لە هۆڵی زانکۆوە بۆ نێو کێڵگەکان؛ ژمارەیەک دەرچوی زانکۆ دەستدەدەنە جوتیاریی
راپۆرت
02:13AM - 2026-07-13 , بینین : 113


رادیۆی دەنگ- زریان محەمەد

لەنێو کێڵگە کشتوکاڵییەکانی دەشتەکانی گەرمیان، تابلۆیەکی جیاواز دەبینرێت. لێرە گەنجانێک دەبینین کە رۆژانێک قەڵەمیان پێ بووە و ئێستا بێڵ.
ئەمانە ئەو دەرچوانەی گەرمیانن کە دوای تەواوکردنی زانکۆ، رویان لە جوتیاریی کردوە.


کاتێک ئابوری لە کێڵگەدا پیادە دەکرێت

سەردەشت حەسەن، گەنجێکی روخۆش بەڵام نائومێد، نمونەی یەکەمی ئەم چیرۆکەیە.
ئەو کە دەرچوی بەشی ئابورییە لە زانکۆی سلێمانی، لەبری ئەوەی لە بانکێک یان کۆمپانیایەکدا نەخشەی دارایی بکێشێت، ئێستا خەریکی چاندنی زەوییە لە گوندێکی گەرمیان.
سەردەشت بە دەنگێکی پڕ لە حەسرەتەوە دەڵێت: "نەبونی هەلی کار و دانەمەزراندن، رێگەیەکی تری بۆ جێنەهێشتین جگە لەوەی دەست بدەینە کاری کشتوکاڵی، بۆ ئەوەی بژێوی ژیانمان دابین بکەین".

ئەلفوبێی کشتوکاڵ لە جیاتی زمانی عەرەبی

چیرۆکەکە لێرە نەوەستاوە، پەیوەند حەسەن کە دەرچوی بەشی عەرەبییە لە زانکۆی گەرمیان، هاوسەنگەری سەردەشتە لەم خەباتە نوێیەدا.
پەیوەند پێیوایە حکومەت هەمو دەرچە و هیوایەکی بۆ دامەزراندن داخستوە، بۆیە ئەو ئێستا بەپێی وەرزەکان رەنگ بە کێڵگەکەی دەدات.
ئەو دەڵێت: بۆ ئەمساڵ خەریکی چاندن و بەرهەمهێنانی ترۆزی بوم.

ئامارە ونەکان و راستییە تاڵەکان

لە نێوان ئەم کێڵگانەدا، لایەنە پەیوەندیدارەکان تەنها وەک چاودێر ماونەتەوە.
شادیە حسێن، بەرێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی گەرمیان، ئاماژە بەوە دەکات کە هیچ داتایەکی وردیان لەبەردەست نییە سەبارەت بە ژمارەی ئەو گەنجانە، چونکە زۆربەیان لەسەر زەوی بەکرێگیراو کار دەکەن.
بەڵام ئەو راستییە ناشارێتەوە کە سوپایەک لە دەرچوانی زانکۆ ئێستا رویان لە کێڵگەکان کردوە.

جەنگێک بۆ ساغکردنەوەی بەرهەم

گەورەترین ئاستەنگی بەردەم ئەم جوتیارە نوێ و گەنجانە، تەنها ماندوبونی جەستەیی نییە، بەڵکو "بازاڕە".
سەردەشت و هاورێکانی گلەیی ئەوە دەکەن کە کاتێک بەرهەمەکانیان پێدەگات، بازاڕیان بۆ دابین ناکرێت و حکومەت پاڵپشتییان ناکات.
سەردەشت دەڵێت: حکومەت زەمینەسازیی بۆ فرۆشتنی بەرهەمەکانمان نەکردوە.
لەبەرامبەردا، بەرێوبەرایەتی کشتوکاڵ بەرگری لە خۆی دەکات.
شادییە حسێن، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەوان باجیان خستوەتە سەر بەرهەمی هاوردە و لە بازگەکانیشدا ئاسانکارییان بۆ جوتیاران کردوە تا بەرهەمەکانیان بگاتە بازاڕ.

خەونێک لە نێوان بڕوانامە و خاکدا

چیرۆکی سەردەشت و پەیوەند، تەنها چیرۆکی دو گەنج نییە، بەڵکو وێنەی نەوەیەکن کە لە نێوان خەونی بڕوانامە و واقیعی بژێویدا گیریان خواردوە.
ئەم گەنجانە بۆ ژیان دەست لە کار هەڵناگرن، بەڵام لەوە نیگەرانن کە لەو پسپۆڕێتییەدا کارناکەن کە تەواویان کردوە.