رادیۆی دەنگ- محەمەد مەحمود
لە شاری کەلاردا گەنجێک هەوڵدەدات رەهەندێکی دیکە بە سیمای ناوچەکەی ببەخشێت؛ رەهەندی رۆشنبیریی و ئاشتکردنەوەی گەنجان لەگەڵ کتێبدا.
نیاز کامەران، لەڕێگەی گروپێکی ڕۆشنبیرییەوە بەناوی "نەوای گەرمیان"، دەیەوێت ببێتە پەناگەیەک بۆ رۆشنبیریی.
دەسپێشخەرییەک لە دڵی بۆشاییەوە
نیاز کامەران، کە لە قوتابخانەیەکی ئەهلییدا مامۆستایە، لەساڵی ۲۰۲۳ بناغەی گروپەکەی دانا.
دەڵێت: "هۆکاری سەرەکی دروستبونی ئەم گروپە، بونی بۆشاییەکی رۆشنبیریی بوە لە کەلار؛ ئێمە لە سۆنگەی بەرپرسیارێتییەوە هاتینە مەیدان تا ئەو کەلێنە پڕ بکەینەوە".
کارەکانی ئەم گروپە تەنها لە چوارچێوەی کۆڕ و سیمیناردا نەماونەتەوە، بەڵکو بونەتە پردێک بۆ ناساندنی نوسەرانی گەرمیان و دەرەوەی ناوچەکە بە یەکتری.
نیاز و هاوڕێکانی دەیانەوێت ژینگەیەک فەراهەم بکەن کە تێیدا رێز لە ماندوبونی چەندین ساڵەی قەڵەمەکان بگیرێت.
زیاتر لە رۆشنبیری؛ رەخساندنی دەرفەت
گرنگی گروپی "نەوای گەرمیان" تەنها لە خوێندنەوەی کتێبدا کورت نابێتەوە، بەڵکو رەهەندێکی کۆمەڵایەتی و ئابوریی ناڕاستەوخۆشی وەرگرتوە.
بە وتەی نیاز کامەران، چالاکییەکانی ئەوان بوەتە ناوەندێک بۆ دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان گەنجان و رێکخراوە ناحکومییەکان، ئەمەش وایکردوە چەندین گەنج لەو رێگەیەوە هەلی کاریان بۆ بڕەخسێت.
وەکخۆی دەڵێت: "ناوەندەکان هەمیشە بەدوای مرۆڤی رۆشنبیر و چالاکدا دەگەڕێن."
گیرفانی بەتاڵ و ئیرادەی پۆڵایین
رێگەکە بۆ نیاز و گروپەکەی بێ ئالەنگاریی نییە. گەورەترینی ئەو ئالەنگارییانەش، نەبونی پاڵپشتی دارایی جێگیرە.
نیاز بە خەمێکی گەورەوە باس لەوە دەکات کە زۆربەی چالاکییەکان لەسەر گیرفانی خۆی یان بە هاوکاری کاتیی هەندێک ناوەند ئەنجام دەدرێن.
سەرەڕای ئەوەی نیاز دەیەوێت گەنجی دیکە بهێنێتە پێشەوە و پێگەی جێگریان پێ بدات، بەڵام سەرقاڵی گەنجان بە دابینکردنی بژێوی ژیان و کێشە مادییەکان، بوەتە بەربەست لەبەردەم خێراکردنی هەنگاوەکانی گروپەکە.
ئینتەرنێت؛ چەکێکی دو سەر
لە بارەی کاریگەری تەکنەلۆژیا لەسەر ئاستی خوێندنەوە و رۆشنبیریی گەنجان، نیاز کامەران دیدگایەکی هاوسەنگی هەیە.
ئەو پێیوایە ئینتەرنێت لە لایەکەوە خزمەتی گەورەی کردوە بۆ دەستکەوتنی سەرچاوە و کتێبی (PDF)، بەڵام لە لایەکی دیکەوە بوەتە هۆی دابڕانی بەشێکی زۆری خەڵک لە خوێندنەوەی قوڵ و سەرقاڵبونیان بە بابەتە لاوەکییەکانەوە.
چیرۆکی سەرکەوتنی گروپێک
"نەوای گەرمیان" چیرۆکی گروپێکی بێ پاڵپشتە، کە دەیەوێت لە رێگەی وشەوە گۆڕانکاری لە هۆشیاریی کۆمەڵگەدا بکات.
نیاز کامەران و هاوڕێکانی هێشتا لەسەر پێی خۆیان وەستاون، تەنها بەو ئومێدەی فەزای رۆشنبیریی سایەی بەسەر ناوچەکەیاندا بمێنێتەوە.
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵئاودێری گەرمیان: ئەگەر رێرەوی روباری سیروان فراوان نەکرێت پرۆژەکان روبەروی کارەسات دەبنەوە
-
-
هەواڵجگەرەکێشان لەنێو بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان قەدەغە کرا
-
-
راپۆرت"کاتێک خولیا دەبێتە بژێویی"؛ چیرۆکی جوانە محەمەد و نەمامگەکەی لە رزگاریی
-
-
هەواڵبەهۆی دیاریینەکردنی دیزاینەوە کارەکانی دروستکردنی کۆڕنیشی کەلار راگیراوە
-
-
هەواڵبەبێ گوێدانە بڕیارەکەی حکومەت قوتابخانە ناحکومییەکانی گەرمیان نمرەی خوێندکاران بڵاودەکەنەوە
-
زۆرترین بینراوەکان