارەساتەکە رونتر دەبێتەوە.
لە سنوری ئیدارەی گەرمیان ٤٣٥ گوند بونیان هەیە، بەڵام تەنها ٥١ بنکەی تەندروستی بۆ ئەو هەمو گوندە تەرخانکراوە. ئەمە واتای ئەوەیە نزیکەی ٣٨٤ گوند بێبەشن لە بونی بنکەی تەندروستی لە ناوچەکانیاندا.
ئازاد حەمە فەرەج، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان، دان بەم کەموکوڕییانەدا دەنێت و هۆکارەکەی بۆ چەند خاڵێک دەگێڕێتەوە.
ئەو دەڵێت: نەبونی کارمەندی پێویست و نەبونی کارەبای ٢٤ کاتژمێریی، دو ئاستەنگی گەورەن کە رێگرن لەوەی بتوانین خزمەتگوزارییەکان وەکپێویست بگەیەنینە گوندەکان.
کۆتاییەکی نادیار
ئەو بۆشاییە گەورەیەی لە نێوان ژمارەی گوندەکان و بنکە تەندروستییەکاندا هەیە، زەنگێکی مەترسیدارە.
ناتەواویی خزمەتگوزارییەکان و نەبونی پێداویستییەکان تەنها کێشەیەکی کارگێڕی نین، بەڵکو باجەکەی راستەوخۆ بە ژیان و جەستەی گوندنشینان دەدرێت.
تا ئەو کاتەی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان پلانێکی تۆکمە بۆ گەیاندنی تیمە تەندروستییەکان و ئاوەدانکردنەوەی بنکەکان دانەنێن، ژنانی گوندەکانی گەرمیان دەبێت لە نێوان ئازارە تەندروستییەکان و رێگا دورەکانی شاردا، دەستەوەستانانە چاوەڕێ بن.
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵپۆلیسی گەرمیان: دەبێت شوێنکارەکان کامێرای چاودێرییان هەبێت و بەپێچەوانەوە روبەڕوی سزا دەبنەوە
-
-
هەواڵسبەی لە گەرمیان زەوی فەرمانبەران دابەشدەکرێت
-
-
هەواڵبەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان: ماوەی لێخۆشبونی غەرامە درێژکراوەتەوە
-
-
هەواڵژمارەیەک فەرمانبەری گەرمیان بەبێ خانەنشینی دەنێردرێنە ماڵەوە
-
-
هەواڵهاوڵاتیان رهخنه له بهمیوانخانهكردنى فهرمانگهكانى گهرمیان دهگرن
-
زۆرترین بینراوەکان